د.لوقمان ره‌ئوف
(1)
پێشه‌كی
شێركۆ بێكه‌س له (2/5/1940) له گه‌ڕه‌كی گۆیژه (گاوران)ی شاری سلێمانی له دایكبووه، خاوه‌نی (47) به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیه، (44) دیوانه شیعر و(2) كاری وه‌رگێڕان و (1) چیرۆكی منداڵان، رۆژی 17/4/2013 بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ژێكانی، چووه‌وه بۆ سوید، پاش مانه‌وه‌ی سێ مانگ و(18) رۆژ، رۆژی 4/8/2013 كاتژمێر (4.10) له سوید به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی قوڕگ كۆچی دوایی كرد(1) و یه‌كێكه له شاعیره هه‌ره دیاره‌كانی شیعری نوێی كوردی به‌گشتی و رابه‌ری شیعری هاوچه‌رخ به‌تایبه‌تی، به‌و مانایه‌ی كه شێركۆ له قۆناغی شیعرنووسیندا، توانیویه‌تی رێره‌و و میتۆدێكی نوی و تایبه‌ت به‌خۆی بنیادبنێت، هه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ش وایكرد، شێركۆ ببێته ئهسێرهیهكی دره‌وشاوه‌ی شیعری هاوچه‌رخی كوردی(2) .
شێركۆ تاكه شاعیری كورده كه به‌وردی و مه‌به‌سته‌وه كاری له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و به‌كارهێنانه‌وه‌ی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی له ده‌قی شیعرییدا كردبێـت، یاخود شیعر بكاته فه‌رهه‌نگی شیعریی، له‌ڕاستیدا ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی شاعیر سێ هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌بووه:
یه‌كه‌م: دایكی كه هه‌ر له قۆناغی منداڵییه‌وه و له كاتی خه‌واندنی شاعیردا، شه‌وانه چیرۆك و بابه‌تی فۆلكلۆری بۆ گێڕاوه‌ته‌وه، به‌مه‌ش زانیارییه‌كی باشی له‌سه‌ر وشه‌ی كوردی په‌تی و فه‌رهه‌نگی هه‌بووه(3).
دووه‌م: خودی شاعیر خوێنه‌رێكی باشی فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌كان بووه، به‌شێوازێك وایلێكردوه زۆربه‌ی جار خودی وشه‌كان وه‌ك خۆیان و بۆ مه‌به‌سته دیاریكراوه‌كه‌ی ناو فه‌رهه‌نگ به‌كاربهێنێته‌وه(4).
سێیه‌م: كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری شاعیره بیانییه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌حمه‌دی شاملو، چونكه زۆر به‌وردی كاری له‌سه‌ر به‌كارهێنانه‌وه‌ی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی له شیعردا كردووه.
كه‌واته ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی شاعیر له‌وه‌وه‌یه، كه دوای قاڵبوونه‌وه و كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری ئه‌م سێ سه‌رچاوه‌یه‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی له شیعردا ناوه، چونكه قۆناغی یه‌كه‌می شیعری شاعیر به‌دوور بووه له به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی، بۆیه له‌و قۆناغه‌ی كه شاعیر هه‌ستی به‌گرنگی ئه‌م بابه‌ته كردووه، گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه و له هه‌مووشیان گرنگتر، گه‌ڕانه‌وه بووه بۆ شاملو، به‌ڵام گرنگترین هۆكار بۆ خۆشه‌ویستبوون و كاریگه‌ربوون به وشه‌ی فه‌رهه‌نگی، دایكی بووه، هه‌ر ئه‌میش وایلێكردووه فه‌رهه‌نگ بخوێنێته‌وه.
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه پێكهاتووه له دوو به‌ش:
به‌شی یه‌كه‌م باسكردنه له چه‌مك و پێناسه‌ی وشه و فه‌رهه‌نگ و وشه‌ی فه‌رهه‌نگی، له‌گه‌ڵ باسكردن له مێژووی به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی له شیعردا، دواتر گرنگی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی خراوه‌ته‌ڕوو.
