سەرەکی » راپۆرت » سەرۆك كۆمار: چارەسەر لەسەر بناغەی دەستوورپەڕە 3

سەرۆك كۆمار: چارەسەر لەسەر بناغەی دەستوور

كۆسرەت رەسوڵ: لە چوارچێوەی دەستووردا كێشەكان یەكلایی بكرێنەوە
״عەبادی بەدواداچوون بۆ داواكارییەكانی (كوردستانییەكان) دەكات״

تەئكیدكردنەوە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەردەوامە و كۆتایی هەفتەی رابردووش فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دووجار كۆبوونەوە و بەپێی لێدوانی دوای كۆبوونەوەكەش «سەرۆك وەزیران بەڵێنیداوە بەدواداچوون بۆ داواكارییەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بكات».

سەرۆك كۆمار: سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی ئایندە
لە دوو رۆژی رابردووشدا، د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار لەمیانی وتارێكدا لە شەشەمین كۆنگرەی باڵیۆزەكانی عیراقدا، رایگەیاند: چارەسەركردنی ناكۆكییە ناوخۆییەكان لەسەر بناغەی دەستوور لەسەروو هەموویانەوە ناكۆكی نێوان هەولێر و بەغدا و كۆتاییهێنان بە لێكەوتەكانی ئەو ناكۆكییە پێویستە. هەروەك تەئكیدی لە «سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی ئایندە و هەنگاونانی شێلگیرانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون» كردەوە.

كێشەو قەیرانەكان كۆتاییان پێ بهێنرێ
لەلایەكی دیكەوە، دوێنێ لە سلێمانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەجیا پێشوازییكرد لە وەفدێكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرۆكایەتیی مستەفای هیجری سكرتێری حزب و وەفدێكی هاوڕێی، وەفدێكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڵێن عەبدوڵڵا هاوسەرۆكی حزب و وەفدی هاوڕێی.
لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمەوە، جێگری سكرتێری گشتی و وەفدی حزبی زەحمەتكێشان بە پێویستیان زانی «لە زووترین كاتدا كێشەو قەیرانەكان كۆتاییان پێ بهێنرێ و لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەی دەستووردا كێشەكان یەكلایی بكرێنەوە».

״كورد بە یەك دەنگ داوای مافەكانی لە عەبادی كرد״
كۆتایی هەفتەی رابردووش فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دووجار كۆبوونەوە و سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز رایگەیاند: هەموو فراكسیۆنەكان بە یەكهەڵوێست داكۆكیمان لە مافەكانی گەلی كوردستان كرد.
ئارێز عەبدوڵڵا سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: تەوەری كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە تاوتوێكردنی پرسی بودجە، مووچە، فڕۆكەخانەكان، كەركوك و خورماتوو، گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەكان، پارەی گەنمی جوتیاران، پێشمەرگە، مامۆستا كوردەكانی كەركوك و ناوچەكانی تر، خاڵە سنووری و گومرگییەكان، پارێزگای هەڵەبجە. وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو خاڵانە بكات، بۆ بودجە-ش كە ئێمە پێمان وایە ناهەقی بەرامبەر بە گەلی كوردستان كراوە بڕیاردرا چەند پەرلەمانتارێكی كوردستانی و وەزارەتی دارایی عیراق كۆببنەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێزلێنان لە خاتوو فەهیمە ئەمین دایكی شەش شەهید و خوشكی دوو برای شەهید

شوان كەریم دوێنێ، لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ...