سەرەکی » ئاراستە » تەحسین تەها، هونەرمەندی گەلێک

تەحسین تەها، هونەرمەندی گەلێک

هونەرمەند تەحسین تەها لە 25/5/1941 لە شارۆچكەی ئامێدی سەر بە پاریزگای دهۆک، لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە دایكبووە و هەر لەو شارۆچکەیە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو کردووە، لە ساڵی 1960 لە كولێژی هونەرە جوانەكان لە بەغدا وەردەگیرێت، بەڵام هەر لەو ساڵەدا بە بیانووی بەشداریکردن لە کار و چالاکی سیاسی دەستگیردەکرێت و لە خوێندن دوور دەخرێتەوە.
ساڵی 1963 لەگەڵ خاڵێکیدا بە ناوی عومەر، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دووبارە دەستگیردەکرێتەوە و زۆر نابات بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت، جارێکیتر دەچێتەوە بەر خوێندن و لە دوای تەواوکردن پەیمانگە بۆ یەکەمجار دەبێتە مامۆستای سرود لە شارۆچکەی مەخمور.
بنچینەی هونەری تەحسین تەها لە سەر بنەمای هونەردۆستی بنەماڵەکەی و باوکی دادەمەزرێت کە شاعیرێکی دیاری ئەو سەردەمە بووە و زۆرێک لە گۆرانییەکانی تەحسین، هۆنراوەی خۆی یاخود باوکێتی، لە نموونەی «ڕابە جوتیار، بەهدینان، چوومە زاخۆکێ». لە نێوان ساڵانی 1960-1970 زیاتر لە 120 گۆرانی لە ڕادیۆی كوردی لە بەغدا تۆماركردووە، ئاوازەکانی زیاتر لە ئاوازی میللی و کەلەپووری نەتەوایەتی وەرگرتوون و سیمای ژیانی دێهاتی کوردەوارییان پێوە دیارە و تێکڕا هەڵقووڵاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەوینداری بوون.
یەكەمین گۆرانیشی بەناوی «ئەشكەرا ناكەم یا لبەر ڤی دلی» کە لە نووسین و ئاوازی خۆی بووە و لە ساڵی 1958 تۆماری کردووە و ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە، هاوکات وەک ئەکتەریش بەشداریی چەند شانۆیی کردووە.
ئەو هونەرمەندەی کورد، یەکەم کۆنسێرتی تایبەتی خۆی لە دوای ڕاپەڕینی 1991 لە شاری دهۆک ئەنجام داوە.
تەحسین تەها لە نێوان ساڵانی 1976-1979 دا، لە سێ ئۆپەرێتدا بە ناوەکانی داستانی شۆڕش، ڕووباری ژیان و دەرگاكانی ژیان، ڕۆڵی سەرەكی لەگەڵ هونەرمەندان «سەلام مەحموود عەدۆ، سوبحی كۆیی، تەحسین سابیر، جەودەت مەحموود، كوردۆ گەڵاڵی، ئەسعەد عومەر، ئامانج یونس» بینیوە.
هونەرمەند تەحسین تەها لەو سەردەمەی ژیان و کاری هونەریی لە کوردستان سەخت بووە، چووە وڵاتی هۆڵەندا و چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا بە ئاوارەیی ژیا، تا لە 28 ی ئایاری 1995 لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی 4/6/1995 تەرمەکەی گەیشتەوە کوردستان و لە ئامێدی زێدی باب و باپیرانی بەخاک سپێردرا.
مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی هونەرمەند و موزیکژەن، سەبارەت بە تەحسین تەها دەڵێت: «بە هونەرەکەی خزمەتێکی باشی بە هونەری نەتەوەکەی کرد و توانیبووی شوێنی خۆی لە ناو دڵی جەماوەرکەی بکاتەوە و هەمیشە هەوڵی داوە، کە قورسایی خۆیی بپارێزێت».
قەرەداغی دەشڵێت «گۆرانییەکانی بەشێکی هێما بوو بۆ سیاسەت و بەشێکی دیکەی بۆ سروشت و جوانی کوردستان، هاوکات هەڵگری خۆشەویستی بوو».
ئەنوەر قەرەداغی بەپێویستی دەزانێت، کە «ژیاننامەی مامۆستا تەحسین تەها لە ناو پەیمانگەکاندا وەک نموونەیەک لەگەڵ کارەکانی بەرجەستە بکرێت، هەروەها ببێتە ئاستێکی بەراوردکاری بۆ ئێستا و ڕابردوو، چونکە موسیقای ئەمڕۆ وەک ساندویچ «لەفە» ی خواردنی لێهاتووە، کاتییە و لە هزردا نامێنێتەوە و بەڵام گۆرانییەکانی ئەو بووەتە هەمیشەیی و نەوە لە دوای نەوە دەیڵێنەوە».
سەمیر زاخۆیی، هاوڕێی تەحسین تەها کە دانیشتووی زاخۆیە، دەربارەی کەسێتی هونەرمەند دەڵێت: خەڵکی بادینان و زاخۆ بە تایبەت زۆر حەزیان لە دەنگێتی و بەردەوام گوێگری دەنگی دەبن، چونکە گۆرانی بۆ نەتەوەکەی دەگوت و کەسێکی نیشتمانپەروەر بوو.

سەرچاوە: rojnews

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵمه‌تبه‌ری‌ شاخ و پارێزه‌ری‌ ئارامیی شار

ئالان حه‌مه‌جه‌زا سه‌وڵجانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشگێڕترین حزبه‌ كه‌ زۆرترین ...