به‌شی دووه‌م تایبه‌تكراوه به‌و وشه فه‌رهه‌نگییانه‌ی كه شاعیر به‌كاریهێناون، له‌گه‌ڵ ئه‌و وشانه‌ی كه وه‌ك زانیاری خراونه‌ته‌ڕوو، بۆ به‌رچاوڕوونی خوێنه‌ر، له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی داتای پێویست بۆ وشه‌كان و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێك له وشه فه‌رهه‌نگییه‌كان و ده‌رخستی رۆڵیان له ده‌قه‌كه‌دا.
هۆی هه‌ڵبژاردنی بابه‌ت:
-1 له‌به‌رئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا كار له‌سه‌ر وشه‌ی فه‌رهه‌نگی له ده‌قی شیعرییدا نه‌كراوه.
-2 به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی زۆر و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر شوناسی شاعیر.
میتۆدیی لێكۆڵینه‌وه‌كه:
-به‌و پێیه‌ی سروشتی لێكۆڵینه‌وه‌كه پشتی به ئامار و لێكدانه‌وه به‌ستووه، بۆیه میتۆدی ئاماری و لێكدانه‌وه‌یی به‌كارهێنراوه.
چه‌مك و پێناسه‌ی وشه:
وشه بریتییه له سه‌ره‌تاو بوون و بنچینه‌ی زمان، به‌ده‌ر له‌مه‌ش گوزارشت له به‌هاو گرنگی خۆی له چوارچێوه‌ی خۆیدا ده‌كات، جگه‌له‌مه‌ش مه‌به‌ست و خواسته رۆحییه‌كانی مرۆڤ به‌گشتی و شاعیران و نووسه‌ران به‌تایبه‌تی ده‌پارێزێت، یاخود وشه بنچینه‌ی رسته‌و زمانه، بۆیه» ده‌ربڕاوی داله به مانا تاكییهكهی(5)»
وشه لای زانای زمانه‌وانی ئه‌مریكی (بلوم فیلد Bloom Field)بریتییه له بچووكترین داڕێژاوی ئازاد، به‌ڵام لای (ماپیسیس Mathesius) بچووكترین یه‌كه‌ی ده‌نگییه و ناتوانرێت به‌یه‌كه‌ی تره‌وه په‌یوه‌ستبكرێت، لای (ترنكا Trnka) بریتییه له یه‌كه‌یه‌ك، كه ده‌توانرێت له رێگه‌ی ده‌نگه‌كانه‌وه هه‌ستیپێبكرێت و شیاوی گۆڕینه و كارنامه‌ی سیمانتیكی هه‌یه(6). راسته وشه ده‌نگی دالێكه بۆ مانایه‌ك، به‌ڵام ماناكان له چوارچێوه‌ی یه‌ك دالیدا قه‌تیس ناكرێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ره‌خنه‌ی كۆندا ده‌خرایه‌ڕوو، چونكه ساده‌ترین روانین»وشه‌كان (وه‌ك هه‌موو سیمبول و په‌یوه‌ندییه‌كان) دوو وێنه‌ی له بووندا هه‌یه، بوونێكی هێزی و بوونێكی كاره‌كی، هه‌ر وشه‌یه‌كیش كه ده‌رده‌بڕێت، یان ده‌بیسترێت، كۆمه‌ڵێك جێگهوته و كاریگه‌ری له بیری قسكهكهر و بیسه‌ردا به‌جێده‌هێلێت»(7) ، به‌م پێیه‌ش بێت به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه هه‌موو وشه‌یه‌ك هه‌ڵگری مانایه‌كه، واته «په‌یوه‌ندێكی ئاسایی و سه‌ره‌تایی له نێوان وشه‌كه و ماناكه‌یدا هه‌یه،كه بریتییه له په‌یوه‌ندێكی راسته‌وخۆ و روون له ئاسان و ئاسایی‌ترین هه‌ڵوێستدا، واته دالێك یه‌كسانه به مه‌دلوولێك»(8)، ئه‌مه‌ش هه‌مان تێڕوانینه‌كه‌ی دی سۆسێره، كه‌واته وشه‌كان یه‌ك نوێنراویان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ڵگری چه‌ندین لێكدراوهن، به‌مانایه‌كی تر مه‌رج نییه هه‌موو كاتێك ته‌نها خودی وشه‌كه، هه‌ڵگری ماناكه بێت، چونكه»كۆنتێكست به‌ته‌نها ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه، كه وشه‌كه گوزارشت له مانایه‌كی بابه‌تی په‌تیی ده‌كات، یان سۆزی و هه‌ڵچوونی»(9) هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه «مانا گرفتی سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه له زانستی زماندا»(10) به‌و مانایه‌ی پێویسته له كاتی لێكدانه‌وه‌ی وشه‌كان بۆ ماناكان، كار له‌سه‌ر ته‌واوی وشه‌كان له كۆنتێكستهكاندا بكرێت، بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر مانا سه‌ره‌كی و مه‌به‌ستداره‌كه‌ی ئه‌و كۆنتێكسته.
هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه، تاوه‌كو ئێستا له مه‌سه‌له‌ی زمان و مانای وشه‌دا له سێ روانگه‌وه لێیبڕوانرێت»مانای زمانه‌وانی(Linquistic semantics)، مانای فه‌لسه‌فی (Philosophical semantics) مانای گشتی (11)
(General semantics ) كه‌واته وشه‌كان هه‌ڵگری مانا بیرییهكانن و ئه‌م مانا بیریانهش چه‌ندێك زۆر بن، ئه‌وا مهدلوولهكانیان فراوان ده‌بن، تاوه‌كو ئه‌م مانا بیریانهش فراوانتر بن، لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه شیعریه‌كان به‌هێزترو فراوانترده‌بن، هانابردنی شێركۆ بێكه‌س-یش بۆ وشه‌ی فه‌رهه‌نگی، مه‌به‌ستی بووه به كه‌مترین ده‌ربڕاو، زۆرترین مانا‌و لێكدانه‌وه ببه‌خشێت، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی بووه وشه فه‌رهه‌نگییه‌كان له رێگه‌ی ماناكانییانهوه، جارێكی دیكی رۆڵی خۆیان له ده‌قدا پێببه‌خشێته‌وه.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وشه:
به‌گشتی وشه خاوه‌ن چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كه، له‌وانه:
1-خستنه‌ڕووی په‌یوه‌ندییه‌كان.
-2 یه‌كه‌یه‌كی گرنگی پێكهاته‌ی زمانه (ده‌نگ، وشه، رسته‌سازی).
-3بنیادنانی رسته‌و زمان.
كارنامه‌ی ده‌نگی و رێزمانی هه‌یه و به‌هۆیه‌وه گوزارشت له شته‌كان ده‌كرێت، به‌مه‌ش هۆكاری په‌یوه‌ندی و گه‌یاندنی بیره‌كانه، له‌م باره‌وه د. حلمی خلیل ده‌ڵێت» وشه له كۆمه‌ڵێك یه‌كه‌ی ده‌نگی پێكهاتووه كه به‌ڕێگه‌یه‌كی دیاریكراو دانراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته نوێنراوی شته به‌رجه‌سته‌یی و بیره په‌تییه‌كان(12).
چه‌مك و پێناسه‌ی فه‌رهه‌نگ
فه‌رهه‌نگ ئامرازێكه بۆ كردنه‌وه‌ی وشه‌كانی زمان، هه‌ر له كۆنه‌وه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، یاخود ئه‌و ئامرازه‌یه، كه وشه مانا هه‌ڵگره فراوانه‌كان له خۆدا كۆده‌كاته‌وه و له له‌ناوچوون ده‌یانپارێزێت و له ژیاندا به‌رده‌وامی پێده‌به‌خشێت.
