سەرەکی » راپۆرت » ئەو 10 سەرۆكەی ئەمریكا كە تەنیا خولێك لە پۆستی سەرۆكایەتیدا بوون

ئەو 10 سەرۆكەی ئەمریكا كە تەنیا خولێك لە پۆستی سەرۆكایەتیدا بوون

لوقمان محەمەد رەشید

پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 1789وە دامەزراوە، لەوكاتەوە تائێستا 45 كەس ئەو پۆستەیان بەڕێوەبردووە كە ئەگەرچی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ‌ كراوەیە بەڵام تائێستا و لە ماوەی ئەو 231 ساڵەدا تاقە ژنێكیش بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵنەبژێردراوە!
هەر سەرۆكێكی ئەمریكا دەتوانێت، بەهەڵبژاردنەوەی، دوو خول لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و ماوەی هەر خولێك چوار ساڵە. بەدرێژایی مێژووی ئەمریكا 35 سەرۆك توانیویانە خولی دووەمی سەرۆكایەتی ببەنەوە و 10 سەرۆكیش تەنیا خولێك لە پۆستەكەیاندا ماونەتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی كە جۆن ئێف كەنەدی پێش ئەوەی خولی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی تەواو بكات، كوژرا.
وەك رۆژنامەی ئیندیپێندنت باسی دەكات: درێژترین ماوەی سەرۆكەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە تەواوكردنی دوو خولی سەرۆكایەتییاندا، ساڵانی نێوان 1932-1976 بووە. دوا سەرۆكیش كە نەیتوانی خوولی دووەم بەدەسبێنێتەوە جۆرج هێربێرت وۆكەر بوش (بوش-ی باوك) بوو كە لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 1992دا بەرامبەر بیل كلینتۆن شكستیهێنا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ویلایەتە یەكگرتووەكان لەوپەڕی ململانێدایە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا شكست بە جۆ بایدن بێنێت و خولێكی تری سەرۆكایەتی وڵاتەكەی بباتەوە، بەڵام ئاخۆ سەركەوتوو دەبێت یان نا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە چەند مانگێكی كەمی ماوە و سندوقەكانی دەنگدان یەكلایی دەكاتەوە.
لێرەدا ئاماژەیەكی خێرا بە ژمارەیەك لەو سەرۆكانە دەكەین كە نەیانتوانی خوولی دووەمی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان ببەنەوە:
ـ جۆن ئادەمز، یەكەم سەرۆكی ئەمریكا بوو كە نەیتوانی خولی دووەمی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی بباتەوە. ئادەمز جێگری جۆرج واشنتۆن بوو كە یەكەم سەرۆكی ئەمریكا بوو. كاتێك واشنتۆن دوو خولەكەی خۆیی تەواوكرد جۆن ئادەمز لەبەرامبەر تۆماس جێڤرسۆن-دا شكستیهێنا.
ـ جۆن كوینسی ئادەمز، كوڕە گەورەی جۆن ئادەمز-ی سەرۆكی ئەمریكا بوو. ئەمیش وەك باوكی نەیتوانی دووەم خولی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی بباتەوە و بووە دووەم سەرۆك كە تەنیا خولێك سەرۆكی ئەمریكا بێت. واتا كوڕ و باوك بوونە یەكەم و دووەم سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان كە نەیانتوانی خولی دووەمی سەرۆكایەتی ببەنەوە.
ـ مارتن ڤان بیورن، یەكێكی تر بوو لەو سەرۆكانەی ئەمریكا كە نەیتوانی خولی دووەمی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەی بباتەوە.
