سەرەکی » راپۆرت » گوزەری هەورامییەکان لە سلێمانی

گوزەری هەورامییەکان لە سلێمانی

جەمال سەرگەتی

گەرەکی سابونکەران لە شاری سلێمانی یەکێکە لە کۆنترین گەرەکی شارەکە، دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری سلێمانیەوە، ئێستا ئەو گەرەک و بازاڕە بە گوزەری هەورامیەکان ناسراوە، چونکە بەشێکی زۆری هەورامیەکانی ناوچەی هەورامان لەو گوزەرە کاردەکەن بەرهەمە هەورامیەکان نمایش دەکەن و دەیفرۆشن».

سابوونکەران شوێنی کارە دەستیەکان بووە
تەحسین هەورامی ماوەی 30 ساڵە لەگوزەری هەورامیەکان دووکاندارەو کاری فرۆشتنی کڵاش و شاڵ بەرهەمە هەورامیەکان دەکات ئەو بۆ کوردستانی نوێ، وتی» کاتی خۆی بازاڕی سابوونکەران شوێنی کارە دەستیەکان بووە هەر ئەو کاتەش هەورامیەکان بەرهەمە کانی خۆی هێناوەتە گوزەرەکە و دەستی کردووە بە فرۆشتنی بەرهەمەکانی لەو کاتەوە بەتایبەت لەدوای ساڵی 1988 هەورامی و هەڵەبجەیەکان هاتوونەتە سلێمانی و لە سابونکەران نیشتەجێ بوون و دوکانیان داناوە بەرهەمەکانی خۆیان فرۆشتووە و پاشان زۆربوون تاوەکو ئێستا کە زۆربەی دوکانەکانی ئەم گوزەرە هەورامین بەشێکی زۆری دوکانەکانیش بەرهەمەکانی هەورامانن».

وتیشی» رۆژانە خەڵکانێکی زۆر سەردانی ئەم گوزەرە دەکەن بەتایبەت هەورامیەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانەی لەم شوێنەدا کار دەکەن خزم و کەسوکاری یەکترن ئەوەش وای کردووە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر هەورامی سەردانی ئەم گوزەرەدەکات».

تەحسین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد» تایبەتمەندیەکی تری ئەم گوزەرە ئەوەیە ئەگەر هەر هەورامیەک و هەڵەبجەییەک کۆچی دوای بکات لەم گوزەرە ناوەکەی بە دیواری ئەم گوزەرە بۆماوەی چەند رۆژێک بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە بۆ ئاگاداربوونی ئەو هاووڵاتیانەی کە سەردانی سابوون کەران دەکەن.

لەبازاڕی هەورامیەکان هەموو بەرهەمێکی خۆماڵی بەتایبەت هەورامان دەست دەکەوێت، هەر لە کڵاش و شاڵ و خواردنی بەرهەمە خۆماڵیەکان بگرە تا دەگاتە کارە دەستیەکانی ناوچەی هەورامان لەو بازاڕەدا دەست دەکەوێت».

کەیوان هەورامی دوکاندارێکی تری گوزرەی هەورامیەکانە ئەو بۆ کوردستانی نوێ، وتی» من ماوەی 20 ساڵە لەم گوزەرەدا کار دەکەم، لە ساڵانی 70 کاندا حاجی مستەفا ی حاجی قادر لە سابوونکەران هۆتێلێکی داناوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە هەورامان و هەڵەبجەوە سەردانی سلێمانیان کردووە، ئەوانیش کە هاتونەتە سلێمانی سەردانی هۆتێلەکەی حاجی موستەفا-یان کردووە، حاجی موستەفا-ش ئامۆژگاری کردوون، پێی وتون مەرۆن دووکرێ بدەن، واتە مەڕۆن کرێ ی ئۆتۆمبێل و کرێ هۆتێل بدەن، چونکە سابوونکەران ناوجەرگەی شاربووە، لەم شوێن وهۆتێلە دەتوانن بەس کرێی هۆتێل بدەن بازاڕ نزیکە و کرێی ئۆتۆمبێلی ناوێت، لەو کاتەوە خەڵکێکی زۆری هەورامان هاتونەتە ئێرە و لە سابوونکەران نیشتەجێ بوون دەستیان کردووە بە کارکردن تاوەکو ئێستا کە بە شوێنی هەورامیەکان ناسراوە».

وتیشی» لەم گوزەرە سەرجەمی بەرهەمە خۆماڵیەکانی ناوچەی هەورامان دەست دەکەوێت وەک کڵاش و شاڵ و کوڵە باڵ و بەرماڵ و چەقۆ و چەند بەرهەمێکی تر، لە خواردنەکانیش وەک گوێز و دۆشاوی توو رۆبەهەنار و مێوژ و چەند بەرهەمێکی تر».

ژن و ژنخوازی هەیە
کەیوان ئەوەشی وت لەناو گوزەرەکە ژن و ژنخوازی هەیە ئەویش بەهۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆری هەورامیەکانی ئەم گوزەرە خزم و کەسوکاری یەکترن، زۆرکات بۆ پرسیارکردن سەردانی ئەم گوزەرە دەکرێت».

ئەوی جێگەی باسە ئەو بازاڕە بووەتە شوێنی کۆکردنەوەی هەورامیەکان کە رۆژانە هەورامیەکانی ناو شاری سلێمانی دەچنە گوزەرەکە و کات و ساتی خۆیان بەسەر دەبەن.

حاجی سابیق تەوێڵەیی بۆ کوردستانی نوێ وتی» ئەم شوێنە بوەتە شوێنی کۆکەرەوەی هەورامیەکان وهەموو رۆژێک هەورامیەکان و هەڵەبجەیەکان لەم شوێنەدا کۆدەبنەوە «.

وتیشی» لەناو ئەم گوزەرەدا چەند دوکانێکی تێدایە خاوەنەکانیان بە سۆرانی قسەدەکەن، بەڵام ئەوانیش لە ئێستادا فێری شێوەزاری هەورامی بوون و بە هەورامی قسە دەکەن و تەنانەت بەرهەمی هەورامیەکان دەفرۆشن».

فۆتۆ: شاد ئیبراهیم

 480 جار بینراوە