سەرەکی » دۆسێ » پێنج وڵاتی خۆرئاوایی ئیدانەی تەقینەوەكانی ئەم دواییە دەكەن

باس لە لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەكرێت

پێنج وڵاتی خۆرئاوایی ئیدانەی تەقینەوەكانی ئەم دواییە دەكەن

ئیدانەكردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكی هاوبەش لەلایەن پێنج وڵاتەوە كە لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان پێكدێن بۆ هێرشەكەی ئەم دواییە كە بۆ جاری سێیەم لەماوەی چەند مانگێكدا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان كردە ئامانج، شتێكی نوێی بەدوای خۆیدا نەهێنا كە جیاوازیی لەگەڵ هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكانی تردا هەبێت سەبارەت بە هێرشەكانی پێشوو كە بارەگاكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیان لە هەرێمی كوردستان و ئەنبار و سەڵاحەدین و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، كردە ئامانج.

وێڕای قسەكردن لەسەر بەیاننامەیەكی نێودەوڵی بۆ پشتیوانی لە حكومەتی عیراق و ئاشكراكردنی تێوەگلاوانان لە هێرش و پەلامارەكان بۆسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و هێرشەكانی تر لە عیراق، ئەوەی چاودێری رەوشی عیراق بكات باش دەزانێت زۆربەی ئەو لێكۆڵینەوانەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە راگەیەندراون، ئاكامێكی روونیان نەبووە، بەتایبەت ئەوانەی گومان دەكرێت دەستی میلیشیا و گروپە چەكدارە شیعەكانی تێدایە.

لەم ماوەیەی دواییدا دیسانەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كە سەربازە ئەمریكاییەكانی تێدا جێگیربووە، جارێكی تر رووبەڕووی هێرش بۆوە، هێرشەكەش بۆ جاریی یەكەم لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بوو، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ هێرشێكی مووشەكی تر كە كرایە سەر بنكەیەكی سەربازی توركیا لە بەعشیقە كە 50 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورەو بووە مایەی كوژرانی سەربازێكی تورك، ئەمەش بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا.

بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە هێرشەكاندا، هەنگاوێكی بێ‌ پێشینەیە لەلایەن ئەو گروپە چەكدارانەی بارەگاكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سوپای ئەمریكا دەكەنە ئامانج، جا لە بەغدا بكرێن یان لە ئەنبار یان هەولێر و سەڵاحەدین، بەو پێیەی لە هێرشەكانی پێشوودا پشت بە مووشەكی كاتیۆشا و گوللـە هاوەن دەبەسترا.

پەیامێكی گرنگ
بە بۆچوونی باسل حسێن، سەرۆكی سەنتەری كلوازا بۆ توێژینەوە و پێوانی رای گشتی عیراقی، هەڵوێستی پێنج وڵاتەكە ناردنی پەیامێك بوو كە تێیدا دەڵێن، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نێردەی ناتۆ هەڵوێستێكی یەكگرتوویان هەیە بەرامبەر بە ئەو هێرشانەی بنكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەنە ئامانج و بێدەنگ نابن بەرامبەر بە هێرشێكی تر كە بكرێتە سەریان.

بە وتەی حسێن»هەموو ئەو وڵاتانە هێزیان هەیە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان نێردەی ناتۆ كە وابڕیارە ژمارەی هێزەكانی لە 1100وە بۆ 4000 زیاتر بكات، لەگەڵ دەنگۆی ئەوەی كە بەشێك لەو هێزە ئیتاڵیانەی لە ئەفغانستان پاشەكشە دەكەن كە نزیكەی 500 سەربازن، لە عیراقدا جێگیردەكرێن».

هەروەها دەڵێت»پێنج وڵاتەكە دەیانەوێت پەیامێكی تر بنێرن كە لێوەی دەڵێن، بێدەنگ نابن بەرامبەر بە هەر بەئامانجگرتنێكی نوێی هێزەكانیان، لەگەڵ تەئكیدكردنەوە لەسەر ئەركی ئەو هێزانە كە خۆیان لە چوارچێوەی مەشق و پێشكەشكردنی راوێژدا دەبیننەوە».

