سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » رێگرییەکان لە ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی

رێگرییەکان لە ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی

بە هەردوو دیوی دەستەبەرکردنی ئازادیی و دەمکوتکردنی ئازادیی کاری رۆژنامەنووسیدا، دەسەڵاتی سیاسی پشکی شێری بەر دەکەوێت، بەڵام رێگرییەکان بە تەنها لە دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕیدا چڕ نابێتەوە، بەڵکو چەند هۆکار و رێگرییەکی دیکە هەن کە ئەوانیش کەم یان زۆر کاریگەرییان هەیە و کاریگەریی ئەوانیش بۆخۆی شوێنەواری لەسەر ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی داناوە.

دەکرێت گرفتە هەرە دیارەکانی بەردەم کایەی کاری رۆژنامەنووسی لە چەند خاڵێکدا چڕ بکەینەوە کە بریتین لە:

1 – هۆکاری خودی و دەروونی: چۆن خۆبەختکردن و خۆبەخشیی لە کاری سوپایی و سەربازیدا بوێریی گەرەکە، کاری رۆژنامەنووسیش بەرلەوەی کایەیەک بێت بۆ دابینکردنی بژێوی و وەک پیشەیەک بۆ پارە پەیداکردن لێی بڕوانین، دەبێت لە لایەک خولیا و لێزانین و بەهرە بێت لەو کەسەدا و لەلایەکی دیکەشەوە بوێریی تێدابێت بۆ دەستبردن بۆ کاری رۆژنامەنووسی.

ئەگەر ئەم خاڵەیان زیاتر ورد بکەینەوە، دەبێت کەسێک کە کاری رۆژنامەنووسی دەکات، لە رووی دەروونییەوە ئامادەبێت بۆ ئەو کارە، چونکە هەربۆخۆی بە پیشەی ماندووکەر (مهنه‌ المتاعب) ناسراوە و کەسێکی گەرەکە کە حەوسەڵەی هەبێت چ لەگەڕان بەشوێن راستیدا و چ دەستوبرد بێت لە گەیاندنی زانیاریی، چ ئامادەیی ئەوەی هەبێت کە بەریەککەوتنی لەگەڵ چەندین جۆر کەس و باری دەروونیی جیاجیا دا دەبێت، بۆیە لایەنی دەروونی و خۆ تەرخانکردن بۆ ئەو کارە وەک پیشە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر دەستەبەربوونی ئاستی ئازادیی کارکردن لەو بوارەدا.

جگە لەوەش لەڕووی دەروونییەوە رۆژنامەنووس یان ئەوەی لەو کایەیەدا خۆی دەبینێتەوە، دەبێت لە کارەکەیدا هەست و سۆزی کەسیی خۆی تێکەڵ بە کارەکەی نەکات و لە ئامادەکردنی راپۆرتێک یان ستۆرییەک یان فیچەرێکدا هێندەی ئەوەی مەبەستی گەیاندنی راستیی زانیارییەکان بێت، هێندە مەبەستی خزمەتکردن نەبێت بەو بیروبۆچوونەی خۆی بڕوای پێیەتی یان لەگەڵ دۆخی ئایینی و مەزهەبی و سیاسی خۆیدا دەگونجێت.

2 – هۆکاری ئەجێندایی: بەو پێیەی ئێستا میدیا و کاری راگەیاندن بەگشتی لایەنی دارایی پایەیەکی سەرەکیی بەردەوام بوونێتی، بۆیە هەر دەزگایەکی میدیاییش بەگشتی و لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بە تایبەتی دەبێت تا ئاستێکی زۆر لە خزمەتی ئەجێندای ئەو کۆمپانیا و حزب و دامەزراوە و کەسەدا بێت کە لەڕووی داراییەوە سپۆنسەریی دەکات، بۆیە زۆر جار ئەگەر سیستمی سیاسی و کارگێڕییش بە یاسا و دەستوور دەستەبەری ئازادیی رۆژنامەنووسی بکات، ئەوا ئەجێندای لایەنی سپۆنسەر جۆرێک لە رێگریی بۆ رۆژنامەنووسی ئەو دامەزراوەیە دروست دەکات کە لەگەڵ ئەجێندا و سیاسەتی حزبی یان ئابووریی یان مەزهەبی یاخود نەتەوەیی خۆیدا نایەتەوە.

