سەرەکی » کەلتوور » رەخنه و ماناكانی،‌ ئێستا لە بونیادەوە

رەخنه و ماناكانی،‌ ئێستا لە بونیادەوە

سمكۆ محەمەد

٢-٢ و کۆتایی

قسەکردن لەسەر تیۆر شتێکی ئاسان نییە، چونکە پێناسەی جۆراوجۆری ھەیە، یەکێک لەو پێناسانەش بریتیین (لەوەسف یان مانای گشتی بۆ دەق)، سا با ھەر دەقێکی ئەدەبی بێت، گرینگ ئەوەیە پێناسەیەکی دیکە ئەوەیە کە بریتییە (لە لێکۆڵینەوە یان شیکردنەوەی تێکستێک بەرمەبنای فکرێکی دیاریکراو)، یان تێکستێکی ئەدەبی و فۆلکلۆری یان زانستی و ھتد، لەپێناسەیەکی دیکەدا کە من خوێندوومەتەوە، (رۆمەن یاکۆپسن) ی زمانناسی ئەدەبی ڕوسی، پێیوایە بەکارھێنانی تیۆر، بەمانای گەنجبوونەوەی دەق دێت، سەرھەڵدانی ئەم چەمکە فکرییە بە رێوڕەسمێکی مێژووییدا تێپەڕیوە و لقی جیاوازی لێبۆتەوە. وەکو توێژینەوە لەزمانناسی و ئەنتۆڵۆژی وایە، ئەم تێڕوانینە فکرییە ھەریەک لە (لیڤی شتراوس و تەزفیتانت تۆدۆرۆف) سەرمەشقی بوون، بەو پێیەی کە زۆربەی چەمکە فەلسەفییەکان سەرچاوەکەی ئەسینایە، بۆیە یەکەمین جار کەسێک کە زاراوەی تیۆری بەکارھێناو (ئەفڵاتۆن) بووە، ئەویش بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سیستمی دەوڵەت کە ئەوکات بەدەوڵەتشار ناوینراوە، دوابەدوای ئەویش (ئەرستۆ) بۆ ھونەر و ئەدەب و سیاسەت کاری پێکردووە، دواتریش لەسەردەمی ڕێنسانسدا کەسێکی وەکو (فرانسیس بیکۆن) و دواتریش (دیکارت) لەسەدەی حەڤدەھەم لەبواری عەقڵ و ئاشکراکردنی ھەقیقەت و لەبواری زانستدا کاری پێکراوە، لەدوای ئەو کەسێکی وەکو (ئەمانوئێل کانت) لەبوارەکانی ئەخلاق و سیاسەت زاراوەی تیۆری بەکارھێناوە، دوای ئەویش (کلۆد بێرنار) کاری بەتیۆری واقیعیانە کردووە. تیۆر یەکێکە لەو شێوە زانستانەی کە بەنەفعی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەئەزموونگەرایی لەزانستێکی دیاریکراودایە. بەڵام ھەموو فەیلەسوفەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە تیۆر کارێکی زەحمەتە و زۆرجار بەرھەمی ڕاستەقینە و کۆنکرێت بەدەستەوە نادات و رێگە بەبۆچوونی دیکە دەدات.

لەسەرووی ھەموو ئەو تێڕوانینانەوە، تیۆر رێکارێکە بۆ توێژەر، یان نووسەری بابەتێکی فکری بۆ کۆکردنەوەی مەعریفەیە لەسەر ھەر بابەتێک بۆ پۆلین کردن، پاشان شیکردنەوەی سرووشتی بابەت و دیاردەکە بەسەر توێژەردا دەسەپێنێ کە پێویستە چ تیۆرێکی فیکری بەکاربھێنێ، تاکو ئامانجەکە بپێکێ، وردتر بڵێم تیۆر بریتییە لە پڕۆسەکانی سەرنجدان و وردبوونەوە و بەدەستھێنانی زانیاری و کۆکردنەوەی ئەو داتایانەی کە لەرێگەی جیاوازەوە بەدەستھاتوون، دواتر پۆلینکراون و شیکردنەوەیان بۆ کراوە، ھەروەھا ھەوڵێکە بۆ شیکار و تۆماری دیارکراوی بابەت و چاوپێکەوتنی ئەو کەس و لایەنانەی کە گرێدراوی بابەتەکەن، کە دەڵێین سەبارەت بە ئەدەب مەبەستمان لەوەیە کە پێناسەیەکی گشتگیری سیستماتیک ھەبێت بۆ ئەدەب، وەکو نووسین و وەکو ناسینی سروشت کە لەئەدەبدا وێنا دەکرێت.

