سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » داعش یان داشەهارە؟

دەر و دراوسێ

داعش یان داشەهارە؟

دامە یارییەكی كوردەوارییە من لە دێهاتەكانی كوردستان بینیوومە خەڵكی ئەو یارییەیان كردووە، ئیتر نازانم میللەتانی تری ناوچەكەش ئەو یارییەیان هەیە یان نا؟ بە كارەكتەرەكانی دەبێژن داشی دامە، ئەوەی لە بیرم بێت لە كۆتایی یارییەكەدا كە هەموو داشەكان خوران، دوا داش كە بە تەنیا دەمێنێتەوە، پێی دەوترێت (داشەهارە) كە بە هەموو لایەكدا بە ئازادیی دەجووڵێت تا دەكوژرێت.

چەكدارەكانی ئێستای داعشیش وەكو داشە هارەیان لێهاتووە، ئێستا رۆژێك لە عیراق و رۆژێك لە سوریا و رۆژێك لە ناوچە جێناكۆكەكانی هەرێمی كوردستان پەلاماری هێزەكانی سوپای عیراق و هەسەدە و سوریا و پێشمەرگە دەدەن.

راستە لە دوای پاككردنەوەی هەموو ناوچە و خاكی بندەستی داعش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی پێشمەرگە و هەسەدە و سوپای عیراق و راگەیاندنی سەركەوتن و كۆتایی هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام داعش ئێستا و دوای راگەیاندنی سەركەوتنیش بە سەریدا، بە شێوازێكی نوێ خۆی رێكخستۆتەوە، شەڕی غافڵگیریی دەكات و سیاسەتی «تاك گورگی» پەیڕەو دەكات و دەست دەوەشێنێت و رادەكات.

داعش ئێستا وەكو پێشوو ناتوانێت شار و رووبەری فراوان داگیر بكات، بەڵام ئەوەی دەیتوانێت بڵاوكردنەوەی ترس و نیگەرانی و بێزاركردنی خەڵك و بە ئامانج گرتنی كەسایەتی و هێزە ئەمنییەكانە.

فاكتەرە سەرەكییەکانی مانەوەی داعش :

1- تواناکانی بۆ كۆكردنەوە و راكێشانی تیرۆریستی نوێ لە عیراق و سوریا بە تایبەتی پارێزگاكانی خۆرئاوای عیراق و ناوچەی بادیەی سوریا خستۆتە گەڕ، ئەویش بە هۆكاری خراپیی گوزەرانی خەڵكی ئەو ناوچانە و داعشیش هێشتا توانای دارایی زۆری لە بندەستدایە، چونكە رۆژگارێك بیری نەوت و غازەكانی لە عیراق و سوریا لە ژێر دەستدا بوو، بەو هۆیەشەوە ببوو بە زەنگینترین رێكخراوی تیرۆریستی. وادیارە یەدەگی زۆری داناوە و ئێستاش سوودی لێ دەبینێت.

2- گەڕانەوەی داعش بۆ ستراتیژی كلاسیكی لە تیرۆردا.

3- جێگیربوونی بەشی زۆری هێزەكانی داعش و سەركردایەتییەكەیان لە بادیەی سوریا، كە هاوسنووری هەرێمی كوردستان و عیراقیشە و لەوێوە خۆی رێكدەخاتەوە، كە ناوچەیەكی بیابانی بەرفراوانە و بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت.

4- جموجۆڵەكانی داعش لە سوریا خاڵێكی گرنگە، داعش هەمیشە كاری لەسەر كردووە کە بەستنەوەی هەردوو گۆڕەپانی عیراق و سوریایە بە یەكەوە، لەبەرئەوە هەر كردەوەیەكی تیرۆریستی كە لە یەکێک لەم وڵاتانە دەکرێت، خزمەت بە كردەوەكانی لە وڵاتەكەی تر دەكات، هەر لەم چوارچێوەیەشدایە پەلامار و كردەوە تیرۆریستییەكانی لە نزیك سنووری سوریا واتە موسڵ و ئەنبار زیاتر دەکات و بە پێچەوانەشەوە لە سوریا.

قاعیدە و دواتریش داعش وەكو دوو رێكخراوی تیرۆریستی ئەگەر زیاتر لێی وردبینەوە وەكو كاردانەوە بەرامبەر بە پەراوێزخستنی سوننەكان سەریان هەڵدا و ئەوەیان کردە بەهانە و پاساو بۆ كۆكردنەوە و رێكخستنی سوننەكان و ماشێنی شەڕی تائیفیان پێ جۆش دا.

بۆیە چارەسەری ئەمنی بۆ لەناوبردنی داعش بەتەنها كاریگەریی نییە و ئەوەی زۆر گرنگە و پێویستە بە تایبەتی لە عیراقدا، جێبەجێكردنی دەستوورە و بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكانی عیراقە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، دامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەكان و سەروەربوونی یاسا، سنوورداركردنی چەك بە دەستی دەوڵەتەوە و دامەزراندنی سوپای نیشتمانی و تەجنیدی ئیلزامی، دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییە پێویستەكانە بۆ خەڵكی عیراق لە ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردە و ئاسایش و دابینكردنی هەلی كار و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی كە زیانی زۆری لە عیراق داوە کە لە تیرۆر مەترسیدارترە.

لەناوبردنی داعش و سەقامگیریی عیراق پێویستی بە هەوڵ و كۆششی زۆر هەیە لە هەموو بوارەكاندا، پێداچوونەوە و ریفۆرمی بنەڕەتیی گەرەكە لە هەموو جومگە گرنگەكانی دەوڵەتی عیراقدا بە هاوكاریی دۆست و هاوپەیمانەكانی، بە پێچەوانەوە بەردەوامی دۆخی ئێستایە.

 447 جار بینراوە