سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندانەكانی باشوور و لەسەركارلابردنی پارێزگارەكان

زیقار رچەشكێن بوو

خۆپیشاندانەكانی باشوور و لەسەركارلابردنی پارێزگارەكان

هاوشێوەی پارێزگای زیقار لە باشووری عیراق كە تەوژمی خۆپیشاندانی میللی بووە مایەی كوژران و برینداربوونی دەیان خۆپیشاندەر و لەسەركارلابردنی پارێزگارەكەی، پارێزگاكانی تری باشوور هەمان رێچكە دەگرنەبەر دێنە سەر هێڵی لەسەركارلابردنی حكومەتە خۆجێییەكان كە بە تێوەگلان لە گەندەڵی تۆمەتبار دەكرێن، ئەم دیمەنەش خاڵی نییە لە كاریی سەركوتكاریی و كەوتنەوەی قوربانی بەدەستی هێزە ئەمنییەكان.

بەشێوەیەكی نیمچە رۆژانە، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە نەجەف و بابل و قادسیە و موسەننا بەڕێوەدەچێت و لە هەندێك جاریشدا كاری توندوتیژی بەخۆوە دەبینن، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەكان كە گوللە و بۆمبی فرمێسكڕێژ لەدژییان بەكاردەهێنن بۆ بڵاوەپێكردنیان و پشتبەستن بە رێوشوێنە توندەكان لە داخستنی رێگەوبانەكان لە شارەكاندا.

حكومەتە خۆجێییەكان كە وابەستەی حزبە دەستڕۆیشتووەكانن، بە تێوەگلان لە دۆسێی گەندەڵییە گەورەكان و خراپ بەڕێوەبردن تۆمەتبار دەكرێن، ئەمەش كاردانەوەی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان لەو پارێزگایانەدا دروستكردووە كە وای لە دانیشتوانەكانيان كردووە ناڕەزایی لەبەرامبەردا دەرببڕن.

حزبەكان و هێزە سیاسییەكان لەو پارێزگایانە كە حكومەتە خۆجێییەكان سەر بە خۆیانن، هەوڵ دەدەن كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن لەڕێی كڕینی كەسێتییە دەركەوتووەكان تێیدا، بەڵام دیمەنەكە پێدەچێت جیاواز بێت،

لە دوای شكستخواردنی هەوڵەكان، ئەمەش وای كردووە رووبەڕووبوونەوەكان لەنێوان هەردوولادا توندتر ببنەوە (خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان)، ئەمەش مایەی زیادبوونی ژمارەی قوربانیان دەگەیەنێت.

بە وتەی بەرپرسێكی خۆجێی لە نەجەف، سەركردە سیاسیە دەركەوتووەكان پەیوەندی دەكەن و گوشاری جیاجیا دەكەنە سەر چالاكوانان و خۆپیشاندەران، لەپێناو راگرتنی ناڕەزایی كە سەرلەنوێ‌ دەستیپێكردۆتەوە و داوای لەسەركارلابردنی پارێزگار دەكەن، ئەو بەرپرسە بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری راگەیاندووە»زۆربەی ئەو هەوڵانە بۆ كڕینی خۆپیشاندەران دووچاری شكست بوون».

ئەو بەرپرسە دەڵێت»رەتكردنەوە دەبێتە مایەی هەڵكشانی تەوژمی ناڕەزایی لە پارێزگاكان، بە تایبەت دوای ئەوەوی خۆپیشاندان و گوشارەكان لە پارێزگای زیقار بوونە مایەی لەسەركارلابردنی نازم وائیلی پارێزگاری پێشوو، ئەمەش بۆتە هاندەر بۆ پارێزگاكانی تر، تا لەسەر گوشاركردن بەردەوامبن»، پێشبینیشی كرد لە چەند رۆژی داهاتوودا بەریەككەوتنەكان روو لە زیادبوون بكەن بەهۆی ناڕەزاییەكانەوە».

عەباس زاملی، نوێنەری پارێزگای قادسیە لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێشبینی دەكات رووبەری خۆپیشاندان لە پارێزگاكانی باشووردا درێژ ببێتەوە، بۆ روخاندنی پارێزگارەكان.

