سەرەکی » ئابووری » ئەنجومەنی وەزیران یاسای بودجەی ئەمساڵی عیراق هەڵدەسەنگێنێت

«پاشەكەوتی مووچە هەڵدەوەشێتەوە»

ئەنجومەنی وەزیران یاسای بودجەی ئەمساڵی عیراق هەڵدەسەنگێنێت

یەکەی ئابووری

سەرلەبەیانی دوێنێ 27ی 1ی 2019، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

راپۆرتێك لەبارەی بودجەی عیراق
بەپێی راگەیەنراوی فەرمی حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوەكە‌ تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی دارایی 2019 كە رۆژی 23ی 1ی 2019 تەشریع كرا. سەرەتا هەر یەك لە وەزیری دارایی و ئابووری و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەڕاپۆرتێكدا وردەكاریی و ماددەو بڕگە ئەر‌ێنییەكانی یاساكەیان خستەڕوو كە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەنجومەنی وەزیران سوپاس پێشكەش بەو كەسانە كردوە كە رۆڵیان لە داڕشتن و پەسەندكردنی یاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران بینی، بەتایبەتی سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عیراق، فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بەتایبەت ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

چارەسەری ریشەیی
لەچوارچێوەی دەستووردا
ئەوەش روونكراوەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران هەڵسەنگاندنێكی ئەرێنی بۆ یاساكە كرد كە لەچاو‌ یاساكانی چەند ساڵی پێشوو باشترەو گۆڕانكاریی ئەرێنی لە بڕگەو ماددەكانیدا دەبینێرێت، هەرچەندە هێشتا لە ئاستی ماف و خواست و شایستە داراییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران هیوای خواست ساڵی دارایی 2019 چارەسەری ریشەیی لەچوارچێوەی دەستووردا بۆ كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێم و فیدراڵ بدۆزێتەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری دارایی و ئابووریی خەرجییەكانی پەیوەست بە مووچەو دەرماڵەو ئیمتیازاتە داراییەكانی دیكەو ئەو داهاتەی پێویستە بۆ خەرجكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2019، خستەڕوو، لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە ئەولەوییەتی حكومەت لە ئەگەری دابینكردنی داهاتی پێویست، بریتی دەبێت لە لابردنی پاشەكەوتی مووچە.

دوو وەزارەت راسپێردران
هەر لەم روانگەیەوە، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانی راسپارد كە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی و هەماهەنگیدا بن بۆ هەرچی زووتر جێبەجێكردنی یاسای بودجەو بەرچاوڕوونی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو شایستە داراییانەی بۆ هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، دوای ئەوەی یاساكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و رێنماییی دارایی بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە دەردەچێت.

بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكان
دەرباری رووداوەكانی دوێنێی شێلادزێش، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای نیگەرانی و دڵگرانی بەرامبەر بە رووداوەكان و پرسەو سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی ئەو هاووڵاتییەی گیانی لە دەستداو هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران، دووپاتی كردەوە كە ئەوانەی دەستیان لە گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندانی رێگەپێدراوی یاسایی و ئاشتیانە بۆ پشێوی هەبوو، رووبەڕووی یاسا دەبنەوەو بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندارەكان لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەكەن.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها دووپاتی كردەوە، كە ناكرێت خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی بەكار بهێنرێت و بەهانەیان بدرێتێ بۆ بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكان و لە ئەنجامدا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان باجەكەی بدەن.

دەمانەوێت كێشەكانمان
چارەسەر بكرێت
لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانیش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ بەغدا بەردەوامین لەگفتوگۆكردن و لێكنزیكبوونەوە، لەچوارچێوەی دەستوریشدا دەمانەوێت كێشەكانمان چارەسەر بكرێت، نایشارینەوە كە دەمانەوێت لەگەڵ عیراق رێكبكەوین.
وتیشی: «وەزارەتی دارایی هەرێم تێبینەكانی نارد بۆ وەزارەتی دارایی عیراق و لەوێشەوە نێردرا بۆ عادل عەبدولمەهدی، بەسوپاسەوە چارەسەركران و بەهەند وەرگیران، بۆیە ئێمەش پێمانوایە ئەم بودجەیەی ئێستا هەیە باشترە، چونكە هەنگاوێك بەرەو پێشەوە چوین و هەوڵێكیشە بۆ چارەسەری كێشەكان».

وادەی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە
سەبارەت بەپاشەكەوتی موچەش وتی: «ئەگەر ئەو پارەیەی بەغدا بڕیارە بینێرێت بگات، ئەوا بەدڵنیاییەوە پاشەكەوتی مووچە لادەبرێت و دواتریش بیردەكەینەوە چۆن مووچە پاشەكەوتكراوەكان بدەینەوە، ئەوەش بەگوێرەی داهاتەكانی خۆمان دەبێت».
لەبارەی وادەیەكی دیاریكراو بۆ لابردنی پاشەكەوتی موچە، سەرۆكی حكومەت وتی: «ئەگەر دڵنیابم لەهاتنی پارەكەی بەغداو وادەی هاتنی پارەكە، بەدڵنیاییەوە یەكەم كارمان لابردنی پاشەكەوتی مووچە دەبێت، بەڵام بەو پێیەی وادەكە نازانرێت، بۆیە نامەوێت ئەوەندە دڵنیایی بە هاووڵاتیان بدەم كە دواتر وا دەرنەچوو، پێمان بڵێن راستگۆ نەبوون».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

three + 3 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

مۆدێلی ئاهەنگی دەرچوون

فەیسەل عەلی* بەر لەكوتایی هەموو ساڵێكی خوێندن و پێش دەستپێكردنی ...