سەرەکی » کەلتوور » تابلۆیەک بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ باوکپەڕە 3

باوکی هونەرمەندەکە دەخوێنێتەوە

تابلۆیەک بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ باوک

نووسینی: ئیبراهیم ئەلعەریس
وەرگێڕانی: ئەژین باجەڵان

هونەرمەندی فەڕەنسی بۆل سیزان، لە نیوەی یەکەمی ژیانی هیچ دەرفەتێکی لە دەست خۆی دەرنەکردوە بۆ دەبڕینی ناڕەزایەتیەکەی یان دوژمنیەتیە توندەکەی بۆ خانەوادەکەی، لە نامەیەکدا کە بۆ کەمیل بیسارۆی هاوڕێی نووسیوێتی لە ساڵی ١٨٦٦ دەڵێت:(من ئێستا لە نێو خیزانەکەمم لەگەڵ پیسترین بوونەوەرەکانی ئەم جیهانە، ئەو کەسانەی ئەم خێزانە دروست دەکەن زۆر بێزارکەرن.) لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هونەرمەندە بەردەوام پێی ناخۆش بووە ناوی باوکی بهێنێ کە لە بانکی گەورەی لیس کاری دەکرد- ئۆگست سیزان، هەرچەندە چیرۆکی ژیانی ئەم وێنەکێشە پێمان ئەڵێت کە تەمەنێکی زۆر لە ململانێیەک بووە لەگەڵ باوکی کە دەیویست کوڕەکەی ببێت بە پارێزەر و هونەر بەجێبهێڵێت (چونکە کاری خڵتەکانە) هەروەکو چۆن باوکی دەگوت. شاینی باسە کە باوکی بۆ ماوەیەکی زۆر سەروەت و سامانەکەی لە سیزان بە دوور گرتبوو تاوەکو گیانی لەدەستدا لە ساڵی ١٨٨٦ و سەروەتێکی زۆری بۆ سیزانی وێنەکێش بەجێهێشت کە وای لێ کرد بەردەوام بێت لە ژیانە هونەریەکەی و وێنەی جوان بکێشێت هەروەکو چۆن ئاراگۆنی شاعیر دەڵێت لە هۆنراوەیەک کە جان فێرا وەریگێراوەتەوە (سیزان بە یەک سێو جیهانی گۆڕی)، هەروەها شارڵ ئزنافور لە گۆرانی بۆهیمیەکەی ناوی ئەهێنێ کە باسی لە وێنەکێشانی مونمارتر دەکرد، و دەڵێت:(سیزانێکی نوێیان تیا نیە). کەوایە سەرەڕای هەموو شتێک سیزان ناوی باوکی بە خراپە نەدەهێنا، بەڵام ئەوەی ئەو کارەی دەکرد لە جیاتی ئەمیل زۆلا کەهاوڕێی زۆر نزیکی بوو لە سەرەتای ژیانی، لەسەر سیزانی باوک نووسیبوی (لە خۆبایی، کۆماریی، برژوازی، و کەسێکی سارد و ڕەزیل بوو).
• هەرچۆنێک بێت، زۆربەی ئەوانەی کە لەسەر ژیانی سیزانی کوڕ شتیان نووسیوە، دەڵێن کە دوو دڵێتی و هەڕشەکانی باوکی وای لە سیزان کردوە کە بڕوای بە خۆی نەبێ و بەردەوام تێکشکاو بێت، بەتایبەتی لە کاتی گەنجێتی ئەو کاتەی باوکی لە ژیاندا مابوو. لە ڕاستیدا ئەم لایەنەی ژیانی سیزان و پەیوەندیەکەی لەگەڵ باوکی بەردەوام جێگای باس بووە، تاوەکو ڕەخنەگران گەیشتن بەوەی کە سیزان تەنها چەند وێنەیەکی باوکی کێشاوە، لە کاتێکدا کە سیزان بەوە جیادەکرایەوە لە نێو هاوڕێیە ئیپمرشیزمەکانی کە (پۆرترێت)ی شەخسی زۆر ئەکێشێت، لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زۆر تابڵۆی بۆ دۆمینیکی خاڵۆی کێشاوە کە بەردەوام لە خانەوادەکەی جیایی دەکردوە، هەموو