سەرەکی » زانست » دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟

دانانی بۆیلەری ژێر حەمام گونجاوە؟

زۆر گەڕام لە ئینتەرنیت بە دوای وێنەیەكی بۆیلەرێكی ئەرزی بدۆزمەوە بەڵام دەستم نەكەوت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگێڕمەوە كە ئەم شێوازی دانانی بۆیلەرەی كە لەناو زۆربەی حەمامەكانی ناو وڵاتی ئێمەدا هەیە، بە بێ بوونی هیچ زانیارییەك لە سەری هاووڵاتیان ئەم بۆیلەرانە دادەنێن، لە هیچ كۆد و ستاندارد ‌و زانستێكدا بابەتێكی گرنگی پێنەدراوە و پێمخۆش بوو كە باسێكی كورت لەسەری بكەم.
ئەم بۆیلەرانە زیاتر لە تانكییەكی ئاو دەچێت و هیتەرێك یاخود چەند هیتەرێكی تێدا دادەنرێت تا ئاوی ناو تانكییەكە گەرم بكات، ئەمە جگە لەوەی تەنفیزێكی پێوەدادەنرێت كە زیاتر بۆ ئەوەیە كە بۆیلەرەكە نەتەقێت.
ئەم بۆیلەرانە لە چەند روویەكەوە نەگونجاوە لەوانەش:
١. بۆیلەرە ئەرزییەكان ڕاستەوخۆ لەژێر كاشی دادەنرێن و ئەمەش وادەكات لەوانەیە هەندێك جار تا زیانگەیاندن بە هۆی بەرزی پلەی گەرمییەكەیەیەوە.
٢. لە هیچ كۆد و ستانداردێكدا باسی بوونی بۆیلەری لەم شێوەیە نەكراوە، ئەگەر گونجاو بووایە جێگای دەكرایەوە.
٣. بە هیچ شێوەیەك گونجاو نییە كە بۆیلەرێك بخەیتە ژێر سیرامیكی حەمامێكەوە و لە كاتێكدا هاووڵاتیان حەمامەكان بەكاردەهێنن، لە كاتی روودانی تەقینی بۆیلەرەكاندا زیانی یەكجار گەورە دەدات لە شوێنەكە و زۆر كات زیانی گیانیشی بە دوادا دێت.
٤. ئەم تانكیانە لۆكاڵین و لە كاتی دروستكردنیاندا بە هیچ تێستێكدا نابرێت تا دڵنیابیت لەوەی كە ناتەقێت، بۆیە ئەمەش وادەكات بە گومانەوە لە دانانی بۆیلەرەكان بڕوانیت.
٥. لە كاتی زۆر گەرمبوونیدا و دەرنەچوونی تەنفیزەكەی سەرەتا تانكییەكە بە رووی سەرەوەیدا قۆقز دەبێت و ڕووی سیرامیكی ناو حەمامەكە ناشرین دەكات و سیرامیكەكان هەڵدەوەشێنێت، چونكە ئاو لە نزیكی ١٠٠ پلەدا بە رێژەی ٣٪ ی قەبارەی خۆی زیاد دەكات و ئەگەر شتێكی واتان بینی مانای وایە بۆیلەرەكەتان زۆر گەرمبووە و تەنفیزەكەی دەرنەچووە.
قسە و باسێكی زۆریش هەیە لەسەر ئەوەی هاووڵاتیان وایان بیستووە كە ئەگەر بوستەر پەمپ بۆ ماڵێك دابنێیت كە بۆیلەری ئەرزیان هەبێت ئەوا بۆیلەرەكە ئەتەقێت، لە راستیدا ئەم قسە و باسە هیچ دروست نییە و بوستەر هیچ پەیوەندیەكی نییە بە تەقینی بۆیلەرەوە، تەنها ئەوە نەبێت لە كاتی دانانی بوستەردا پێویستیە بۆیلەری ماڵەكە تەنفیزی ئۆتۆماتیكی بۆ دابنرێت.
لەگەڵ ئەوەی دانانی ئەم جۆرە بۆیلەرانە كارێكی هەڵەیە، وەكو وایە بۆمبێك بێت لە ژێر حەمامەكاندا و ڕاستە بەشی خۆی سوودی گەرمی لێدەبینرێت، بەڵام زانستی نییە.
هێمن رەفیق
ئەندازیاری میكانیك

 763 جار بینراوە