سەرەکی » دۆسێ » نزیكەی پێنج ملیۆن عیراقی لە دەنگدان بێبەش دەكرێن

بە بڕیارێكی كۆمسیۆنە

نزیكەی پێنج ملیۆن عیراقی لە دەنگدان بێبەش دەكرێن

عیماد یۆحەننا، راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ كاروباری پێكهاتەكان رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە، پێچەوانەی یاساكارپێكراوەكانە، بەهۆی ئەو كەلێنە یاساییەشەوە، چوار بۆ پێنج ملیۆن عیراقی لە بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە بێبەش دەكرێن.

عیماد یۆحەننا لە لێدوانێكی رۆژنامەنوانیدا رایگەیاند»بڕیارەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە، پێچەوانەی یاساكارپێكراوەكانە كە رێگە بە عیراقییەكانی دەرەوەی وڵات دەدات بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بكەن، ئەو بڕیارە پێویستی بە دەستكاریی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانییە».

بە وتەی یۆحەننا»زۆرێك لە فراكسیۆن و حزبە سیاسییەكان، رێگرییان بەرامبەر بەو بڕیارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەربڕیوە، بەو پێیەی ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار مەسیحی لە مافی دەنگدان لە تشرینی یەكەمی داهاتوودا، ببێبەش دەكات».

یۆحەننا پێیوایە»لە حاڵەتی چارەسەرنەكردنی ئەو كەلێنە یاساییە، لەنێوان چوار بۆ پێنج ملیۆن عیراقی لە بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە بێبەش دەبن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش بیانووی بۆ دەركردنی بڕیارە لەناكاوەكەی ئەوەیە كە گوایە نزیكەی بیست دەوڵەت یان زیاتر، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە رەزامەندییان دەرنەبڕیوە بۆ كردنەوەی ناوەندەكانی دەنگدان».

عیماد یۆحەننا كە پەرلەمانتاری پێشووە دەڵێت»ئاراستەیەك هەیە لە پەرلەمان بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن لە ماوەكانی داهاتوو، چونكە زۆرێك لە پەرلەمانتاران چاوەڕوانی تەوابوونی پێكهێنانی دادگای فیدراڵی دەكەن، تا دە تانە لە یاسای دەنگدان پێشكەش بكەن».

راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە»حكومەتیش تێبینی خۆی هەیە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بەڵام ترسی ئەوە هەیە كردنەوەی دەروازەكان لەبەردەم هەمواری یاساكە ببێتە مایەی دواكەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن»، رەتیشیكردەوە هەندێك بڕگەی یاساكە كاریگەریی لەسەر ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن هەبێت، «بۆیە دەكرێت بەر لە تشرینی یەكەمی داهاتوو لەنێو پەرلەماندا هەمواربكرێت».

یۆحەننا دەڵێت»لەنێوان ئەو ماددانەی بۆ هەمواركردن پێشنیاركراون، بابەتی پشتبەستنە بە كارتی بایۆمیتری و كارتی ئەلیكترۆنی و پێویستی پشتبەستن بە یەكێكیان»، ئاماژەی بە بوونی دە بڕگەش كرد لە یاسای هەڵبژاردندا كە «پێویستیان بە هەمواركردن هەیە لەلایەن پەرلەمانەوە».

هەڵوێستی عیراقییەكان لەبەرامبەر بڕیارەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە دەرەوەی وڵات بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، هۆكاریی بڕیارەكەش بۆ پەتای كۆرۆنا، و كەمی ماوە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو شوێنانەی دەكەونە دەرەوەی سەروەریی عیراقی كە وادەكەن بكەونە ژێر یاساكانی ئەو وڵاتانە، نەك ژێر دەسەڵاتی عیراقی، دەگێڕدرێتەوە.

هەندێك پشتیوانی لە بڕیارەكە دەكەن چونكە « رێگە لە بەفیڕۆدانی داهاتێكی زۆر دەگرێت»، هەندێكی تر رەخنەیان دەگرن بەو هۆیەی «زۆرێك لە عیراقییەكان لە مافە دەستورییەكانی تایبەت بە دەنگدان بێبەش دەكرێن، بە هەمان شێوە «ئەو هۆكارانەی كۆمسیۆن باسیان دەكات واقعی نیین»، ئەمەش بە وتەی هەندێك لە رەخنەگران.