(2)
تیۆر لەسەر بنەمای بەرھەمی ئەدیب و خودی دانەر و دەق لێکدانەوە دەکات، لەوێشەوە بۆ مانا سۆسیۆلۆژییەکەی کە زمان و مەبەست و پشتی ئامانجی دەق و گوتارەکەیەتی، ئەمە لە کاتێکدا کە رێنیسانس گەشەیەکی تەواوی بە یەکێتی نێوان ستایل و جەوھەری دەق دا، لەوێدا کە دەق وەکو نموودی خۆی و جەوھەریش وەکو مەبەست و ئامانج لە گوتاری دەقەکە. ئینجا بۆ دەقنووس کە ئەرکی چییە لەو گوتارە و لەو مەعریفەیە و لەسەر چ بنەمایەک بۆتە وەزیفەی دەقنووس. ڕۆلان بارت لە کتێبی نووسین و رەخنەگرتن دەڵێ: مەعریفە بە سروشت وادەکات زمان فراوانتر و کراوەتر بێت، ئەویتر توێژینەوەیە لەبارەی بەرھەمھێنانی شێوازی ئەدەبی ئەرستۆکراتی، ھەروەھا مەرجی قەیرانی مێژووییشە، ئەمڕۆ دەکاتەوە بە سبەی، چونکە مەبەستی ئیستاتیکی و رێکخستنەوەی بابەتەکان تەواو ناکات، ئەم زمانە پێشکەوتووترە، بەومانایەی ئەمڕۆ مێژوو دەپچڕێنێ لەنێوان خەتی نووسەری کۆمەڵایەتی و ئەو پێداویستیانەی کە لاسایی دەگوازێتەوە، ئێمە شاھیدی ئەوەین کە لەسەردەمی سەرھەڵدانی بونیادگەری وەکو تیۆرێک بۆ فراوانکردنی تێگەیشتن لە ئەدەب وەکو فەزایەکی کراوەتر لە کایەکانی تر، ھەروەھا فراوانکردنی رەخنە بوو لەو ئەدەبەی کە بەبێ ئاگاھی لاسایی کەرەوە بوو. ھەروەھا بزووتنەوەیەکی فکری بوو لە بوارەکانی ئەنترۆپۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و مێژوو بە گشتی، لەوێشەوە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ زمان، کە مەبەستە ھەرە ئاشناکەی لێکۆڵینەوە بوو لە سیستمی دەلالی بۆ ئەدەب، واتە لە بەکارھێنانی موفرەدەیەک، مانایەک ھەبێت، وەکوو ئەوەی جاک لاکان باسی دەکات، سەرەنجامیش تێگەیشتنێک درووست بوو کە رۆڵی ئەدەب تەنھا لەوەدا قەتیس نەکرێت، خوێنەر رازی بکرێت بە چێژ وەرگرتن لە دەق، ئەمە وەکو تێرم، یان مانایەک بێت بۆ بەرھەمھێنانی دەق، بەڵکوو مەبەستێک بێت لە واتایەک کە بایەخێک بە توانای خوێنەر بدات و لەوێشەوە پەیوەستگەرایی بە خوێنەر بدات و دانەر موحاسەبە بکات لەسەر ستایل و ئامانجی دەق. بەڵام سەرەنجام من بۆ خۆم نەمبینیوە و نەمخوێندۆتەوە دەقێک بە تیۆر یان بەرمەبنای تیۆرێکی دیاریکراو خوێنرابێتەوە، یان رەخنەکاری تیاکرابێت، لەھەموو حاڵەتێکدا دونیای ئەدەبی و رۆشنبیریی کوردی خاڵییە لەم بابەتە زانستییە ئەدەبییە. مەگەر کڵێشەیەک نووسرابێتەوە بۆ دەقێکی بیانی و نووسەر و رەخنەگرە کوردەکەش پراکتیکی کردبێتە سەر دەقێکی کوردی، کە من دەتوانم دەیان نموونە وەکو ناو و وەکو تێکست باس بکەم، بۆیە کە دەیخوێنینەوە تەنھا بۆ جوانکردنی جامخانەی ئەدەبەو ھیچی تر.

