سەرەکی » کەلتوور » بەڵێ من عاشقی‌ فروغی‌ فەروخزاد بووم!

بەڵێ من عاشقی‌ فروغی‌ فەروخزاد بووم!

گۆڵزار حەمە فەرەج

کتیێبی‌ ئەزموونی‌ شیعری‌ فەرهاد پیرباڵ، هەوڵدانێکە بۆ تاوتوێکردن و شەن وکەوکردنی‌ قۆناغەکانی‌ سەرەتای‌ دەست بەنووسینکردنی‌ شیعرەکانی‌ پیرباڵ بەتایبەتی‌ ئەو ساڵانەی‌ کە شاعیر فروغی‌ فەروخزادی‌ تێدا ناسی‌ هەتا بڵاوکردنەوە، کەتێیدا لەزمانحاڵی‌ خۆیەوە لەژێر کاریگەری‌ فروغدا بووە.

لە چاپی‌ یەکەمدا روونی‌ کردۆتەوە کە بان دەستی و سێبەری‌ فروغیان بەسەرەوەیە، لێرەوە نووسەر بۆمان روون دەکاتەوە کە بەهۆی‌ خۆشەویستی‌ بۆ فروغ و شیعرەکانی‌، چۆن شیعر لەدایک بوو و چۆن نووسرا، سەرچاوەکەی چی‌ بوو بێ هیچ سڵەمینەوەیەک، لەڕێی‌ ئەم کتێبەوە بۆمان بەیان بکات و، جەختیشی‌ لەسەر ئەکاتەوە کە فروغ نەک تەنها پەنجەرەیەک بوو، بەڵکو جیهانێک بوو شاعیر بوونی‌ خۆی‌ تێدا دۆزیوەتەوە، پیرباڵ هەر لەپێناو تێگەشتن لە فروغ و چێژ وەرگرتن لە شیعرەکانی‌ بڕیاریدا کە خۆی‌ فێری‌ زمانی‌ فارسی‌ بکات.

فروغی‌ فروخزاد لە چواردە ساڵیەوە دەستی‌ داوەتە خوێندنەوەو نووسینی‌ شیعر، لە یاداشتەکانی‌ خۆیدا، لەبارەی‌ قۆناغی‌ هەرزەکاریی‌ خۆی‌ دەڵێ: رۆژانە دوو سێ جار لەناو مەتبەخ یان لەسەر مەکینەی‌ خەیاتیم، چۆن دیوانە شیعرم دەخوێندەوە، ئاوهاش شیعرم دەنووسی‌، فروغ هەم لەبەر ئەوەی شاعیڕێکی هەست ناسک و لێوان لێو لە جوانی‌ بوو، لەلایەکی‌ تریشەوە ناوەرۆک و شێوازی‌ خستنە رووی‌ چەمکە ئێڕۆتیکی و ماخۆلانەکانی، وەک خەفەت و تەنیایی‌ و جەستە و هەوەس و پرسە تاکەکەسیەکانی زۆر سەرنجی‌ منیان راکێشابوو، کە وەک وانەیەکی‌ دەربڕینی راستگۆیی‌ بوو بۆ من و لە فروغەوە فێر بووم. فروغ لە هونەری‌ تەکنیکدا زۆر باڵادەست بوو، کە نەک لە ئێران و وڵاتە عەرەبیەکاندا، بەڵکو لەتەواوی جیهانیشدا هیچ شاعیرێک لەسەردەمی‌ فروغدا نەبوو وەک ئەو تازەهێن و کارامە بێت لە بەستێنی‌ تەکنیکدا، لەم بوارەدا مەزنترین هونەرمەندی‌ جیهانی‌ شیعر بوو.

پیرباڵ دەڵێ: ئەم جۆرە تەکنیکەی‌ شیعری‌ فروغ، تەکنیکی‌ تابلۆ کە من سوودم لێ بینیوە پشت بە کۆپلەی‌ پڕشوبڵاو دەبەستێ و پشت بە تیکە تیکەی‌ پەخشانکراوی‌ ئەملاو ئەولا دەبەستێت، فروغ یاخی‌ بوو، دژی‌ کۆمەڵگە و دابونەریتی‌ کۆن و دژی‌ سیستەمە باوەکان بوو، وەک تاکێک و ژنێک دەیویست بژی‌، دیدێکی‌ قوڵ لای‌ فروغ هەبوو کە کچێکی‌ تارانی‌ شاری‌ بوو کە لەناو جەرگەی ژیانی‌ شارستانیی‌ تارانەوە بیری‌ دەکردەوە، فروغ تایبەتمەندییەکی‌ بە شیعر بەخشی‌ کە پێشتر هەرگیز لە شیعری‌ فارسیدا نەبوو، فروغ میسراعەکان درێژدەکاتەوە و لە بڕگەیەکیشدا وەزن، مۆسیقا بەردەوامبونی‌ خۆی هەیە، واتە لە میسراعێکی‌ درێژیشدا هەر وەزن، مۆسیقا لای‌ فروغ رەچاو کراوە، لە شیعردا بەمرۆڤکردنی‌ واتاکان یان بەمرۆڤ کردنی‌ ئەبستراکت و چەمکە زەینیەکان، واتە لێرەدا شاعیر سیفەتی‌ مرۆڤ دەبەخشێتە واتاکان، گیان و زیندوێتی‌ بەبەر چەمک و ئەبستراکت و راژەکاندا دەکات.

 1,270 جار بینراوە