سەرەکی » زانست » سەرخەو شكاندن یادگە دەپارێزێت؟

سەرخەو شكاندن یادگە دەپارێزێت؟

كەشتیی نوح

چەند دەیەیەكە توێژینەوە پزیشكییەكان بەردەوامن بۆ ئاشكراكردنی پەیوەندیی نێوان خەوتن و كۆئەندامی بەرگریی و پاراستنی یادگە.

بەم دواییەش چەند توێژینەوەیەك سەلماندوویانە كەمێك خەوتن لە نیوەڕواندا (سەرخەو شكاندن) كاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر تەندروستی بە تایبەتی ژیریی مرۆڤ و یادگە بە چالاكیی دەهێڵێتەوە.

نوێترین توێژینەوەش كە لەو بارەیەوە كرابێت توێژینەوەیەكی زانایانی چینە كە لەسەر (2500) خۆبەخش كراوە كە تەمەنیان لە سەروو (60) ساڵەوەیە و ئەو زانایانە بۆیان دەركەوتووە ئەوانەی بەردەوام نیوەڕوان بۆ ماوەیەكی كەم خەوتوون، دۆخی ژیرییان زۆر باشە و یادەوەرییەكی زۆر بەهێزییان هەیە و توانای زمانەوانیان زۆر باشترە بە بەراوورد بەوانەی نەیانتوانیوە بخەون و یان خۆیان حەزیان لە خەوتنی نیوەڕوان نەبووە.

لە بەرامبەریشدا چەند توێژینەوەیەکی دیكە كراون كە رای جیاواز و دەرەنجامی جیاواز و پێچەوانەی لێكەوتۆتەوە بە شێوەیەك لەو توێژینەوانەدا ئاماژە بەوە دراوە کە سەرخەوشكاندن هیچ پەیوەندیی نییە بە باشبوونی توانای ژیریی بەتەمەنەكانەوە.

سەرەڕای ئەو راپۆرت و دەرەنجامە جیاوازانەش، پزیشكان و پسپۆڕانی تەندروستیی سەرنجیان لەسەر ئەوەیە كە پێویستە مرۆڤ بە باشیی و لەكاتی گونجاودا بخەوێت، چونكە هەندێك شێوازی خەوتن هەڕەشەی جدییە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و توانا ژیریی و مەعنەوییەكانی لەناو دەبات.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە پشێوییەكانی خەوتن بووەتە مەترسیی گەورە بۆ ملیۆنان كەس لە سەرانسەری جیهان و بەو هۆیەشەوە هەندێك كەس تووشی چەندین نەخۆشیی درێژخایەن بوون.

سەرچاوە: الصحة والحیاة

 561 جار بینراوە