(3)
دوای ئەم سەردەمە مێژووییەی رەخنە، ئیدی میتۆد گەشەی سەند و رەخنە بەجێگای ئەوەی وەکو تێرمێکی وشک بمێنێتەوە، بوو بە یەکێک لەئامرازەکانی فشار بۆ سەر کەسانی کورتبین و چوارچێوەدار لە فەزای ئەدەبیدا کە بووە کایەیەکی فراوان، ئەویش خوێندنەوەی دەقە لەبری رەخنە لە دەق، ھەرئەمەیە کە ماناش لەفاکتە کۆمەڵایەتییەکانی نێو ئەدەب کەوتە بەر رەخنەی جددی، یان خوێندنەوەی ھەڵوەشاندنەوەگەرایی.
بەپێی رەخنەگرە ھاوچەرخەکان بێت کە نموونەی سێ جور رەخنەمان بۆ لەیەکتر جودا دەکەنەوە، لەئاستی رەخنەییدا مانا گرینگییەکی بەرفراوانی ھەیە، چونکە ئەدەب بەگشتی بەدوای مانادا دەگەڕێت، بەتایبەت ئەدەبی گەلانی ڕەسەن کە کاریگەری لەسەر نەتەوە و گەلانی دیکەدا ھەیە، بۆ نموونە کاریگەری ئەدەبی عەرەبی لەسەر فارس و کورد، ئەدەبی ئینگلیزی لەسەر فەرانسی و ئەوانی تر، بەڵام ھەموو ئەو ئەدەبە جیاوازانە لەڕووی زمانەوە، نەیانتوانی مەسەلەی کاریگەری زمان و داستان و تێگەیشتن بۆ ئەدەب ڕزگاریان بێت و خۆیان یەکلایی بکەنەوە.

جیاکردنەوەی بابەت و تیۆری رەخنەیی وەکو سۆبژێکتێکی ماتماتیکی و کۆکردنەوەی مانا، لەنێو دونیای ئەدەبیاتی کوردیدا نەک ھەر کاری پێنەکراوە و نەبۆتە تێگەیشتنی فیکری بۆ دەقی ئەدەبی، ھەروەھا نە لەکردارەوە تووشی پەرچەکردار بووە و نە ھەڵوێستێکی رەخنەگرانەی ھەبووە لەبەرامبەر فەوزای تێکستی ئەدەبی کە من ئەم مەسەلەیە بەدەستێکی سیاسی دەزانم.

جیاکردنەوەی بابەت و تیۆری رەخنەیی وەکو سۆبژێکتێکی ماتماتیکی و کۆکردنەوەی مانا، لەنێو دونیای ئەدەبیاتی کوردیدا نەک ھەر کاری پێنەکراوە و نەبۆتە تێگەیشتنی فیکری بۆ دەقی ئەدەبی، ھەروەھا نە لەکردارەوە تووشی پەرچەکردار بووە و نە ھەڵوێستێکی رەخنەگرانەی ھەبووە لەبەرامبەر فەوزای تێکستی ئەدەبی کە من ئەم مەسەلەیە بەدەستێکی سیاسی دەزانم و لێرە بواری ئەوەم نییە قسەی زۆر لەسەر بکەم، بۆیە بەپێچەوانەوە رەخنە لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا بەدوای دۆزینەوەی جیھان لەنێو مانا و گۆڕینی تێکست بۆ مانایەکی دیکە نەگەڕاوە، چونکە نە رەخنەگر بوونە و نە خوێنەری دەق، بەڵکو بەھەمان شێوەی پێشوو دابەشی سەر سێ جۆری جیاواز لەیەکتر کراوە کە دوورە لەم تێگەیشتنەی لەسەرەوە باسمان کرد، ئێستا دێینە سەر نموونەکانی رەخنە:

