سەرەکی » دۆسێ » سودانی باشوور: سەرلەنوێ‌ رێكەوتنی ئاگربەست پێشێل دەكرێت

لایەنە ناكۆكەكان دەكەونەوە وێزەی یەكتر

سودانی باشوور: سەرلەنوێ‌ رێكەوتنی ئاگربەست پێشێل دەكرێت

دوای تەنیا چەند كاتژمێرێك لە دەستپێكردنی، رێكەوتنی ئاگربەست لە سودانی باشوور پێشێل دەكرێت و ئۆپۆزسیۆنی چەكداریش لە وڵاتەكە، هێزە حكومییەكان بە پێێلكردنی ئاگربەستەكە تۆمەتبار دەكات.
لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2018، ئۆپۆزسیۆنی چەكدار لە سودانی باشوور، هێزە حكومییەكانی بە پێشێلكردنی ئەو رێكەوتنی ئاگربەستە تۆمەتبار كرد كە چەند كاتژمێرێكی بەسەریدا تێپەڕیبوو، وتەبێژی حكومەتیش یاخیبوانی بە دەستپێشخەریكردن لە هێرشەكاندا تۆمەتبار كرد.
یەكتر تۆمەتباركردنی ئۆپۆزسیۆنی چەكدار و حكومەت، ئاماژەیە بۆ سەرەتایەكی فشەڵی نوێترین هەوڵی كۆتایهێنان بەو جەنگەی ئەهلییەی كە 5 ساڵە لە سودانی باشوور بەردەوامە و بۆتە مایەی كوژرانی دەیان هەزار كەس و دروستكردنی زەبەلاحترین قەیرانی ئاوارەكان لەپاش كۆمەڵكوژییەكەی رواندا لە ساڵی 1994. ئەمەش لەكاتێكدایە نزیكەی چەندان ملیۆن كەس لە وڵاتەكەدا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.
سەرۆك سلڤا كیر و ریاك مشاری نەیاری كە پێشتر جێگری بوو، لە كۆتایی مانگی رابردوو لە سودانی دراوسێ‌ لەدوای یەكەم وتوێژی راستەوخۆی نێوانیان لەپاش نزیكەی دوو ساڵ، لەسەر ئاگربەست لە سودانی باشوور رێكەوتن. هەرردوولا لەو دەمەدا فەرمانیا كرد بە لایەنگرانیان چاودێریی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە بكەن.

پێشێلكردنی رێكەوتنەكە
لام پۆڵ گابرێڵ وتەبێژی ئۆپۆزسیۆن، ئاماژەی بە پێكداهەڵپژانی نێوان هێزە حكومییەكان و یاخیبوان كردبوو لە مبورۆ واو كاوتنی باكووری خۆرئاوای وڵاتەكە، ئەوەش وایكرد هێزی پشتیوانی بۆ ناوچەكە رەوانە بكرێت.
نێردەی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و چاودێرانی ئاگربەست داوای لێكۆڵینەوەیان كردبوو لە رووداوەكە، بە مافی ئۆپۆزسیۆنیشیان دانابوو بەرگری لە خۆی بكات.
نێردەی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو:»مایەی بێئومێدییە هێزەكانی حكومەت رێكەوتنی ئاگربەست پێشێل دەكەن، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە سلڤا كیر دەسەڵاتی بەسەر هێزەكەیدا نەبێت، یان خواستی لە ئاشتی نەبێت».
بەڵام ئەتنی ویك وتەبێژی حكومەتی سودانی باشوور، ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لە سەرەتاوە هێرش و پەلامارەكانی دەستپێكردووە و رایگەیاندبوو:»سەركردەكانیان زۆرن و لەژێر كۆنترۆڵی كەسدا نیین. پێویستە هەلێك بدرێتە گەلی سودان تا لە ژیانێكی ئاشتیدا بژی، سوپا چاوەڕوانی جێبەجێكردنی فەرمانەكانی سەرۆكە. ئەوەی روویدا مایەی نیگەرانییەكی زۆرە».
لە مانگی كانوونی یەكەمی رابرووشدا رێكەوتنێكی ئاگربەست ئیمزا كرا، ئەو رێكەوتنەش لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا پێشێلكرا، ئەوەش وای لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی كرد، هەڕەشەی سەپاندنی سزا بكات بەسەر ئەو لایەنەی ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی ئاشتیدا دروست دەكات.
گەر شەڕی نێوانیان رانەگرن و نەگەنە رێكەوتنێكی سیاسی، ئەگەر هەیە كڕینی چەك لە كیر و مشار قەدەغەبكرێت.

