یەكێتی بە راستییەتی، ئەدی حزبەكانی تر؟ – knwe.org
سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » یەكێتی بە راستییەتی، ئەدی حزبەكانی تر؟

هەنگاو

یەكێتی بە راستییەتی، ئەدی حزبەكانی تر؟

سەرەڕای مشتومڕێكی زۆر لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا، بەڵام رێوشوێنەكان وەك خۆیان بەردەوام بوون‌و بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان‌و دەستپێكردنی بانگەشەكەی هاوكاتە لەگەڵ رەوشێكی تازە لەسەر ئاستی كوردستان‌و عیراق‌و بگرە تەواوی ناوچەكەش.
پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بە شێوەیەكی ئاشكراو بە روونی دەرفەتی رەخساندووە بۆ دەركەوتنی ئەو رەوشە تازەیە.
ئەگەر دیقەت بدەین، پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بە شێوەیەكی زەق جیاوازی‌و ئەجێندا لە یەك دوورو دژ بە یەكەكانی ئاشكرا كردووە. هەروەك ئەوەشی ئاشكراكردووە كە فشارو گوشاری زۆر لەسەر لایەنە جیاوازەكان دەركەوتووە.
كورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و عیراقی‌و هەرێمایەتی‌و تەنانەت نێودەوڵەتیش رووبەڕووی فشاری زۆرو جۆراوجۆر بۆتەوە. تا ئێستا كورد بە باشی هێناویەتی‌و خۆی لە بەردەم فشارەكاندا گرتووە، بەڵام پێناچێت ئەم خۆڕاگرییە بەو شێوە باشەی ئێستا بەردەوام بێت.
زانیاری‌و لێدوانی جۆراوجۆر هەبوون لەبارەی پێویستی وردبوونەوەو دیقەتدانی زیاتر لە كاتی بڕیاردان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
زانیاری هەبوو كە لایەنی دەرەكی بە تایبەتی ئەمریكا پەیامی لەو بارەیەوە هەبووە، بگرە داخوازیشی هەبووە، بەڵام پێناچێت وەك پێویست رەچاوی ئەو پەیامە یان داخوازیی ئەمریكا كرابێت، هەروەك چۆن رەچاوی پەیام‌و خواستی لایەنی ترو دەوڵەتی تریش نەكرا.
ئێستا كاتی ئەوە نییە باسی ئەوە بكەین كە مەترسی لێكەوتەكانی ئەو پەیام‌و داخوازییانە چین، بەڵام بە دڵنیاییەوە كاتی ئەوەیە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و بانگەشەكەی بە جۆرێك بەڕێوەبچێت، كە دەرفەت نەڕەخسێت تا فشارە هەرێمایەتی‌و عیراقی‌و نێودەوڵەتییەكان كاریگەریی خراپیان لەسەر كوردستان نەبێت.
یەكێتی كە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات لەسەر رێچكەو سیاسەتی پێشووی خۆی بەردەوامە، كە جەختدەكاتەوە لەسەر سیاسەتێكی میدیایی‌و بانگەشەكاریی میانڕەوو ئارامی دوور لە گرژی‌و زمانی زبر.
یەكێتی لە جارەكانی پێشوودا سوودی لەو گوتارە ئارام‌و لەسەرخۆیە بینی كە پەیڕەوی كرد، پێدەچێت ئەمجارەش سوود لەو بابەتە وەربگرێتەوە، ئێستاش بێگومان كاتی ئەوەیە كە لایەنەكانی تریش پرسیار لەسەر جەدوای ئەو گوتارە پڕ لە گرژی‌و هەڵچوونە بكەن، كە چەند جارێكە پەیڕەوی دەكەن.
رەنگە لایەنە جیاجیاكان لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا بە جۆرێك لە جۆرەكان سوودیان لەو گرژی‌و هەڵچوون‌و قسەكردنی حەماسییە وەرگرتبێت، بەڵام ئایا خەڵكی كوردستان ئەوەندە ماندوو نییە كە پێویست بكات یان ئیتر حزبەكان ناچار بكات واز لەو شێوازو ستایلە بەسەرچووە بهێنن؟
كە یەكێتی دروشمی ئارامی كردۆتە سەرمەشقی دروشم‌و كارنامەی خۆی هەر لە خۆیەوە نەیكردووە، بە راستی هەستیكردوە كە خەڵكی كوردستان بە دەست كێشمە كێشە سیاسییەكان‌و رەوشی ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و لێكەوتەكانی ریفراندۆمەوە ئەوەندە ماندوو و شەكەت بوون، كە شایانی رێزلێنانن، نەك ئەوەندەی تر تووشی بارگرانی‌و گرژی بكرێن.
بێگومان ئەم قسەكردنەش لەسەر ئارامی بەر لەوەی قسەكردن بێت لەسەر گوتاری ئارامیی سیاسی‌و بەر لەوەی كۆپیكردنی دروشمی ئارامی لایەن‌و بزووتنەوەكانی تر بێت، بێگومان بە جۆرێك لە جۆرەكان پلارگرتنە لە دروشمی ئارامی لایەنەكانی تر. ئەوان ئەوەندە وتیان ئەمساڵ یان چەند ساڵی تر ئارام دەبێت‌و ئارام نەبوو، ئیتر كاتی ئەوەیە یەكێتی بە فیعلی‌و بە شێوەیەكی راستەقینە رەوشەكە بەرەو ئارامی بەرێت.
ئەو ئارامییەی باس دەكرێت ئەگەر وەك ئەوەی دەویسترێت جێبەجێ بكرێت، تا ئاستێكی زۆر دەبێتە مایەی كەمبوونەوەی لێكەوتەو كاریگەرییەكانی فشارە جۆراوجۆرەكانی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی لەسەر كورد، بێگومان لە سەردەم‌و رەوشێكدا كە كورد دەورەدراو و ئابڵوقەدراوە بە فشاری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و تەنانەت سەربازییش.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەڕێكی تری ركابەریی ئێران و ئەمریكا

لە رۆژی دووشەممەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژمارەیەك سزای نوێی بەسەر ...