گرنگی فه‌رهه‌نگ ئه‌وكاتانه ده‌رده‌كه‌وێت، كه كه‌سێك شتێك، یان بابه‌تێك به زمانێكی تر ده‌خوێنێته‌وه، یان له زمانی خۆیدا ده‌خوێنێته‌وه، له هه‌ندێك وشه‌ی ناگات، یان رووبه‌ڕووی چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه، كه ماناكه‌یان نازانێت، یان لێیان تێناگات، ئه‌و كاته نرخ و به‌های فه‌رهه‌نگی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌بێته كلیلی تێگه‌یشتن، یان كردنه‌وه‌ی مانای ئه‌و ده‌قه، به‌مه‌ش فه‌رهه‌نگ ده‌بێته ده‌ریای ماناكانی زمان.
فه‌رهه‌نگ ده‌بێته دوو جۆر: ئه‌و وشانه‌ی كه له زمانه‌كه‌دا مانایه‌كی بنچینه‌ییان هه‌یه و له عه‌ره‌بییدا پێیانده‌وترێت (معجم) و له كوردیشدا ده‌شێ مانای (ناڕوون)ی بۆ به‌كاربهێنرێت.
جۆری دووه‌م: فه‌رهه‌نگ وه‌رگێڕانی وشه‌یه‌كه له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر، ئه‌م جۆره‌یان شێركۆ كه‌متر به‌كاریهێناوه، به‌ڵام له نێوان زاره‌كانی زمانی كوردیدا به‌كاریهێناوه، واته وشه‌ی زاره‌كانی تری به‌كارهێناوه.
ئه‌گه‌رچی فه‌رهه‌نگ له‌ڕابردودا له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كان و دواتر به كتێب نووسراون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ تۆڕی ئهلكترۆرنی كاره‌كانی ئاسانتر و فراوانتركردووه و په‌یوه‌ندی و بهكارهێنانهكانیشی چالاك كردووه.
پێناسه‌ی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی
به‌بڕوای كۆدۆن» وشه‌ی فه‌رهه‌نگی (denotation) سنووردارترین و ساده‌ترین مانای وشه‌یه، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزمان چییه سه‌باره‌ت پێی یان ئه‌و پێشنیاز و مانا شاراوانه‌ی كه هه‌یه‌تی»(13) به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه بێت وشه‌ی فه‌رهه‌نگی ئاماژه‌یه به‌و مانایه‌ی كه وشه‌یه‌ك له فه‌رهه‌نگدا باسكراوه، بێئه‌وه‌ی مانا ئه‌ده‌بی و كلتورییه‌كانی پێوهلكابێت.
وشه‌ی فه‌رهه‌نگی به‌پێی ئینسایكلۆپیدیای پرینستۆنی»ماناڕووكهشی و ئاشكراكه‌ی وشه‌یه، یان ئه‌وه‌یه كه له فه‌رهه‌نگدا دیاركراوه.» وشه‌ی فه‌رهه‌نگی پێچه‌وانه‌ی (connotation) ه كه به‌مانای ئه‌و زیاده چه‌مكانه دێت كه به‌سه‌ر وشه‌یه‌كدا دابڕاون. بۆ نموونه «دڵ» مانا فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی، واته ئه‌و ئۆرگانه‌ی كه له له‌شی گیانلهبهراندایه و خوێن بۆ به‌شه‌كانی جه‌سته ده‌گوازێته‌وه، به‌ڵام به مانا ئه‌ده‌بیه‌كه‌ی، ره‌نگه مانای هه‌ستی خۆشه‌ویستی، یان ئازار بگه‌یه‌نێت، بۆیه كاتێك ده‌ڵێین وشه‌ی فه‌رهه‌نگی ئه‌وا ئه‌و وشه‌یه به‌ته‌واوی داماڵراوه له‌و هه‌ست و سۆز و بیروبۆچوون و چه‌مكانه‌ی، كه وشه‌یه‌ك له به‌كارهێناندا هه‌ڵیده‌گرێت و ته‌نها مه‌به‌ست لێی وه‌رگێڕانی ڕه‌مزه‌كانه بۆ مانا به‌رجه‌سته‌كان، به‌واتایه‌كی تر، مانای به‌رجه‌سته و دیاریكراوی وشه‌یه‌ك له فه‌رهه‌نگی زماندا ده‌گرێته‌وه»(14) كه‌واته وشه فه‌رهه‌نگییه‌كان ئه‌و وشانهنكه ماناكانیان له سایكرۆنی زماندا ناڕوون و پێویستیان به وشه‌ی هاوواتا، یان مهدلوولهكانیان هه‌یه، له‌پێناو تێگه‌یشتن له مانا فراوانه‌كه‌ی ده‌قه‌كه.
