سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » شرۆڤەی هەڵە یان چەواشەكردنی بە ئەنقەست؟

شرۆڤەی هەڵە یان چەواشەكردنی بە ئەنقەست؟

قسەكانی دوێنێی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە جەختكردنەوە لەسەر لامەركەزیی زۆر روون و راشكاوانە بوو كاتێك دەڵێت: سیستمی لامەركەزیی ئیداریی و داراییمان بۆ سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمە نەك سلێمانی و ئەو سیستمە دەبێتە مایەی بەهێزكردنی هەرێم نەك لاوازكردنی، ئیتر ئەم دەستەواژە و رستانە هیچ پێچ و پەنایەكی تێدا نییە تا بە ئارەزوو شرۆڤەی بۆ بكرێت، چونكە ناشێت ئێمە لە بەغدا داوای ئەوە بكەین كە دەبێت رەچاوی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمەكان و پارێزگاكان بكرێت بە گوێرەی ئەوەی لە دەستووردا هاتووە و ئیدیعای ئەوە بكەین كە بە پتەوكردنی پایەكانی فیدڕالی و رەچاوكردنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و شەراكەتی راستەقینە پایەكانی عیراقێكی یەكگرتوو و فیدراڵ بەهێزتر دەبێت، بەڵام كە دێتە سەر مەسەلەی ناوخۆی هەرێم بڕوامان بەو بنەمای تەوافوق و شەراكەتە نەبێت و هەرچیش قسەی لەسەر بكات هەزارو یەك شرۆڤە و تیرو توانجی تێبگرین.

پێداگریی لەسەر خزمەت کردنی خەڵک
دیارە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت موزایەدەی نیشتمانی بوون و كوردستانیبوون بەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بكات، چونكە تاكە حزبە كە هەم لە هەموو ناوچەكانی كوردستاندا شەهیدی بۆ بەرگریی لە خەڵك و خاكی كوردستان بەخشیووە، هەمیش لە هەموو ناوچە و زۆنەكاندا پێگەی جەماوەریی و سیاسیی خۆی هەیە و هەر یەكێتیش دەستپێشخەر بووە لەوەی سیمای دوو كەرتی و دوو ئیدارەیی جوگرافی وەك دەرهاویشتەیەكی شەڕی نەگریسی ناوخۆ كۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام یەكێتی نایەوێت چیتر دۆخی ناهەمواری بژێویی خەڵك و پشتگوێخستنی ناوچەیەك لەسەر حسابی ناوچەیەكی دیكە بكاتە قوربانیی دروشمی بێ ناوەڕۆك، چونكە ناشێت یەكێتی وەك هێزی سەرەكیی كە بەشێكی زۆر لە خەڵكی كوردستان هیوایان لەسەر هەنگاو و هەڵویستەكانی ئەو هەڵچنیووە، دۆش دابمێنێت بەدیار بێزاریی و ناڕەزایی خەڵكەوە لەبەرامبەر كەمیی خزمەتگوزاریی و خراپیی بژێویی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانەوە، بۆیە لەتەواوی بڕوایەوە بەوەی خەڵك چاوەڕێی دروشمبازیی و وتاری حەماسی لە یەكێتی ناكەن، بەڵكو ئومێدیان لەسەر هەنگاو و هەڵوێستی پراكتیكی ئەو حزبە هەڵچنیووە، بۆیە ئەویش دەبێت خۆی لەوە یەكلایی بكاتەوە كە ئاخۆ دەكرێت لەبەرامبەر ئەو بێ دادی و ناشەفافی و كەمیی خزمەتگوزارییانەی كە هەیە دەستەوسان دابنیشێت و وەكو حزبێكی ئۆپۆزسیۆن دروشمی سەوز و سوور پەخش بكات لە میدیاوە، یان دەبێت وەك حزبێكی بەشدار و سەرەكیی لە كایەی حکومڕانیدا بوێرانە دەست لەسەر هەڵە و كەموكوڕییەكان دابنێت و بە پراكتیكی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە بە راوێژ و قەناعەت پێكردن بە هاوبەش و شەریكەكانی دەستەی حکومڕانی لە هەرێمەكەدا؟

لامەرکەزی چ زیانێکی هەیە؟
ئایا چ زیانێك لەوەدا هەیە كە لە داهاتی هەموو ناوچەكان هەموو ناوچەكان بەپێی رێژە و ئاستی پێویستییەكانیان خزمەتگوزارییان پێشكەش بكرێت؟ حكومەتی هەرێم چ زیانێك لەوە دەكات كە هاووڵاتیانی زاخۆ و دهۆك و ئاكرێ و سۆران و باڵەكایەتی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین بۆ گرفتێكی سادە و ساكار یان بۆ ئیمزایەك چەند سەد كیلۆمەترێك رێگە نەگرنەبەر بۆ چوونە هەولێر؟ پێگەی حكومەت چ زیانێك لەوە دەكات كە گرفتی یەكە ئیدارییەكان بەشێوەی مەیدانی چارەسەر بكرێت و بابەتە سیادییەكانی وەك كاروباری ئەمنی و پەیوەندییەكان و دارایی و سەربازیی هاوشێوەی هەموو دەسەڵاتێكی گەشەسەندوو و راقی لە جیهاندا پەیوەست بن بە پایتەختەوە و لایەنە ئیدارییە لاوەكییەكان بۆ ئیدارەی ناوچەكان خۆیان بە هاوكاریی و راوێژی حكومەت لە هەولێر بەجێ بهێڵرێت؟ ئیدی بۆچی ئەم شێواز و سیستمە لە حکومڕانی وەك گورز وەشاندن لە یەكێتیی خاكی هەرێمی كوردستان شرۆڤە بكرێت و بەو شێوازە لێك بدرێتەوە كە ئەمە هەنگاونانە بۆ لەبەریەك هەڵوەشاندن و لاوازكردنی پێگەی هەرێم، لەكاتێكدا بۆخۆی ئەوەی ئێستا هەیە گورزی لە پێگەی هەرێم وەشاندووە و شارە گەورەكانی كردۆتە گوندێكی گەورە و بەشی زۆری فەرمانگە باڵاكانی ناو یەكە ئیدارییەكان تەنها بوونەتە دیكۆر و بەبێ دەسەڵاتی ناوەند لە هەرێم توانای دەست بەئاوداكردنیان نییە، كە ئەمەش دواجار زیان بە ئینتیمای هاووڵاتی بۆ یەك نیشیتمان دەگەیەنێت و بەرپرسانی ناو یەكە ئیدارییە جیاجیاكانیش روو زەردی بەردەم خەڵكی سنوورەكانیان دەكەن بەوەی هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، جگە لەوەی ئەوانیش وەك هاووڵاتییە ئاساییەكە گلەیی بكەن و رەخنە بگرن.

 1,075 جار بینراوە