یەكێتی ئەفریقا هەڕەشە دەكات
موسا فەقێ‌ سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەفریقا، هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی توندی كردبوو لە دژی دوو لایەنە ناكۆكەكەی سودان باشوور كە «رێزییان لە بەڵێننامەكانی نێوانیان ناگرن».
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئاشتی یەكێتی ئەفریقا لە نواكشۆت كە پێش لوتكەی یەكێتی ئەفریقا سازكرا، فەقێ‌ رایگەیاندبوو:»رەوشی سودانی باشوور مەترسیدارە، دۆخی مرۆیی و ئەمنییش تا دێت ئاڵۆز دەبێت..لایەنە ناكۆكەكانی سودان باشوور لەسەر ئەوە راهاتوون رێز لە بەڵێننامەكانی نێوانیان نەگرن. لەكاتێكدا هەوڵەكان بۆ بێدەنگكردنی چەكەكان دەدەین، دۆخی سودانی باشوور دەگاتە ئاستێكی زۆر نەخوازراو. ئەنجامدانی تاوانەكان لەوێ‌ بۆتە كارێكی ئاسایی. كاتی ئەوە هاتوو بكەوینە خۆمان و بەرپرسیارێتییەكان لەئەستۆ بگرین».
بە گوتەی فەقێ‌»چەندان رێكەوتن بە مردوویی لەداكیبوون، دواینیان ئەو رێكەوتنە بوو كە لەنێوان سلڤا كیر و ریاك مشاری نەیاری ئیمزا كرا، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك رێكەوتنەكە پێشێل كرا».
سەرۆكی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەفریقا بەپێویستی دەزانێت، «پەیامێكی روون رەوانەی هەردوو لایەنە ناكۆكەكە بكرێت و پابەند بكرێن بە رێزگرتن لە بەڵێننامەكان. پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش و ئاشتی هەڵوێستێكی توند بۆ سەپاندی رێوشوێنەكانی بگرێتەبەر»، خواستی دەزگای حكومی بۆ گەشەپێدان (ئیگاد) و ئەنجومەنی ئاسایش و ئاشتی خستبووە ڕوو بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر لایەنە ناكۆكەكانی سودانی باشوور.

ئاگربەستی هەمیشەیی !
لە 29ی حوزەیرانی رابردوو، بەرپرسێك لە كۆشكی سەرۆكایەتی دەوڵەتی سودانی باشوور، رایگەیاند»سلڤا كیر میاردیت سەرۆكی وڵات، ئاگربەستی هەمیشەیی لە هەموو خاكی وڵاتدا راگەیاندووە، رێكەوتنەكەش لە 30 حوزەیرانەوە جێبەجێدەكرێت».
ئەتینگ ویك ئەتینگ لە 29ی حوزەیرانی 2018 لە لێدوانێكی كورتدا بە ئاژانسی (سپۆتنیك)ی روسی راگەیاندبوو»سەرۆكی سودانی باشوور،ئاگربەستی لە هەموو وڵاتدا لە 30 حوزەیرانەوە راگەیاند».
بەپێی فەرمانێكی سەرۆكایەتیش كە لەسەرلەئێوارەی هەمان رۆژدا لەڕێی تەلەفیزیۆنی حكومی سودانی باشوورەوە پەخشكرا»سلڤا كیر میاردیت سەرۆكی سودانی باشوور، ئاگربەستی هەمیشەیی لە هەموو ناوچەكانی سودانی باشووردا راگەیاند و ئاگربەستەكەش لە 30ی حوزەیرانەوە تا كاتێكی نادیار بەردەوام دەبێت».
هەروەها لە فەرمانە سەرۆكایەتییەكەدا هاتبوو»سەرۆك سلڤا كیر داوای لە سوپای میللی رزگاریخوازیی سودان كردووە، بەئاگابن و لە پێگەی بەرگریدابن، مافی ئەوەیاشیان دەبێت بەرگری لە خۆیان بكەن. فەرمانیش بە فەرماندەی سوپای میللی كرا بەبێ‌ هیچ رێگرییەك، رێگە بە گەیشتنی یارمەتییە فریاگوزارییەكان بدەن بۆ ناوچە بەئامانجكراوەكان».
لە 28ی حوزەیرانی 2018، دەردیری محەمەد ئەحمەد وەزیری دەرەوەی سودان رایگەیاندبوو، لایەنە ناكۆكەكانی سودانی باشوور گەیشتنە ئاگربەستی هەمیشەیی، رێكەوتنەكەش لەماوەی 72 كاتژمێردا جێبەجێدەكرێت.
لە 27ی حوزەیرانی 2018، لانە بەشەڕهاتووەكان لە سودانی باشوور، دانیشتن و دانوستانەكانیان دەستپێكرد بۆ گەیشتن بە رێكەوتنی ئاگربەست و كۆتاییهێنان بەو ناكۆكییە چەكدارییەی كە لە كۆتایی 2013وە لە وڵاتەكەدا دەستپێكردووە.
سودان لەجیابوونەوەی سودانی باشووردا، سود لە باجی گواستنەوەی ئەو نەوتەی سودانی باشوور وەردەگرێت كە لەڕێی خاكەكەیەوە هەناردە دەكرێت.
سودانی باشوور لەڕێی ریفراندۆمێكی میللییەوە بۆ دیاریكردنی چارەنوسی خۆی، لە ساڵی 2011دا لە سودان جیابۆوە.
دوای جیابوونەوەی باشووری سودان، سوپای میللی سەر بە حكومەتی باشووری سودان بۆ ماوەیەك دەستی گرت بەسەر شاری هەجلیجی دەوڵەمەند بە نەوت، دواتر سوپای سودان توانی شارەكە لە چنگی سوپای میللی دەربهێنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

توركیا سوورە لەسەر ئاشكراكردنی چارەنووسی تەرمەكەی خاشقچی

توركیا ئاماژە بە رادەستكردنی تۆماركراوەكانی تایبەت بە كوژرانی جەمال خاشقچی ...