3 – هۆکاری کۆمەڵایەتی: رۆژنامەنووس زۆرجار بە سوود وەرگرتن لە بوونی یاسایەکی مۆدێرن و شارستانیی کاری رۆژنامەنووسی لە وڵاتەکەیدا، دەیەوێت دەستبەرێت بۆ قسەکردن و کارکردن لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان و راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی لەسەر بابەتێک بکات، بەڵام ئەو کارە ئەگەر لەڕووی یاسای دەوڵەتیشەوە رێگەپێدراو بێت، ئەوا زۆرجار لە رووی داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت و بگرە کار دەگاتە هەڕەشە و کوشتن و تەوهین و تەشهیر کردن بە خۆی و کەسوکاری، لەبەرئەوە ئەگەری هەیە زۆر بابەتی گەرم و سەرنجڕاکێش هەبێت کە رۆژنامەنووس بیەوێت کاری لەسەر بکات، بەڵام هەندێک داب و نەریتی کۆمەڵایەتی رێگر دەبن، ئەوەش دەمان گەڕێنێتەوە بۆ خاڵی یەکەم کە بابەتی لایەنی دەروونیی و بوێرییە لەلایەن رۆژنامەنووسەکەوە، چونکە ئەویش وەک مرۆڤێک لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا تاڕادەیەکی زۆر لەژێر کاریگەریی نەریت و کەلتورە کۆمەڵایەتییەکەدایە، بۆیە ئەگەر ترسی لە یاسا و دادگا و پۆلیسیش نەبێت، ئەو ترسی لە پەرچە کرداری لایەنی کۆمەڵایەتی هەیە، چونکە ئەگەر یاسایەکی شارستانیی و پێشکەوتوو بۆ کاری رۆژنامەنووسی لە وڵاتەکەیدا بەرکار بێت، ئەوا رەنگە بتوانێت بەباشی لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا بەرگریی لە خۆی بکات و بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام زۆرجار داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان چوارچێوە یاساییەکان دەبەزێنن و بە پاساوی ئەوەی ئەو رۆژنامەنووسە سنووری داب و نەریتی بەزاندووە، ئەوانیش لە دەرەوەی یاسا و بە پێوەری داب و نەریتی کۆمەڵایەتی لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکەن کە زۆرجار دەگاتە ئاستی کوشتنی رۆژنامەنووسەکە چ لەڕووی فیزیکییەوە یان لەڕووی مەعنەوییەوە.

ئەم هۆکارانەی کە باسکران ئەگەر کەمیش بن هەن، بەڵام هیچ لە لێپرسراوێتیی دەوڵەت بە هەرسێ دامەزراوە یاسایی و کارگێڕیی و دادوەرییەکەی کەم ناکاتەوە و ئەمانە پاکانە نین بۆ دەسەڵاتی سیاسیی وڵات، چونکە لە هەموو حاڵەتێکدا ئەرکی دەوڵەت دیاریکردنی سنووری ئازادییەکانە لەسەر هەموو ئاستەکان کە بەشێوەیەکی تەریب بڕواتە پێشەوە، واتە تا هەڵمەتێکی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی نەخرێتەگەڕ بۆ خۆ داماڵین لە کەلتور و داب و نەریتە نایاساییەکان، لەلایەن پۆلیس، دادگاکان و تاکەکانی کۆمەڵگەوە، ئەوا دەرکردنی یاسای مۆدێرن و نموونەیی تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێنێتەوە و دۆسێی کوشتن و گرتن و لێدانی رۆژنامەنووسان لەبەردەم دەزگاکانی پۆلیس و دادگاکان و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا هیچ بەرەو پێشچوونێک بەخۆیەوە نابینێت.

 441 جار بینراوە