ـ گرۆڤەر كلیڤیلاند دوو خول سەرۆكی ئەمریكا بوو بەڵام بەدوای یەكدا نا بەڵكو بە دوو خولی جیاواز كە ماوەیەكی سەرۆكایەتیی چوارساڵەیان لە نێواندا بوو.
ـ بنیامین هاریسۆن هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە كلیڤیلاند بردەوە. بەڵام لە هەڵبژاردنی دواتردا جارێكی تر گرۆڤەر كلیڤیلاند كەوتەوە ركابەریی بۆ بەدەستهێنانی كۆرسیی سەرۆكایەتی ئەمریكا و لەئەنجامدا هاریسۆن-ی بەزاند. بەمەیش هاریسۆن خولێك و كلیڤیلاند دوو خولی، بەدوای یەكدانەهاتوو، سەرۆكی ئەمریكا بوون.
ـ ولیام هۆوارد تافت، ئەمیش سەرۆكێكی تری ویلایەتە یەكگرتووەكان بوو كە نەیتوانی خولی دووەم بباتەوە. تافت یەكەم كەس بووە لەمێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا كە هەردوو پۆستی سەرۆكی وڵات و سەرۆكی دادگای باڵای ئەمریكایش بەڕێوەببات. لە خولی دووەمدا پۆستەكەی نەبردەوە و وۆدرۆ ویڵسۆن چووە شوێنەكەی.
ـ هێربێرت هۆڤێر-یش كاتێك سەرۆكی ئەمریكا بوو كە ئابوریی وڵاتەكە لە هەرەس و داتەپیندا بوو. دەوترێت هۆكاری سەرەكیی شكستهێنانی لە بردنەوەی خولی دووەم ئەوە بووە كە نەیتوانیوە باری گلاوی ئابوریی ئەمریكا راستبكاتەوە بۆیە لەبەرامبەر فرانكلین رۆزڤڵت-دا دۆڕا.
ـ جیراڵد فۆرد، ئەم سەرۆكەی ئەمریكا هەر ئەوە نەبوو كە خولی دووەمی هەڵبژاردنی نەبردبێتەوە، بەڵكو لەهیچ هەڵبژاردنێكدا سەركەوتوو نەبوو! ئەی كەواتە چۆن بووە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان؟. فۆرد جێگری ریچارد نیكسۆن سەرۆكی ئەمریكا بوو، بەڵام كاتێك بەهۆی كێشەی ئابڕووبەری (وۆتەرگێت)ەوە نیكسۆن ناچار دەستی لە سەرۆكایەتی ئەمریكا بەردا جیراڵد فۆرد-ی جێگری چووە شوێنەكەی و بووە سەرۆكی ئەمریكا.
ـ جیمی كارتەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا جیراڵد فۆرد-ی بەزاند و بووە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەڵام ئەمیش لە یەك خول زیاتر نەیتوانی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە و كورسیی سەرۆكایەتیی بۆ رۆناڵد رێگان چۆڵكرد. بەمە هەریەك لە جیراڵد فۆرد و جیمی كارتەر بوونە تەنیا دوو سەرۆكێك لە مێژووی ئەمریكادا كە بەدوای یەكدا شكستبێنن لە سەركەوتنیان بۆ خولی دووەم.
ـ جۆرج هێربێرت وۆكەر بوش (بوش-ی باوك) دوا سەرۆكی تائێستای ویلایەتە یەكگرتووەكانە كە لەخولی دووەمی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی وڵاتەكەیدا دۆڕابێت. بوش (كە لەبەر جۆرج دەبلیو بوش-ی كوڕی، بە بوش-ی باوك ناودەبرێت، ئەو كوڕەی كە لە نێوان ساڵانی 2001-2009 بە دوو خول سەرۆكی ئەمریكا بوو) نەیتوانی دووەم خولی سەرۆكایەتی بباتەوە و لەبەرامبەر بیل كلینتۆن-دا شكستیهێنا.
ئێستا ئیدی دەبێت چاوەڕێی هەڵبژاردنە داهاتووەكەی سەرۆكایەتی ئەمریكا بین كە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت، چاوەڕوانیەكەمان بۆ ئەوەیە كە ئاخۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستا دەچێتە لیستی براوەكانی خولی دووەمەوە یاخود دەبێتە یازدەیەمین سەرۆكی وڵاتەكەی كە یەك خول سەرۆكایەتی بكات؟!!

print

 329 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*