زاملی لە لێدوانێ كی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»پزیشكی خۆپیشاندانەكان كە لە پارێزگاكانی باشووردا فراوان دەبێت، بەهۆی خراپی رەوشی خزمەتگوزاریی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵییە تێیاندا، ئەمەش هێندەی تر خۆپیشاندەران هاندەدات، تا بڕژێنە شەقامەكان و داوای گۆڕینی حكومەتە خۆجێییەكان بكەن».

بە وتەی ئەو نوێنەرەی پارێزگای قادسیە»بزاوتنی ناڕەزایی بەردەوام دەبێت و بۆ پارێزگاكانی تر درێژدەبێتەوە، ئەوەی لە ناسریە رویدا كە بووە مایەی لەسەركارلابردنی پارێزگار، هاندەرە بۆ خۆپیشاندەرانی پارێزگاكانی تر، و پاڵنەرێكی بەهێزە تا رووەو هەمان ئاراستە رێبكەن».

چالاكوانان دەڵێن، خۆپیشاندانەكانیان راناوەستن تا ئەوانەی بە «كۆمەڵەكانی گەندەڵی» ناوییان دەبەن لە پارێزگاكاندا، نەڕوخێنن.

بەڕا ئەلغزی چالاكوانی مەدەنی لە پارێزگای نەجەف دەڵێت»پارێزگارەكان لە بەڕێوەبردنی پارێزگاكاندا بەشێوەیەكی پیشەگەریی شكستخواردووبوون، بە تایبەت كە ئەجێندا تایبەتییان هەیە و ناتوانن لێی دەربچن.

ئەو چالاكوانە بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری رایگەیاندووە»پارێزگارەكان و حزبەكانیان، دەستییان بەسەر موقەدەراتی پارێزگاكاندا گرتووە، و هاوبەشن لە گەندەڵییەكان، و بۆ چەندان ساڵە هیچییان نەهێناوەتەدی».

پارێزگاكانی باشووری عیراق كە دەوڵەمەندن بە نەوت، لە رەوشێكی خراپدا دەژین لەڕووی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی هەلی كار بۆ دانیشتوان، ئەمەش بەهۆی كۆنترۆڵكردنی ئیدارەكانیان لەلایەن حزبە دەستڕۆیشتووەكان كە توانیویانە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر موقەدەراتەكاندا بسەپێنن و دانیشتوانی بێبەش بكەن».

خۆپیشاندان لەم ماوەیەی دواییدا لە پارێزگای زیقار كە پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی بەخۆوەبینی، كوژران و برینداربوونی دەیان خۆپیشاندەری لێكەوتەوە، ئەمەش بووە مایەی لەسەركارلابردنی نازم وائیلی پارێزگار و دەستنیشانكردنی عەبدولغەنی ئەسەدی سەرۆكی دزگای ئاسایشی نیشتمانی لە جێگەی، ئەم رووداوە وای لە خۆپیشاندەرانی زۆربەی پارێزگاكانی باشوور كرد، تەوژمی ناڕەزاییەكان فراوان بكەن و كار بۆ لەسەركارلابردنی ئەو بەرپرسانە بكەن كە بە تێوەگلان لە دۆسێكانی گەندەڵی، تۆمەتبارییان دەكەن.

لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق دەستیپێكرد و تێیدا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ لاوان و نەهێشتنی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و دواجاریش گەیشتنە ئەو ئاستەی داوای گۆڕینی سیستمی سیاسییان كرد لە وڵاتدا.

بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیشەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران، زیاتر لە 700 خۆپیشاندەر لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشوور كوژراون و هەزاران كەسی تر برینداربوون، خۆپیشاندانەكانیش گوشارێكی زۆریان لەسەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دروستكرد كە دواتر بووە مایەی دەستلەكاركێشانەوەی، لە مانگی ئایاری 2020 لە دوای هەوڵێكی ماراسۆنی دوورودرێژ، مستەفا كازمی حكومەتی راگوزەری پێكهێنا و بەڵێنیدا هەڵبژاردنی پێشوەختە سازبكات و لێوەی حكومەتێك پێكبهێنرێت كە ببێتە مایەی هێنانەدیی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.

 147 جار بینراوە