سەرەکی » وتار » د.كاوە رەزا » كشانەوەكەی ئەمریكا و ئایندەی رۆژئاوای كوردستان

کلیک

كشانەوەكەی ئەمریكا و ئایندەی رۆژئاوای كوردستان

(10)

لەچەند رۆژی رابردوودا، لەبڕیارێكی چاوەڕواننەكراودا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، بڕیاری كشانەوەی سەرجەم هێزە ئەمریكییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا دا، ئەم بڕیارەی ترەمپ بۆ دۆست‌و نەیارو هەموولایەك جێی سەرسوڕمان‌و شۆك ئاسابوو، تەنانەت لای هەریەكە لە جێمس ماتێس وەزیری بەرگریی ئەمریكاو برێت مەكگۆركی نوێنەری ئەمریكا لە هاوپەیمانیی دژی داعشیش، جێی نیگەرانی بوو، بۆیە هەردووكیان دەستیان لەكارەكانیان كێشایەوە.
جیاواز لە هەر لایەك، هێزەكانی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان، كە هەنوكە جۆرێك لە حوكمی خۆبەڕێوەبەرییان لە ناوچە كوردییەكانی باكوورو خۆرهەڵاتی سوریادا هەیە، ئەم كشانەوە پێشوەختەیان بە خەنجەر لەپشتدان لەلایەن ئەمریكاوە وێناكردو هەڕەشەی كشانەوەی هێزەكانیان لە دیرەزورو خۆرهەڵاتی فورات بۆ سنوورەكانی توركیا كرد، ئەمەش بۆ پاراستنی رۆژئاوای كوردستان لەو هێرشەی كە بڕیارە توركیا بیكاتە سەر منبج‌و ناوچە سنوورییەكانی تری رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەم بڕیارەی رۆژئاوای كوردستان جۆرێك بوو لەئینزاركردنی ئەمریكا.
هەرچەندە تا هەنوكە بە تەواوی رووننەبۆتەوە، كە شێوازی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا بەتەواوەتییە، یاخود چەند بنكەیەكی سەربازی لەو وڵاتە دەهێڵێتەوە، لەبەرئەوەی سیاسەتەكانی ترەمپ هەمیشە لێوانلێوە لە هەڵبەزودابەزی رۆژ، بەجۆرێك تا سێ‌ مانگی تر نازانرێت سیاسەتەكانی ترەمپ، جیهان‌و ئەمریكا بەرەو كوێ‌ ئاڕاستە دەكات؟.
ئەوەی جێی خوێندنەوەیە ئەوەیە كە پێدەچێت بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لەمكاتەدا، بۆ خۆئامادەكردن بێت بۆ لێدانی گورزی سەربازیی لە وڵاتێكی دراوسێ، بۆیە ئەگەری هەیە هێزەكانی تری ئەمریكا لە هەریەكە لە عیراق‌و ئەفغانستانیش زۆر كەمبكاتەوە، یاخود بەپێی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، زۆری‌و كەمیی هێزەكان گۆڕانكاریی تێدا بكات لەهەریەكە لەو وڵاتانەدا بۆ ئاستێك كە نەتوانرێت بكرێنە ئامانج.
گریمانەدەكرێت لەكاتی هێرشی سەربازیی ئەمریكا بۆ سەر وڵاتێكی دراوسێ، رۆژئاوای كوردستان بتوانێت بە سەلامەتی لێی دەرچێت‌و بگرە بتوانێت سنووری دەسەڵاتەكانی خۆی فراوانیش بكات، لەبەرئەوەی لەو نێوەندەدا حكومەتەكەی بەشار ئەسەدیش رزگاری نابێت‌و دەخرێنە ناو بازنەی جەنگەوە، لەمكاتەشدا ئەگەری ئەوە هەیە كە بۆشاییەكی ئەمنی گەورە سەراپای سوریا بگرێتەوەو هێزەكانی سوریای دیموكراتیش بتوانن پڕیبكەنەوە. بۆیە بۆ حەسمكردنی بردنەوەی جەنگەكە بە كەمترین زیان، دوور نییە ئەمریكا لەم قۆناغەدا توركیاو هێزە هاوپەیمانەكانی، بەكاربهێنێت‌و لە بەرامبەردا هەندێكی تری لە خاكی رۆژئاوای كوردستان بەشێوەیەكی تاكتیك تەسلیم بە توركیا بكات.
لەلایەكی دی ئەمریكا كە بە ملیارەها دۆلاری لە یارمەتیدانی هاوپەیمانەكانی‌و جەنگی داعشدا سەرفكردووە، مەحاڵە بیر لەوە بكاتەوە كە بە تەواوی خاكی سوریا جێبهێڵێت، بۆیە چاوەڕواندەكرێت بەشێك لەو هێزانە بۆ هەولێر، یاخود توركیا بكێشێتەوەو لە دوای تەواوبوونی گورزە سەربازییەكان بیانگەڕێنێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان تا دەگاتە دەریای سپی ناوەڕاست.
ئایندە وەڵامدەرەوەی زۆر پرسیار دەبێت لەسەر گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، هەرچەندە قوڵی ستراتیژیی ئەمریكاو ئیسرائیل لە شام‌و خاكی سوریادایە، بەڵام پێناچێت توركیا ئەو پارووە چەورەی لەسوریا دەستبكەوێت كە خەونی پێوەدەبینێت، باشترین وەڵامیش بۆ رەشبینی توركیا لەو ئامانجەدا، دروستكردنی دیواری كۆنكرێتییە لەسەر سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان بە نزیكەی هەشت سەد كیلۆمەتر.
لەم دیدگایەوە تێدەگەین، كشانەوەكەی ئەمریكا جگە لە تاكتیكێكی سەربازیی بەولاوە هیچی تر نییە، ئایندەی رۆژئاوای كوردستانیش گەر لە ئایندەدا لە ئێستا باشتر نەبێت، هەرگیز خراپتر نابێت، رەنگە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ رێكەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان‌و كۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن‌و بێدەنگی لە جموجۆڵی هێزەكانی داعش لە هەریەكە لەسوریاو عیراق لە هەمان چوارچێوەو بەرنامەی پلانەكانی ئەمریكادا بێت بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەو جەنگەی كە ناوچەكە چاوەڕێیەتی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كەركوك‌ و پارێزگارێكی سەربەخۆ

(11) كەركوك ئەو شارەی بەدرێژایی مێژوو، كورد خوێنی بۆ رشتووەو ...