لایەنێك خۆی ناكەتە بەرپرس
حكومەتی عیراق، ئەو لایەنانەی ئاشكرا نەكردووە كە دەستییان لە هێرشەكانی پێشووی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز و بنكەی بەلەدی ئاسمانی لە سەڵاحەدین و بارەگاكانی هاوپەیمانان هەیە لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدا و بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار، وێڕای راگەیاندنی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو هێرشانە.

گروپە چەكدارە شیعەكان بە ئاشكرا و لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بەو هێرشانە رادەگەیەنن و وەك تۆڵەكردنەوەش بۆ كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئەمریكایی لە سەرەتای ساڵی 2020 وەسفی دەكەن، یان بۆ دەرپەڕاندنی هێزە بیانییەكان لە عیراق.

رەتكردنەوەی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رەتیدەكاتەوە لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تەقینەوەكانی ئەم دواییەی عیراقدا بكرێت، لێكۆڵینەوەكەش بە زیانگەیاندن بە سەروەریی وڵات لەقەڵەم دەدات.

لەو بارەیەوە گاتع رەكابی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان دەڵێت»بایەخدانی ئەو وڵاتانە بە هێرشەكانی سەر هەولێر سەیرە، لەكاتێكدا پێشتر دەیان تەقینەوەی گەورە لە عیراق رویاندا و سەدان كەس بوونە قوربانی و نەمانبیستووە وڵاتێكیان خۆبەخشانە خۆی بۆ لێكۆڵینەوە تەرخان بكات»، پرسیاری لەبارەی خواستی ئەو وڵاتانەش كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكانی ئەم دواییە.

رەكابی دەڵێت»هێزە عیراقییەكان دەتوانن لێكۆڵینەوە لەو جۆرە رووداوانەدا بكەن و توانای گەیشتنیان هەیە بە ئاكامەكان، بەڵام خواستی شاردراوە لە پشت ویستی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی تەقینەوەكان ، تا هەندێك لە وڵاتان تێوەبگلێنن لەو تەقینانەوا و تاوانەكە بشارنەوە، بۆیە پەرلەمانی عیراق هەموو لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی رەتدەكاتەوە، چونكە پەیوەندی بە سەروەریی عیراقەوە هەیە».

بەغدا بڕیار دەدات
لای خۆیەوە خالید عەبدولئیلا مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی موستەنسریە دەڵێت، حكومەتی عیراق لایەنی بەرپرسە لە هەڵسەنگاندنی مەودای پێویستی بۆ یارمەتی نێودەوڵەتی یان نا، ئاماژەی بە بوونی هاوئاهەنگییەكی ئەمنی پێشتر كرد لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

عەبدولئیلا پێیوایە»هەر كاروبارێك زیان بە بەرژەوەندی بیانییەكان بگەیەنێت لە عیراق، پەیوەندی بە عیراقییەكانەوە هەیە، ئەو كردەوانەش دەبنە مایەی شەرمەزاركردنی عیراق، بە تایبەت لە سایەی قسەكردن لەسەر لایەنی وەبەرهێنان و گەڕانەوەی كۆمپانیا فرە نەژادەكان بۆ دامەزراندنی پرۆژەكانی گەشەپێدان لە بواری نەوت و غاز، یان پرۆژە هاوبەشەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌«.

بە بۆچوونی مامۆستاكەی زانكۆی موستەنسریە»ناوچەكە بە واقعێكی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت، هەندێك هەن دەیانەوێت ناوچەكە لە جەنگی بە وەكالەتەوە بەرەو جەنگی راستەوخۆ ببەن، بە تایبەت كە دەنوستانەكانی دۆسێی ئەتۆمی ئێرانی دەستیانپێكردۆتەوە، بۆیە لەقكردنی سەقامگیریی عیراق لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێك نییە».

 258 جار بینراوە