سەرەکی » هەواڵ » ״پەیوەندیی باشی نێوان حكومەتی هەرێم و فیدراڵ هۆكارێكی سەقامگیرییە״

״پەیوەندیی باشی نێوان حكومەتی هەرێم و فیدراڵ هۆكارێكی سەقامگیرییە״

دوێنێ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، دكتۆر سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان، پێشوازیكرد لە میخاڵ سڤوبودا كونسوڵی گشتیی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارێكدا كە سەركەوت محەمەد غەفور ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەیبوو، باس لە دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و عیراق و كوردستان كرا، بەبایەخەوە باس لە پەیوەندیی نێوان كورد و وڵاتی چیك كرا لە هەموو روویەكەوە ‌و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە بە گرنگ زانرا.

لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق، گفتوگۆكرا لەسەر گرنگی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری بۆ زەمینەسازكردن و هاندانی هاووڵاتیان بۆ چوونە سەر سندوقی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان، یەكێ لەو هۆكارانە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم سەقامگیرییەش، پەیوەندیی باشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵە، بەتایبەتی لەسەر پابەندبوون بەو رێكەوتنەی لە نێوانیاندا هەیە.

 284 جار بینراوە