سەرەکی » ئابووری » قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ توركیاو ئێران

قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ توركیاو ئێران

لەساڵی ٢٠١٣ەوە تا سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ، ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبیل لەڕێگەی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیاو ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.

رەوشی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان بەراورد بەپار باشترە
نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ، لەبارەی رەوشی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، باشتر بووەو بەرەو گەشەكردن دەچێت، ئەو دەڵێت: «رەوشی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان ئەمساڵ بە بەراورد بە پار ساڵ ٢٠١٧ باشترە، هەرێمی كوردستان وەكو سەنتەرێكی بازرگانییە بۆ گشت عیراق، بە نموونە ئەگەر تەماشای هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بكەین‌و بەراوردێك لەنێوان ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بكەین دەبینین كە بەڕێژەی سەد لەسەد رێژەكە زیادی كردووە».
هەناردەی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق دەكرێن
ئەوەشی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانە هەمووی لە هەرێمی كوردستان نامێنێتەوەو هەناردەی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق دەكرێن، چونكە لەو ناوچانە بازاڕەكە زیاتر و باشترە.
وتیشی:»هەرێمی كوردستان دۆخێكی ئابووری‌و دارایی سەختی هەیە، بەڵام باری ئابووری خەڵكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراق لە چەند ساڵی رابردوو واتە لە ٢٠١٤ تا ئەمساڵ باشترە لەدۆخی دارایی خەڵك لە هەرێمی كوردستان، چونكە حكومەتی عیراق پشكی هەرێمی كوردستان بە شێوەی رێكوپێك نانێرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەكان دەست پێبكەنەوە كە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهەزاران پڕۆژە هەیەو راوەستاون».

١٢ ملیار دۆلار
سەبارەت بە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیاو ئێران، نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیا گەشەی بەخۆوە بینیوەو پێشبینی دەكەین كە لە ئەمساڵدا ئەو ئاڵوگۆڕە بگاتە نزیك بە ١٢ ملیار دۆلار، ئەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەش تەنها بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو رێژەی ٧٥ لەسەدی ئەو كاڵایانەی لە توركیاوە دێنە ناو هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراق دەڕوات‌و تەنها رێژەی ٢٥ لەسەدی ئەو كاڵایانە لە سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و دانیشتوانەكەیەتی، ئەم رێژەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران‌و هەرێمی كوردستانیش هەمان رێژەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرمایەگوزاریی مرۆیی

فەیسەل عەلی* باشترین یەكەم خۆراك بۆ منداڵ، كە لێوەی خۆراكی ...