سەرەکی » دۆسێ » بەندەری فاو دەتوانێت سێ‌ ملیۆن كانتێنەر لەخۆبگرێت

مەبەست قۆناغی یەكەمە

بەندەری فاو دەتوانێت سێ‌ ملیۆن كانتێنەر لەخۆبگرێت

وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایدەگەیەنێت، بەندەری فاو دەتوانێت لە قۆناغی یەكەمدا سێ‌ ملیۆن كانتێنەر لەخۆبگرێت.

حسێن خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە 24ی نیسانی 2021، رایگەیاند»ئەوپەڕی توانای بەندەری فاو لە قۆناغی یەكەمدا دەگاتە نزیكەی سێ‌ ملیۆن كانتێنەر، قۆناغی یەكەمی پرۆژەكەش پێنج پرۆژەی تر لەخۆدەگرێت كە ماوەكەی سێ‌ ساڵ و شەش مانگ بەردەوام دەبێت».

بە وتەی خەفاجی»پێنج پرۆژەكە كە لەلایەن كۆمپانیای دایۆی كۆرییەوە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە، بنیاتنانی پێنج سەكۆ بۆ داگرتنی باری كەشتییەكان بە درێژی 1700 مەتر لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستكردنی گۆڕەپانێك بۆ كانتێنەرەكان بە درێژی 1750 مەتر، پرۆژەی سێیەمیش راماڵین و هەڵكەندن و دامەزراندنی نۆكەندێكی دەریاوانی بۆ ناو حەوزی بەندەرەكە بە درێژی 10 كیلۆمەتر و بۆ دەرەوەی حەوزی بەندەرەكە بە درێژی 13 كیلۆمەتر لەخۆدەگرێت بۆ بەستنەوەی بە نۆكەندە دەریاوانییە نێودەوڵەتییەكە».

بەڕێوەبەری رۆژنامەوانی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق دەڵێت»پرۆژەی چوارەم دروستكردنی رێگەیەكی خێرایە لەنێوان بەندەرەكە و شاری ئوم قەسر بە درێژی 63 كیلۆمەتر، و دروستكردنی تونێلێك بە درێژی دوو كیلۆمەتر و چوارسەد مەتر لەژێر نۆكەندی خۆری زوبێر كە لاتەنیشی رێگەی خۆرهەڵات بە خۆرئاواوە دەبەستێتەوە».

بەندەری فاو وەك حسێن خەفاجی باسی دەكات»هەلی كار دابین دەكات و داهاتەكانی بۆ چالاككردنی كەرتی تایبەت گرنگە و عیراق لە سیستمی پشتبەستن بە یەك سەرچاوەی داهات كە نەوتە، رزگاردەكات».

دەستكردن بە قۆناغی یەكەم
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 11ی نیسانی 2021، بەردی بناغەی دەستپێكردنی قۆناغی یەكەمی بەندەری «فاوی گەورە»ی لە پارێزگای بەسرە دانا.

لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە كە لەلایەن نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانەوە بڵاوكرایەوە»كازمی بەردی بناغەی پرۆژەی فاوی گەورەی دانا كە پێنج سەكۆی كانتێنەرەكان لەخۆدەگرێت».

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»پرۆژەكە هەڵكەندنی تونێلی نۆكەندی خۆری زوبێر و دروستكردنی رێگەیەكی خێرا لەنێوان بەندەرەكە و شاری ئوم قەسر لەخۆدەگرێت».

نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیران دەڵێت» كار لە پڕكردنەوەی گۆڕەپانی عەمباركردن و شوێنكردنەوەی كانتێنەرەكان و هەڵكەندی نۆكەندێكی دەریاوانی ناوخۆیی و هەڵكەندن و دروستكردنی نۆكەندێكی دەریاوانی دەرەكیدا دەكرێت».

كۆمپانیای دایۆی كۆری پرۆژەكە جێبەجێ‌ دەكات
جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە دراوە بە كۆمپانیای «دایۆ»ی كۆریای باشوور، بە تێچووی 2.62 ملیار دۆلار، بەندەرەكە لەڕێی تەواوكردنی ئەو قۆناغەوە، ساڵانە شوێنی 3 ملیۆن كانتێنەری تێدا دەبێتەوە.

حكومەتی پێشوو، پێشبینی كردبوو تێچووی گشتی تەواوكردنی پرۆژەی بنیاتنانی بەندەرەكە بە سێ‌ قۆناغەكەی، بگاتە 4.4 ملیار یورۆ (5,06 ملیار دۆلار).

عیراق لە پارێزگای بەسرە چوار بەندەری بازرگانی پیشەسازی هەیە كە بریتین لە، مەعقەل، و خۆری زوبێر، و ئەبو فلوس، و ئوم قەسر، عیراق لەڕێی ئەو بەندەرانەوە نزیكەی لەسەدا 80ی نەوتەكەی هەناردە دەكات.

نەخشەی گواستنەوەی دەریایی جیهان دەگۆڕێت
بەندەری فاوی گەورە، بەندەرێكی عیراقیە لە نیچمە دوورگەی فاو لە باشووری پارێزگای بەسرە.

تێچووی پرۆژەكە دەگاتە نزیكەی 4.6 ملیار یورۆ و تونای ساڵانە وەك پلانی بۆ دانراوە دەگاتە 99 ملیۆن تەن، بەمشێوەیە دەبێتە یەكێك لە گەورەترین بەندەرەكانی سەر كەنداو و دەیەم گەورەترین بەندەریشە لەسەر ئاستی جیهان.

لە 5ی نیسانی 2010، بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیە دانرا.

بەندەری فاوی گەورە دەكەوێتە ناوچەی (رأس البیشە) لە كۆتایی سنوری باشووری عیراق، دروستكردنی بە بازهەڵدانێكی جۆری دادەنرێت و گرنگییەكی جیۆسیاسی گەورەی هەیە بۆ بەستنەوەی عیراق بە جیهان لەڕێی گێڕانەوەی وڵات بۆ پێگە گرنگەكەی كە خۆرهەڵات و خۆرئاوا بەیەكەوە دەبەستێتەوە.

دروستكردنی بەندەرەكە، نەخشەی گواستنەوەی جیهانی دەگۆڕێت، لەگەڵ تەواوبوونیشی چاوەڕوان دەكرێت ببێتە یەكێكە لە گەورەترین بەندەرەكانی كەنداو، توانای سەرەتایی لەخۆرگرتنیشی لەنێوان 20-45 ملیۆن تەندا دەبێت لە ساڵێكدا.

بەندەرەكە بە پرۆژەیەكی ستراتیژی دادەنرێت و خۆرهەڵات بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە لەڕێی عیراق و توركیا و سوریا كە بە كەناڵی وشكانی ناودەبرێت.

پێگەی بەندەرەكە لە بەری خۆرئاوای نیمچە دوورگەی فاوەوە، بەپێی گرێبەستێكی دیزایین و خزمەتگوزاریی راوێژكاریی لەنێوان وەزارەتی گواستنەوەی عیراق و گروپی كۆمپانیا ئیتاڵییەكانی (تكنی كاڵ)ەوە بوو.

 106 جار بینراوە