به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی:
به‌گشتی كاركردن له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و وشه‌ی فه‌رهه‌نگی، به‌شێكی دانه‌بڕاوه له شیعر و هه‌ر له‌كۆنه‌وه هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و كاتانه‌ی فه‌رهه‌نگ بووه به‌شێك له پێكهاته‌ی رۆشنبیری، ئیدی كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر كۆی تێكسته‌كان به‌جێهێشت، به‌گشتی دیارترین شاعیر كه كاری له‌سه‌ر به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی كردبێت شكسپیره، له‌مباره‌یه‌وه دیڤد كریستاڵ ده‌ڵێت» له كاره‌كانی شكسپیردا ده‌توانرێت چه‌ندین وشه بدۆزرێته‌وه، كه بۆ سه‌رده‌می خۆشی هه‌ر ئاركایزم بوون، وه‌ك (iwis) كه له ئینگلیزی نوێ‌دا به مانای (indeed)دێت(15)»
هه‌روه‌ها دیڤد كریستاڵ ده‌ڵێت» شكسپیر یه‌كێكه لهوشاعیر و درامانووسانهی ئینگلیز، كه زۆرترین وشه‌ی كۆنی فه‌رهه‌نگی له شانۆ و سۆنێتهكانیدا به‌كارهێناوه، كاتێك له‌و وشانه ده‌كۆڵینه‌وه، كه له سه‌رده‌می شكسپیر دا به‌كارهاتوون، ده‌بێت بزانین ئه‌و زمانه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌رووی زمانه‌وانییه‌وه هه‌مووی له‌یه‌ك ده‌چێت، به‌ڵام له ئێستا ده‌بینین هه‌ندێك وشه‌ی نوێیه، هه‌ندێك كۆنه، هه‌ندێكیشی له ئێستادا به‌كاردێن، ئه‌و وشانه‌ی كه ئێستا به‌كارنایه‌ن، وشه‌ی ئاركایزمین، واته فه‌رهه‌نگین»(16) .
مایكڵ جه‌ی كهمینگس له ساڵی 2005دا هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی كۆكردۆهتهوه كه شكسپیر له‌كاتی خۆیدا به‌كاریهێناون و ئاركایزمن و به‌گشتی نزیكه‌ی (400) وشه‌ی دیاریكردووه»(17)
له ئه‌ده‌بیاتی ئێرانیشدا شاملو یه‌كێكه له شاعیره ناوداره‌كانی شیعری هاوچه‌رخی ئێران، جگه‌له‌مه‌ش ئه‌مڕۆ ناوی ئه‌م شاعیر و لێكۆڵه‌ر و وه‌رگێڕه به‌توانایه له‌لای فارسه‌كان، به‌پیرۆز سه‌یر ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك توانستی شیعری خۆی سه‌لماندووه، له‌لایه‌كی تره‌وه فه‌رهه‌نگ و زمانی ئاوێتهكردووه، یه‌كێكه له‌و شاعیره دیارانه‌ی فارس، كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر‌و به وردی كاری له فه‌رهه‌نگ و به‌كارهێنانه‌وه‌ی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی له شیعردا كردووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه، كه شیعره‌كانی پێویستیان به له‌سه‌روه‌ستان و لێكدانه‌وه‌ی مانا‌و روونكردنه‌وه‌ی وشه فه‌رهه‌نگییه‌كان هه‌یه، چونكه»به‌رهه‌مه‌كانی شاملو له‌باره‌ی به‌رفراوانی مانا‌و وشه‌ی نه‌ناسراو، چ كۆن، چ نوێ و هاوچه‌رخ، یان به‌كارهێنانی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی له شیعری هاوچه‌رخی ئێران‌دا بێهاوتایه»(18)، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ش به‌هه‌مان شێوه بۆ شێركۆ بێكه‌س لای ئێمه‌ی كورد دروسته، بۆیه هه‌ردووكیان له‌ڕووی میكانیزمی كاركردنه‌وه هاوبه‌شیان زۆره، به‌ڵام شێركۆ بێكه‌س كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ری شاملووه.