نموونەی یەکەم: رەخنە لێرەدا بەو مانایە دێت کە دەقی کوردی لەژێر کاریگەری رەخنە لدونیای عەرەبیدا ھاتۆتە ئاراوە، ئەویش ستایلی بە گواستنەوەی سروشت واتە (انطباعیە) کاریگەرە، ئەوەی کە ھەموو شتێک لەچێژدا کۆدەکاتەوە، یان پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و مەحسوبیەت زاڵە بەسەر دەقە رەخنەییەکەدا، لەنێو عەرەبدا نموونەی (سەید قوتبمان) لەبەردەستە کە لەسەر کارەکانی (نەجیب مەحفوز) نووسیویەتی، ھەروەھا (محەمەد مەندور) کە قوتابی (تەھا حوسێن) بوو، بەبیانوی ئاشکراکردنی دەلالەتی زمانەوانییەوە، قسەیان لەسەر کارەکان دەکرد، من ئەم بابەتانەم لە فکری ئەدەبیاتی عەرەبیدا خوێندۆتەوە.

ئەو خوێندنەوانەی کە بۆ ھەندێ تێکستی شیعری و ڕۆمانی کوردی کراوە لەلایەن خوێنەرە کوردەکانەوە، ھیچ پێوەرێکی ئەدەبی و فکری نایانگرێتەوە، چونکە ئەسڵەن کورد خاوەنی فەزایەکی کراوەی فیکری نییە، تاکو رەخنە قبوڵ بکات، یان لانیکەم زەمینە خۆش بکات رەخنە لەدەقێک بگیرێت بەبێ ھیچ بیانوویەک و تەنھا لەپێناو ئەدەب بێت.

وەکو ڕوون بۆتەوە کە رەخنە لەگەڵ چەمکی خوێندنەوەدا تێکەڵ کراون، ئەمە لەکاتێکدا کێشەی ئەدەب و ڕوشنبیریی کوردی کە بۆشاییە، ئەوەیە کە خاڵییە لە رەخنە و خوێندنەوەی جددی بۆ تێکست، چونکە ئەدیبی کورد قبوڵی رەخنە و خوێندنەوەی تێکست ناکات بەمیتۆدە جیاوازەکانی دوای ھاتنی چەمکی مۆدێرنە بۆ نێو ئەدەبیات، بەتایبەتی میتۆدی ھەڵوەشاندنەوەگەرایی، لەکاتێکدا مۆدێرنە خۆی ھاوردەیەکی ئاڵۆز و مەترسیدار بوو بۆ نەتەوە بێ چەمک و دور لە فیکرەکانی وەکو کۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتییەکان و بەتایبەتی کورد.

نموونەی دووەم: ئەو رەخنەیەیە کە لەدونیای ڕۆژئاواییەوە ھاتووە و ئەدیبی کورد کاری پێدەکات، ئەویش خوێندنەوەی تێکستە بەپێی میتۆد و لەوانەش بونیادگەری کە شێوەیەکە لە شڕۆڤەکردن بەوێنەی بیرکاریانە و ئەندازەییانە بۆ زمان، بەو پێیەی کە بوونی تێکست خۆی وەڵامی پێدراوە تیۆرییەکانە، مەبەستم لە تێکست بونیادی ئەو چیرۆک و داستان و حەقایەت و شیعرانەیە کە نەنووسراونەتەوە، لەحاڵێکدا رەخنە تێڕوانینێکە لەو دەقانەی کە ڕەنگدانەوەی سایکۆلۆژیا یان شوناسی ڕاستەقینەی دەقنووسە. کەچی پێچەوانەکەی ڕاستە کە ئەلیوت گوتوویەتی (شیعر دەربڕینی سۆز نییە، بەڵکو ڕاکردنە لەسۆز).