جەمال ئەسەدی پسپۆڕی عیراقی لە كاروباری یاسایی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە»لە هەڵبژاردنی 2010، كۆی گشتی بەشداربوان لە هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات رێژەكەی 2.5 لەسەدا بوو لە كۆی گشتی ژمارەی بەشداربوان لە هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 ژمارەی بەشداربوان رێژەكەی گەیشتە 3.5 لەسەدا، لە هەڵبژاردنی 2018 رێژەی بەشداربوان كەمبۆوە بۆ 1.5لەسەدا.

ئەسەدی كە پێشتر لە پۆستی پشكنەری گشتی وەزارەتی ناوخۆیی عیراقدا بووە دەڵێت»زۆر لۆژیكییە لەو بڕوایەدابین كە هەڵبژاردنی ئەمجارە گەر بكرێت، جگە لەسەدا پێنجی دەنگدەران بەشداریی ناكەن، بەهۆی كۆتوپێوەندەكان بەسەر هاتووچۆ و رەوشی كۆرۆنا، و رێگەدان بەو دەنگدەرانەی تەنیا كارتی بایۆمیترییان هەیە لە دەرەوەی وڵات».

كارتی بایۆمیتری، كارتی هەڵبژاردنە و زانیاریی تایبەت بە دەنگدەری تێدایە، وەك پەنجەمۆر و وێنەی گلێنەی چاو، پێشبینی دەكرێت لەڕێی ئەو كارتەوە، تا ئەندازەیەكی زۆر رێگە لە روودانی كاریی ساختەكاریی لە هەڵبژاردندا بگرێت.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە عیراق، لە كۆتایی مانگی رابردوو بڕیاریدا دەنگدانی هاووڵاتیانی دانیشتوانی دەرەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەخت، هەڵبوەشێنێتەوە.

كۆمسیۆن (وابەستەی پەرلەمانە)، لە بەیاننامەیەكیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی كۆمسیاران (بەرزترین لایەنی نێو كۆمسیۆن)، لە دانیشتنێكی نائاسایی خۆی بڕیاریدا»هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات هەڵبوەشێنێتەوە».

لەبارەی هۆكارەكانی بڕیارەكەش، كۆمسیۆن رایگەیاندبوو، لە پاشماوەی بەر لە كۆتایی پرۆسەی تۆماركردن كە تەنیا 40 رۆژە، بە گرانی دەتوانن دەنگدەرانی عیراقی دەرەوەی وڵات بە بایۆمیتری و (ئەلیكترۆنی) تۆماربكەن.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»هەروەها وەزارەتی دەرەوەش لەڕێی باڵیۆزخانەكان و كونسوڵخانی عیراق لە دەرەوە، داوای لێبوردنی كردووە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەم قۆناغەی ئێستا، بەهۆی رەوشی تەندروستی نالەبار و ئەو رێكارانەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە سەپێنراون، وێڕای نەبوونی كاتی پێویست بۆ كردنەوەی ئەژمارە جارییەكان بە ناوی نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە دەرەوەی عیراق».

وابڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە دەی تشرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت.

لە دەقی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا هاتووە»دەبێت عیراقییەكانی دەرەوە تەنیا لەڕێی كارتی بایۆمیترییەوە دەنگ بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن بدەن».

ژمارەیەكی زۆر لە عیراقییەكان لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، بەتایبەت لە وڵاتانی دەوروبەر و ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئوسترالیا و كەنەدا، زۆربەی ئەوانە بەهۆی جەنگ و خراپی رەوشی ئەمنی و ناسەقامگیرییەوە وڵاتیان بەجێهێشتووە، بەڵام تائێستا ژمارەی رەسمی لەبارەیانەوە بەردەست نییە.

پێشتر لەدوای پێشنیارێكی كۆمسیۆن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، لەپێناو «تەواوكردنی لایەنە تەكنیكیەكان بۆ تۆماركردنی حزبە سیاسییەكان و دابەشكردنی كارتی دەنگدان و دابینكردنی چاودێری نێودەوڵەتی، حكومەت بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ 10ی تشرینی یەكەمی 2021 دواخست.

 127 جار بینراوە