ئەمانە لۆژیکین و بەشێکن لە چیرۆکی ژیانی وێنەکێشێک، بەڵام ئەوەی سەیرە بەڕاستی، کە سیزان لە ساڵی ١٨٦٦ لەو کاتەی کە زۆر توڕە بوو لە باوکی، و باوکیشی بێزار بوو لە هونەری کوڕەکەی و هونەر بە گشتی، یەکێک لە باشترین تابلۆکانی کێشا سیزان، ئەویش کە بە تابلۆی (باوکی هونەرمەندەکە ڕۆژنامەی لیفانمان ئەخوێنێتەوە) ناسراوە، شایەنی باسە کە ئەم تابڵۆیە لە ساڵی ١٨٨٢ واتە دوای ١٦ ساڵ لە کێشانی، و دوای کۆچی باوکی سیزان بە ٤ ساڵ، تەنها تابڵۆیە کە پەسەند کرا لە پێشانگای (پاییز) کە بە یەکێک لە باشترین پێشانگاکانی جیهانی هونەی فەڕەنسی دادەنرا. دەبێت ئەمە چۆن لێکبدەینەوە ؟
• لە ڕاستیدا ئەگەر کەسێک لەم تابڵۆ گەورەیە راما (کە بەرزیەکەی نزیکەی دوو مەترە و پانیەکەشی ١٢٠ سم کەمتر نیە، ئەم تابڵۆیە ئێستا لە (ناشیناڵ گالیری) لە واشنتۆنی پایتەخت دانراوە)، بێ ئەوەی هیچ لەسەر ژیانی سیزان بزانێت، هەست بە ئاوێتەبوونی نێوان مۆدێل و وێنەکێش دەکات. و شارەزای هونەری دەتوانێت سرنجی ئەوە بدات کە کێشانی وێنەیەکی واقعی لەم ڕادەیە پێویستی بە کاتێکی زۆرە کە مۆدێل دانیشێت، و وینەکێش ئیش بکات، چەند جارێک تاوەکو تابڵۆکە تەواو دەبێت، زیاتر لەو کاتانەی کە بۆ وێنەکێشانی دۆمینیکی خاڵی تەرخانی دەکرد، هاوڕێ نزیکەکەی باس لەوە دەکات کە هەموو نیوەڕوانێک چەقۆی بەکاردەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی ڕەنگەکان بە خێرایەیەکی زۆرتر، دەکرێ ئەمە چی بگەیەنێت ؟
• هەرچۆنێک بێت، لێرە دەتوانین بگەین بەشتێک لە نێوان ئەوەی کە ئەمیل زۆلا نووسیوێتی لەسەر سیزان لەگەڵ ئەوانەی کە لەسەر ژیانی سیزان شتیان نووسیوە، و ئەوەی کە ئەم تابڵۆیە پیشانمان دەدات کە یەکێکە لە گرنگترین کارەکانی سیزان لە ڕەوتی هەونەری واقیعی، دەتوانین ئەوە بڵێن کە ئەم تابڵۆیە بە جۆرێک کوڕ لە باوکی خۆی نزیک کردوەتەوە، لە دوای ململانیەکی زۆر بۆ چەندین ساڵ درێژ بووە، لەکاتێکدا کوڕەکە ناوێک بۆ خۆی دەکرد لەنێو وێنەکێشانی سەردەمەکەی توانی بوێری ئەوەی ببێت داوا لە باوکی بکات ببێت بە مۆدێلی بۆ ئەوەی وێنەی بکێشێت. دەکرێت ڕەزامەندی باوکی وەکو جۆرێک بێت گرەوکردن بێت چونکە بڕوای بەوە نەبوو کوڕەکەی بتوانێت وێنەیەکی جوان بکێشێت، بەڵام شتێک ڕوویدا کە باوکی سەرسام کرد، تابڵۆکە کارێکی هونەری بێ وێنە دەرچوو، لەکاتێکدا سیزان سوور بوو لەسەر ئەوەی بە واقیعی ناویببات، و دەبێتە جێگای ڕەزامەندی باوکی. بەدڵنیایەوە گرەوەکەی بردەوە باوکیشی بۆی ڕوون بووە کە تابڵۆیەکی هونەری ڕاستەقینەیی لە بەردەمدایە وێنەکێشێکی گەورەش کێشاوێتی، بۆیە تابڵۆکە بوو بە تابڵۆی ئاشتبوونەوە لەنێوان باوک و کوڕ.

 272 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*