نموونەی سێھەم: لەوێدایە کە بەنێو تێکستدا بەدوای ئیستاتیکادا دەگەڕێ بەبێ لەبەرچاوگرتنی فەزای فیکری خودی دەقنووس، بەبێ شیکاری بۆ (چی گوتن) کە لەگوتاردا دەرکەوێت، ئایا ئەو دەقانەی کورد ھەیەتی خود نووسینەوەیە، یان بەپێچەوانەوە. لەحاڵێکدا ئەم تێگەیشتنەش کە ناوی نراوە خود نووسینەوە، لەزۆربەی تێکستەکاندا دیار نییە و بانگەشەی ئەوەی بۆکراوە، ئەمە بەنیسبەت ئەدەبێک کە ناوی ئەدەبی ژنانی لێنراوە وێرانترە، چونکە خود نووسینەوە ئەو تێگەیشتنەی لەلای ژنان درووستکردووە کە لەجیاتی خودێتی خۆیان، نمایشکاری جەستەی خۆیان بن و سێکسیان نووسیوەتەوە، وەکو کاڵایەک بن، یان وەکو ڕیسک کردن لەو سانسۆرەی کە ڕێگە لە بەکاڵابوونی دەگرێت لە ئاستی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و ورووژاندنی پیاو، چونکە پیاو وەکو ڕەگەزێکی جیاواز لەگەڵ ژن، بەو شێوەیە تەماشای ئەو جۆرە خود نووسینەوەیە دەکات، بەوپێیەی کە کۆدی ئەو نووسینانە لەوێوە ئاشکرا دەبێت، ئەمەش لەچەپاندنی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە کە ھیچ زانیارییەکیان لەبارەی سێکسەوە نییە بۆ ھەردوو ڕەگەزەکە. بۆیە کاتێک واتای ئەو نووسینەوانە دەبێتە مایەی ڕاکێشانی خوێنەر لەرێگەی جەستەوە، ڕوونتر بڵێم ئەو نووسینانەی کە بەزمانێک ئاراستەی پیاو کراوە و لە وێنەی سێکسی بەولاوە ھیچی تر نیین و ناچنە خانەی داھێنانەوە، بۆیەش جگە لەپیاوان لەدونیای ئەدەبدا، ژن نییە بەدەقی ژنێکی دیکە سەرسام بێت و خوێندنەوە بۆ دەقەکە بکات، ئەمە جگەلەوەی کە تەنھا پیاو لەئەدەبی کوردیدا خوێنەری دەقە بەمانا تیۆرییەکەی، ئەم فەزایەش کارێکی وەھای کردووە کە دەقی کوردی چ شیعر و چ ڕۆمان و چ چیرۆک و ھتد مانایەکی نوێمان پێنەبەخشێ، یان لانیکەم نەتوانێ ڕیسک بکات و دوور بکەوێتەوە لەدەقی بیانی، یان ئەدەبی دراوسێکانی دونیای ئەدەبیاتی کوردی وەکو فەڕوغ فروخزادی فارس، یان (غادە سەمان و ئەحلام موستەغانمی و لەیلا عوسمان) ژنە ڕۆماننوسی عەرەبن، چونکە ئێستا ژنگەلێکی دیکەی داھێنەر لەدونیای ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسیدا دەرکەوتوون، دەرکەوتنی ژنانی ئەدیبیش دوو بەشن، بەشێکیان ئەوانەن کە خۆڕسکن و بەتوانای خۆیان داھێنانیان کرد وەکو (نازک ئەلملائیکە)، ئەوانی دیکەش ئەستێرەی درۆزنن کە لەبەر تیشکی میدیای سیاسەت و دەسەڵات دەبن بەناو، چونکە تواناکەیان ئاسایی و سنووردارن و ھەندێکجار لە دەقەکانیاندا دەردەکەوێ. بەھەرحاڵ چونکە کورد کۆپی عەرەبە و ئەوانیش لەنێو سیستم نەژیاون، بۆیە ھەم دەرکەوتەیەکی نوێ نابینرێت، ھەم رەخنەگرەکانی ناتوانن رەخنە وەکو کردەیەکی فیکری و ئەدەبی فەزاکە وەربگرن، ئەمە دەردەسەرییەکەی فەزای بیرکردنەوەی ئەم کۆمەڵگەیەیە بە رۆشنبیر و سیاسی و خەڵکی عەوامییەوە.

 399 جار بینراوە