سەرەکی » ئابووری » نرخی نه‌وت دەگاته‌ 80 دۆلار

نرخی نه‌وت دەگاته‌ 80 دۆلار

دوای تۆماركردنی نرخی 70 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ مانگی شوباتدا، زیاتر له‌ دوو مانگه‌ نرخی نه‌وت نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و نرخه‌ تۆمار بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ھۆی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆله‌كانی دیكه‌ی كۆرۆنا له‌جیهاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا نرخی نه‌وت هاوشێوه‌ی 2020 دابه‌زینی به‌رچاوی تۆمار نه‌كردووه‌و له‌ دەو‌روبه‌ری 60 دۆلاردا مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

له‌ تازه‌ترین لێكۆڵینه‌وه‌ی ناوه‌نده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشدا هاتووه‌، نرخی نه‌وت له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕھێن به‌رز ده‌بێته‌وه‌، له‌و باره‌یه‌‌وه‌ تیمی گه‌ڕان و پشكنینی كاڵا له‌ بانكی گۆڵدمان ساكسی ئه‌مریكی، پێشبینی كردووه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی داهاتوودا نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی برنتی تێكه‌ڵ به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ 80 دۆلار و نه‌وتی خاوی ته‌كساسیش نرخه‌كه‌ی له‌ 77 دۆلاردا له‌نگه‌ر ده‌گرێت.

ھاوكات بانكی گۆڵدمان ساكسی ئه‌مریكی پێشبینی به‌رزبوونه‌وه‌ی خواستی هه‌مووه‌كی كردووه‌ له‌ سه‌ر نه‌وت بۆ پێنج ملیۆن و 200 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا، ئه‌ویش به‌ھۆی به‌كارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ جیهاندا و فراوان بوونی خواستی گه‌شت كردن به‌ وڵاتاندا.

هه‌روه‌ها بانكه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، ئاسانكاری له‌ گه‌شتكردنی هاووڵاتیان له‌ مانگی ئایاردا خواست له‌سه‌ر سووته‌مه‌نی فڕۆكه‌ له‌ جیهاندا بۆ یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا به‌رز ده‌كاته‌وه‌.

 81 جار بینراوە