دەشە كەریم لە پێشكەشكارییەوە بۆ كاری فاست فود – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » دەشە كەریم لە پێشكەشكارییەوە بۆ كاری فاست فود

دەشە كەریم لە پێشكەشكارییەوە بۆ كاری فاست فود

چیا جەزا

خانمە پێشكەشكارێك خواردنگەیەكی ئامادەكردنی خواردنی خێرای بەناوی «دەشە فاست فود» لە سلێمانی كردەوە، كە ویستویەتی كارێكی جیاوازبكات‌و خەونی ئەوەی هەیە خواردنگەكەی بەجیهانی بكات.

دەشە كەریم ئەو خانمە تەمەن 28 ساڵەیە، كە حەزی لەوەبوو كارێكی جیاواز بكات، بۆیە بڕیاریدا خواردنگەیەكی خواردنی خێرا دابنێت‌و بەسەركەوتویی بیرۆكەكەی جێبەجێ كرد‌و ناوی نا «دەشە فاست فود».
ناوبراو بە(ژنۆرناڵ)ی راگەیاند، پێی خۆشبوو لە پێویستییەكی گرنگی ژیاندا ئیش بكات، هەر بۆیە خواردنگەیەكی خێرای دامەزراند، لەئێستاشدا زۆر دڵخۆشە بە كارەكەی، چونكە تائێستا ئەو خەونانەی هەیبووە بۆ دوكانەكەی تا ڕادەیەكی باش جێبەجێ و سەركەوتو بوە، هەروەها دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوە، و خەڵك بەشێوەیەكی باش پێشوازی لێ دەكەن.

ئەوەی جێگەی سەرنجبوو لەخواردنگەكەیدا كەمتر ژنان كاردەكەن، لەم بارەیەوە دەشە ڕونیكردەوە، لەبەرئەوەی ئیشی فاست فود قورسە، بۆیە زیاتر پیاوان كاری لا دەكەن، بەڵام لەهەمان كاتدا ژنێك و هەندێك كات 2 ژن كاری لەلا دەكەن.
دەشە لەتەمەنی 17 ساڵییەوە چەندین كاری كردوە، كە بریتیبون لە، كاری ڕاگەیاندن، پێشكەشكار، خاوەنی ئارایشگا، مامۆستا، هەروەها كاری رێكخراوەیی‌و چەندین كاری خۆبەخشیشی ئەنجام داوە، بەوتەی خۆی هەر یەك لەكارەكانی باوەڕی تەواوی پێیان بووە پاشان ئەنجامی داون، سەبارەت بەئەم كارە نوێیەش، كە كاری خواردەمەنییە وتی: « هیچ ڕێگرییەك سوپاس بۆ خوا لەبەر دەمم نەبوە‌و هەموو كارەكانی پێشتریش، كە كردومن خۆشم دەون».
بەبیروڕای دەشە هەر كارێك بەدڵ‌و ویژدانێكی باشەوە بیكەیت‌و خۆی بۆ ماندوو بكەیت سەركەوتو دەبیت، هەربۆیە بەوتەی خۆی، هەمیشە بەویژدانەوە ئیشی كردووە‌و دڵێكی باشی هەبووە بۆ هەمو ئیشەكانیش خۆی ماندوو كردووە، بۆیە لەهەمو كارەكانیدا سەركەوتو بووە.
ئەو خانمە رایگەیاند: تۆ خەونێكت هەیە وردە وردە هەنگاوی بۆ بنێ خواش یارمەتیت دەدات، و هەوڵی بۆ بدەیت دڵنیابە خەونەكەت دێتە دی، ئەگەر ماندو بویت‌و ڕێگری هەبو بەردەوام بە، دڵنیابە دەگەیتە شوێنێك لە ئامانجەكەت.
وەك ژنێك پێیخۆشە هەمو خانمێك لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ئیشی خۆیان و ئیرادەیان هەبێت، بۆیە ئاماژەی بەوەدا، هەرگیز هیچ كەسێك قۆریەكەی عەلادین نیە خەونەكانت بۆ بەدیبێنێ، بۆیە هەموو خەونەكانی خۆت، خۆت بەدیبێنە.
دەستخۆشی لەو ژنانەش كرد، كە كاری خۆیان دەكەن‌و دەڵێت:» بەهەموو هێزمەوە ئەوەندەی بتوانم پشگیری ئەو خانمانە دەكەم، كە كاری خۆیان دەكەن‌و هەر شتێكیان لە من بوێت من ئامادەم یارمەتییان بدەم، چونكە هیوام ئەوەیە ژنان خۆیان خاوەنی سەرچاوەی ئابوری ژیانیان بن و پارەی ژیانیان خۆیان دابینی بكەن».
خەڵك ڕۆژانە زۆر بەخۆشحاڵی‌و بەپەرۆشەوە بۆ دوكانی فاستفودەكەی دەشە دەچن، زۆربەی زۆریشیان وێنە لەگەڵ دەشە دەگرن پاشان دەڕۆنە دەرەوەی دوكانەكە، لەو خەڵكانەش زۆرترینیان ژن‌و منداڵن كە داوای وێنەگرتن دەكەن، پیاوەكان كەمتر داوای وێنەگرتن دەكەن بەوتەی دەشە پیاوەكان وابیردەكەنەوە، كە داوای وێنەگرتنێك بكەن ڕازی نابێت، یان شەرم دەكەن، دەشە وتی: « خەڵكی پێشوازییەكی زۆر باشم لێ دەكەن‌و زۆریش منیان خۆش دەوێت، هەروەها بەردەوام بە ڕێگای جیاجیا دەستخۆشیم لێ دەكەن».
ئەو پێیوایە، ئیشكردن هەر چییەك بێت سەربەرزانە بیكەیت، عەیب نییە، تائێستاش هیچ قسەو قسەڵۆكێكم نەهاتۆتە سەر، لەبەرئەوەی كارەكەم جیاوازە و ناشرین نییە، هاوكات ئەوەندەی پشتگیریم لێ كراوە ڕەخنەم لەسەر نییە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە، كارەكەی خزمەت بەمرۆڤایەتی‌و خزمەت بەخەڵك دەكات، ئەگەر ڕەخنەكان ئیشەكەی بەرەو پێش بەرێت، رەخنەكان وەردەگرێت، بەجۆرێك قسەی خەڵك تا ئەو جێیە گرنگی پێ دەدات، كە شتێك لەژیانیدا زیاد بكات‌و بەرەو پێشی بەرێت.
دەشە دەشڵێت : «خوای گەورە‌و خێزانەكەم‌و دەستخۆشیەكانی خەڵكی هاوكارم بوون، ئەوەی شتانەش كە خاوەنیم ڕەنجی شانی خۆم بوە».
ئەم كچە بەردەوام خەونی فراوانتر‌و گەورەتری هەیە، لەم پڕۆژەیەشدا، دەیەوێت فاست فودەكەی فراوان بكات، و ئەگەر توانای مادی هەبێت ئامانجیەتی لە هەولێر و دهۆك و هەمو شارو شارۆچكەكانی كوردستان دەشە فاست فود بكاتەوە، هاوكات خەونی ئەوەشی هەیە، كە براندی خواردنەكەی بگەیەنێتە هەمو جیهان .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەسەلەی گفتوگۆ

ئەمەی لەم دوو توێیەدا بە چەند زنجیرەیەک بڵاودەکرێتەوە، پوختەیەکە لە ...