سەرەکی » وەرزش » تۆپی پێی دوای كۆرۆنا

تۆپی پێی دوای كۆرۆنا

دواجار و دوای زیاتر لە 2 مانگ یارییەكانی تۆپی پێ لە خولە گەورەكانی ئەوروپا دەستیپێكردەوە كە سەرەتای ئەم هەفتەیە جەولەی 26ی بۆندس لیگا بەڕێوەچوو، یارییەكان و ئەوەی لە یارییەكانیش بەدی كرا زۆر جیاواز بوو لە سەردەمی پێش بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، بەڵام گرنگترین شت گەڕانەوەی ژیانە بۆ تۆپی پێ.

راستە كەشی یارییەكان لە خولی ئەڵمانیا گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتووە، خولێك بە جۆش و خرۆشی هاندەران ناسراوە لە یاریگای چۆڵ بەڕێوەچوو، ئاهەنگ گێڕانیش بەبێ باوەش پیاكردنە و دەنگی یاریزانان و بەركەوتنی تۆپ لەسەرو هەموو دەنگێكەوەیە و یاریزانانی یەدەكیش شوێنەكانیان جێهێشتوە بۆ ئەوەی لەسەر كورسی مەدرەجی یاریگا دابنیشن، ئەمانە هەمووی ناونیشانی تۆپی پێی دوای سەردەمی كۆرۆنان.

ماوەی 2 مانگە هیچ هاندەرێكی تۆپی پێی یارییەكی 5 خولە گەورەكەی نەبینیوە كە لەو ماوەیەدا هەرچەندە هەمووان لە ماڵەوە بوون بەڵام دەبوو خۆیان بەكاری تر دوور لە سەیركردنی یارییەكان سەرقاڵ بكەن، بەڵام دواجار ئەڵمانیەكان وەكو چۆن لە زۆر شتی تریشدا پێشەنگن توانیان ژیان بۆ تۆپی پێ بگەڕێننەوەو نیشانی هەمووانی بدەن دوای كۆرۆنا بەناوبانگترین وەرزشی جیهان چی بەسەر دێت.

ئەوەی لەیەكەم رۆژی یارییەكانی بۆندس لیگا بینیمان وێنای تۆپی پێی نوێ بوو لەدوای سەردەمی كۆرۆنا و وای لێكردین پێش دەستپێكردنەوەی یارییەكانی خولی ئیسپانیا و ئینگلتەرا پێشبینی بكەین كە یارییەكانی ئەو خولانەش چۆن دەبێت.

لە یاریگای سیگنال ئیدۆنا پارك دێربی رۆر بە گۆرانی بەناوبانگی هەرگیز بە تەنها ناڕۆیت دەستیپێكرد بەڵام ریكۆردكراو بوو بە دەنگی هاندەران، دیواری زەردی یاریگاكە كە شوێنی 35 هەزار هاندەری یانەكە تەنها یاریزانانی یەدەكی لێ دانیشتبوو كە دوورلەیەك دانیشتبوون و كەمامەش روخساری داپۆشیبوون.

دواجاریش هەمووان گۆڵی سەردەمی كۆرۆنایان بینی، بەڵام بەبێ كاردانەوەی هاندەران بوو كە تەنها دەنگی ریكۆردكراوی هاندەران باڵی بەسەر یاریگادا كێشا و ئیرلینگ هالاندیش كە خاوەنی گۆڵەكە بوو بەشێوازێكی نوێ ئاهەنگی گێڕا كە لەگەڵ هازارد بەیەكەوە سەمایان كرد بەڵام چەند مەترێك لەیەكەوە دوور بوون.

ئەوەی لە رۆژی یەكەمی گەڕانەوەی تۆپی پێ بینرا ئەو ترسەی لە دڵی هەمووان بوو زیاتر كرد چونكە هەمووان دەیانزانی كاتێك یاریزانان بۆ ماوەی 2 مانگ كەرەنتینە دەكرێن و دوای ماوەیەكی كورتیش لە راهێنانی یاری پڕ ركابەریان پێدەكرێت ئەوا مەترسی گەورەی پێكانیان لەسەرە.

لە دێربی رۆر هەر لە كاتی ئامادەكاری زاگادۆ توشی پێكان هات و وەرزی كۆتایی هات لە كاتی راهێنانی پێش یارییەكەش ریێنای یاریزانی دۆرتمۆند توشی پێكان هات و لە كاتی یارییەكەش تۆدیبۆ بەهۆی پێكان یاریگای جێهێشت.

لەیەكەم هەفتەی تۆپی پێ ژمارەیەكی زۆری پێكانی یاریزانان تۆماركرا كە ئەمە ترسی دڵەڕاوكێ لای یاریزانانی تر دروست دەكات چونكە یاریزانان رانەهاتون ئەو ماوە زۆرە لە ماڵەوە بن و تەنها لە هۆلچی وەرزش و باخچەكانیان رابكەن.

ئەوەی لەیەكەم رۆژی تۆپی پێ دوای كۆرۆنا بەدی كرا ئەوەبوو كە دەكرێت هەست و سۆز زاڵ بێت سەر یاساو رێساكان كە بە مێشك دانراوە، ئەوەتا لە یاری هێرتابەرلین و هۆفنهایم كاتێك هێرتابەرلین گۆڵی پێشكەوتنی كرد دیریك بۆیاتای یاریزانی ئەو یانەیە خۆی بۆ نەگیراو راستەوخۆ ماركۆ جرۆبیچی هاوڕێی ماچ كرد، هەرچەندە دەستەی خولی ئەڵمانیا سزای ئەو یاریزانەی نەدا بەڵام سەرنجی هەمووانی بەلای خۆی دا راكێشا و ناچاری كردن كە دوپاتی بكەنەوە ئەم جۆرە رەفتارانە قەدەغەیە.

یەكەم رۆژی تۆپی پێ هیوای گەڕانەوەی خولەكانی تری بەهەمووان بەخشی بەڵام نیشانیشی داین شێوازی تۆپی پێ زۆر جیاواز دەبێت لەو تۆپی پێیەی هەمووان پێی راهاتون، بەڵام گرنگ ئەوەیە تۆپی پێ گەڕایەوە و بواری ئەوەمان دەبێت جارێكی تر هانی ئەو تیپە بدەین كە خۆشمان دەوێت.

print

 187 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*