گرنگی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی له ده‌قی شیعرییدا
به‌گشتی هه‌موو وشه‌یه‌ك رۆڵ و پێگه‌ی خۆی هه‌یه له ده‌قی شیعرییدا، به‌ڵام وشه فه‌رهه‌نگییه‌كان رۆڵ و ئه‌ركیان زیاتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی وشه‌ی فه‌رهه‌نگی:
-1به‌رفراوانكردنی لێكدانه‌وه‌ی مانای وشه‌كان و دواجاریش به مهدلوولكردنی ده‌قه‌كه.
-2پاراستنی وشه كوردییه په‌تییه‌كان و به‌خشینه‌وه‌ی هێزی مانا به وشه‌كان.
-3به‌هێزكردنی مه‌دلوول و بنه‌مای وێنه شیعرییه‌كه و وێنای روانینی خوێنه‌ر له‌سه‌ری.
-4به‌جێهێشتنی جێكه‌وته‌ی پۆزه‌تیڤ له بیر‌و زهنی خوێنه‌ردا.
-5به‌هێزكردنی كۆنتێكستی دێڕه شیعرییه‌كه.
-6ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زمانی شیعریی.
-7كرانه‌وه‌ی ئاسۆی بیری خوێنه‌ر له به‌رامبه‌ر لێكدانه‌وه و راڤه‌ی ده‌قه شیعرییهكدا.
-8به‌خشینی مانایه‌كی زۆر به كه‌مترین كه‌ره‌سته و ده‌ربڕاو.
پەراوێزەکان:
-1د. لوقمان ره‌ئوف بایۆگرافیای شێركۆ بێكه‌س، گۆڤاری (باران)، ژ(1) ئایاری 2016، ل98
-2لوقمان ره‌ئوف، سیماكانی پۆستمۆدێرنه له شیعره‌كانی شیركۆبێكهسدا، سلێمانی،2011، ل13
-3لوقمان ره‌ئوف، بنه‌ماكانی مۆدێرنه له شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌سدا، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م،2019، ل24
-4لوقمان ره‌ئوف، بنه‌ماكانی مۆدێرنه له شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌سدا، ل49
-5:الكتاب لسیبویة 1/12، انظر حاشیة(61)، من حواشی الفصل الثالث
-6د حسن جمعة، فـی جمالـیة الكلمــة، اتحاد الكتاب العرب، دمشق، 2002،ص22
-7ستیڤن اولمان، دور الكلمة فی اللغة، ت: د. كمال محمد بشیر، مكتبةالشباب، اسماعیلیة، 1975،ص31
-8ستیڤن اولمان، دور الكلمة فی اللغة، 74
-9ستیڤن اولمان، دور الكلمة فی اللغة، ص60
-10ستیڤن اولمان، دور الكلمة فی اللغة، 64
-11ستیڤن اولمان، دور الكلمة فی اللغة، ص13
-12 منیر سلطان، بلاغة الكلمة والجملة والجمل، منشاة المعارف،1998،ص27.
-13 J. A. Cuddon, The Penguin Dictionary of Literary Terms and Literary Theory, (Penguin:1976)p. 215
-14 Roland Green et al, The Princeton Encyclopedia of Poetry and Poetics, (Princeton: 2012)p. 298
-15 David Crystal, Think on My words: Exploring Shakespeare. (Cambridge: 2008) p.159-60
-16 David Crystal, Think on My words: Exploring Shakespeare. p. 60
-17 Shakespeare Archaism and other old and Unfamiliar words and Phrases that occur in Shakespeare. www.shakespear studyguides.com
-18 جلال عباسی، ره‌نگ شعر شاملو (واژهها، كنایهها، استعارهها،نمادها، تهران،1388،ص12