سەرەکی » ئابووری » هەناردەكردنی چەند بەروبوومێكی سەوزەو میوە بۆ هەرێم رادەگیرێت

هەناردەكردنی چەند بەروبوومێكی سەوزەو میوە بۆ هەرێم رادەگیرێت

یەکەی ئابووری

كۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەكردنی چەند بەروبوومێكی سەوزەو میوە بۆ هەرێمی كوردستان رادەگرێت، ئەوەش كاردانەوەی لەسەر بازاڕ دروستكردووەو بۆ پڕ كردنەوەی بازاڕیش، پەنا بۆ تەماتەی خوارووی عیراق و توركیا دەبرێت.

ماوەی ١٠ رۆژە
ماوەی ١٠ رۆژە بە بڕیاری كۆماری ئیسلامی ئێران، هەناردەكردنی تەماتە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان راگیراوە، لەئێستاشدا ئەو تەماتەیەی لە بازاڕەكاندا هەیە تەماتەی ناوچەكانی خوارووی عیراق و توركیا و وڵاتانی دەرەوەیە كە پێویستی بازاڕ پڕ دەكاتەوە.
لەنێو عەلوەی شاری سلێمانی چەندین جۆر بەروبوومی جۆراوجۆری سەوزە و میوە دەبینرێت كە هەموو ئەو جۆرە بەروبوومانە هی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە و رۆژانە لە سنوورەكانەوە هاوردە دەكرێن.
لەو بارەیەوە، سەروەر عەلی سەرۆكی لیژنەی عەلوەی سەندیكای سلێمانی، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: «پێشتر و بە هۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانییەوە، تەماتە و سەوزە و میوەكانی تر بە نرخێكی هەرزان دەگەیشتە دەستمان لە سلێمانی، بەجۆرێك نرخی یەك كیلۆ تەماتە بە ٤٥٠ تا ٥٠٠ دیناری عیراقی بوو، بەڵام ماوەی ١٠ رۆژە بەهۆی قەدەغەكردنی هەناردەكردنە دەرەوەی تەماتەی ئێرانی لەلایەن ئەو وڵاتەوە نرخی تەماتە لە عەلوە و بازاڕدا بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوەو كاریگەری لەسەر بازاڕی كاسبكارانی عەلوەكەش كردووە».

نرخەكەی بە دوو هێندە لە شوێنی ترەوە هاوردە دەكەین
وتیشی: «ئێران پێشتر ناوی چەند كاڵایەكی راگەیاند كە هەناردەكردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتەكە قەدەغە دەكات، ماوەی ١٠ رۆژە دەست بەجێبەكێكردنی ئەو بڕیارە كراوە و تەماتە و پەتاتە هاوردەی هەرێمی كوردستان ناكرێت، ئەوەی ئێستا هەیە تەماتەی خوارووی عیراقە لە بەسرەوە هاوردە دەكرێت، بەڵام وەرزی ئەو تەماتەیەش بەرەو كۆتایی دەچێت و تا دوای نەورۆز هەیە، دواتر پێویستە لە توركیا و وڵاتانی تر لەنێویشیاندا ئۆكراینا كە لە بازاڕەكانی توركیاوە هاوردەی دەكەین پێداویستی بازاڕ پڕ بكەینەوە».
ئەو بەرپرسەی عەلوەی سلێمانی وتی: «بڕیارەكە كاردانەوەی خۆی هەبووە لەسەر بازاڕ، بە هۆی ئەوەی تەماتە خواردنێكی سەرەكی رۆژانەی هاووڵاتییانەو رۆژانە هەزار تۆن تەماتە لە سنوورەكانی ئێرانەوە هاوردە دەكرا و بە كەمتر لە ٥٠٠ دینار دەگەیشتە دەستمان، بەڵام ئێستا نرخەكەی بە دوو هێندە لە شوێنی ترەوە هاوردە دەكەین».
سەروەر عەلی ئەوەشی راگەیاند، چەند رۆژێكە دەست بە جێبەجێكردنی قەدەغەی چەند بەروبوومێكی تری سەوزە و میوە كراوە لەنێویاندا سێو و پرتەقاڵ، بڕیارەكەش بۆ میوە زۆر كاریگەری نابێت و بڕێكی زۆر سێو لە كۆگان هەیە و لە توركیاشەوە پرتەقاڵ بەهەمان نرخ دەگاتە بازاڕی سلێمانی.

چوار هەزار و ٣٠٠ باری ئۆتۆمۆبێلی گەورە سەوزەو میوە
بەروبوومی سەوزەو میوەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان پێداویستی هاووڵاتییان پڕ ناكاتەوە، بازرگانانی بوارەكە رۆژانە سەوزەو میوە لە زۆر وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن بەتایبەت لە توركیاو ئێرانەوە.
سەرۆكی لیژنەی عەلوەی سەندیكای سلێمانی رایگەیاند، تەنها لە مانگی رابردوودا و لە مەرزی سەیران بەن و لە ئێرانەوە چوار هەزار و ٣٠٠ باری ئۆتۆمۆبێلی گەورە سەوزەو میوە هێنراوەتە عەلوەی سلێمانی، جگە لەو بارانەی لە مەرزەكانی ترەوە هاتووە، هەروەها لە توركیاوە مانگانە زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ باری ئۆتۆمۆبێلی گەورە كە هەر ئۆتۆمۆبێلێك زیاتر لە ٢٥ تۆن هەڵدەگرێت لە سەوزە و میوە بەتایبەت سێو و پرتەقاڵ و لالە و هەنار و تەماتە هاوردە دەكەین».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئێكسۆن مۆبیل؛ عیراق تەنگەتاو دەكات

سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆمپانیای (ئێكسۆن مۆبیل)ی ئەمریكی هەموو ستافە بیانییەكانی ...