سەرەکی » زانست » وێنە بەناوبانگەكەی ویندۆز ئاشكرابوو

وێنە بەناوبانگەكەی ویندۆز ئاشكرابوو

كەشتیی نوح

دوای چەندین ساڵ توانرا شوێنی ئەو دیمەنە ئاشكرا بكرێت كە لە كۆمپیوتەری ملیۆنان كەسدا هەیە و وەك باکگراوندیش بەكارهێنراوە.

ملیاران كەس لە سەرتاسەری جیهاندا لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەرەكانیاندا كە بە سیستمی كارپێكردنی ویندۆزی(xp) كۆن دایان گیرساندووە، وێنەی ئەو دیمەنەیان بینیووە كە راستەوخۆ هاتۆتە سەر شاشەی كۆمپیوتەرەكەیان كە بریتییە لە تەپۆڵكەیەكی سەوز لە ژێر ئاسمانێكی شیندا، زۆر كەسیش وایان لێكداوەتەوە کە پێدەچێت ئەو دیمەنە راستەقینە نەبێت، بۆ راستی و دروستیی ئەو بۆچوونەش پێگەی زانستیی (SFGATE) ئەو شوێنەی ئاشكرا كردووە كە ئەو وێنە بە ناوبانگەی لێ گیراوە.

بە گوێرەی ئەو پێگەیە وێنەكە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لەسەر رێگەی خێرای (12)ی ناوچەی سانومای سەربە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا گیراوە و دواتریش بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆتەوە.

پێگەكە خاوەنی وێنە فۆتۆگرافەكەی دۆزیوەتەوە كە ناوی (چارڵز ئوریرە) و لە زاری خۆیەوە باسی چۆنێتی ئەو وێنەگرتنەی كردووە.

ئوریرە دەڵێت: «لە رۆژی هەینی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی (1996) دا ئەو وێنەیەم گرتووە كاتێك دەمویست بچم بۆلای ئەو كچەی ئێستا هاوسەرمە، ئەو كەسانەشی وێنەكەیان بینیووم نەیانزانیووە راستییە».

هەروەها دەڵێت: «لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەم ناوچەیەی ئەمریكا و لە مانگی كانوونی دووەمدا هەستێكی خۆش لای شۆفێر دروست دەكات، كاتێك سەیری ئەو فەرشە بەرفراوانەی سەوزەگیاكە دەكات».

چارڵز كە ئێستا تەمەنی (79) ساڵە، راشیگەیاندووە کە وێنەكەی ناردووە بۆ یەكێك لە ئاژانسەكانی وێنە و لەو كاتەدا لە بەرامبەر بڵاوكردنەوەیدا و وەك مافی پارارستنی خاوەندارێتی وێنەكە، بڕێك پارەیان پێداوە، بەبێ ئەوەی بڕە پارەكە ئاشکرا بکات، بەڵام دەوترێت ئەو بڕە پارەیە چەند سفرێكی هەبووە، واتە یان (100) هەزار یان سەدان هەزار دۆلاربووە.

پێشتر چارڵز ماوەی 20 ساڵ لە هەردوو ڕۆژنامەی (لۆس ئەنجڵس تایمز) و (كانساس سیتی ستار) كاریكرووە، بەڵام زۆر باش دەزانێت ئەو وێنەیەی (ویندۆزی (xp) لە هەموو شتێك زیاتر ناو و ناوبانگی بەزیندوویی دەهێڵیتەوە.

سەرچاوە: Sky news

 519 جار بینراوە