سەرەکی » وتار » خێزان و کێشەکانی سەردەم

لە پەنجەرەی پەروەردەوە

خێزان و کێشەکانی سەردەم

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان*

بەپێی راگەیەنراوی UN کە لە ساڵی 1993دا، 15ی ئایاری هەموو ساڵێک رۆژێکی تایبەتە بە خێزان و ساڵانە لە زۆربەی وڵاتاندا بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ سازدەکرێت و هەر ساڵەی بە دروشمێک ئەم بۆنەیە بەرزڕادەگیرێت، ئەمەش مانایەکی گرنگ دەدات بەخێزان، چونکە رۆڵی بنچینەیی هەیە لە بنیاتنان و ئاڕاستەکردنی تاک، بەتایبەت منداڵ پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی بنەماکانی کەسێتی تێدا دەچەسپێت و ئەو کاریگەرییانە بەتێپەڕبوونی ژیانی شوێنەواریان هەر لەسەر کەسێتی دەمێنێت ئەگەرچی لە داهاتووشدا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، بەڵام ئاسەواری ئەو بنچینانە هەردەمێنێت. هەمیشە ئەو رۆڵەی خێزان بەرزنرخێنراوە و هەمیشە خێزان هۆکاری کۆکەرەوەو یەکخستنی تاکەکانی کۆمەڵگە بووە و تیایدا وەک پەیمانگەیەکی یەکەم سەرجەم بەهاو رەفتارەکانی چەسپێنراوە و بەردی بناغەی بونیادی کۆمەڵگە بووە، بەڵام مخابن ئێستا بەشێوەیەکی گشتی ئەو یەکە بنچینەییە لەبەردەم کۆمەڵێک کێشە و دۆخی نالەباردایە، گەرچی لەڕووی فۆرمەوە هێشتا ماوەتەوە، بەڵام لە رووی ناوەڕۆک و رەسەنایەتییەوە لە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوەدایە و دەرەقەتی پێشکەوتنەکان نایەت و سات بەسات کەلێنی زیاتر دەکەوێتە بەهاو گرنگییەکەی، کە وا لە خێزان دەخوازێت زۆر بەجدی هۆشیارتر بێت بەرامبەریان و بەباوەڕ و متمانەیەکی گەورەوە بەرەنگاریان بێتەوە و بەشێوە پۆزەتیڤەکەی لە خزمەت پێگەیاندنی تاکێکی دروستی پەروەردەیی و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەدا بەکاری بهێنێت، دیارترین ئەو کێشانە:

1- کەلێنی پەیوەندییە خێزانییەکان لە دنیای ئەلەکترۆنیدا: بەرفراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رۆچوونی تاک تیایانداو بەردەستبوونی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و ئاسانی بەکارهێنانیان کەلێنێکی گەورەی لە پەیوەندییە حەقیقیەکانی نێو ئەندامانی خێزان درووستکردووەو زیاتر تاکی بەرەو پەیوەندییەکی سەرپێی بردووە و ئاگالەیەکبوونەکانی خێزانی بەجۆرێک کاڵ کردووەتەوە، کە مرۆڤ لەخێزاندا هەست بە نامۆبوون بکات وایکردووە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی تاک بۆ دنیای ئیفترازی زیاتر بێت وەک لە پەیوەندییە نێوخۆییە حەقیقییەکان.

2- ونبوونی پەیوەندییە رۆحییەکان: مرۆڤ بەسروشتی خۆی پێکهاتەیەکە لەڕۆح و جەستە، ئەوەی هەستی پێدەکات و چێژی لێدەبینێت و پێی کاریگەرە لە رۆح دایەو جەستە هۆکارو ئامرازە، کاتێک هەست لەپەیوەندییەکان ون دەبێ، خێزان بێجگە لە کۆبوونەوەیەکی ناڕۆحی شتێکی تری نامێنێتەوە.

3- سەرقاڵی دنیای مادی و ماندووبوونی مەعنەوی: لەدنیای ئێستادا هێندە پێشکەوتنەکان خێران کە ششهەرتاکێکی خێزان بەجۆرێک سەرقاڵی قاکردنە لەدنیای مادییدا ساتێکی بۆ پشووی مەعنەوەی هەست و ویژدانی نەهێشتووەتەوە، ماندووبوونی مرۆڤی سەردەم بە دەستکەوتە مادییەکانەوە تاکی لە هاوسۆزییەکانی نێو خێزان دابڕیوە بەجۆرێک زۆرجار قوربانی بەخێزان و پەیوەندییە دروستەکانی دەدات لەپێناوی زیادکردنی سەرچاوە مادییەکان و پێشخستنیان لە رووی روخسارەوە بە ونکردنی ناوەڕۆکی چێژ لێبینیان.

4- ونبوونی قۆڵە بنچینەییەکان: پێکهاتەی خێزان وەک پەیکەری رێکخستن لەدایک و باوک و باقی ئەندامەکانی تر پێک دێت، ئەم پەیکەربەندییە جۆرێک لە ریزبەندی دەسەڵاتەکان و رۆڵی پێکاریگەربوونەکان دەستنیشان دەکات، وەک رێزگرتن لە بیروڕا و سەرمەشقبوون لە رێنمایی و پەروەردە، کە ئێستا ئەو رۆڵە بنچینانە لە پەروەردەی خێزانیدا کاڵبوونەتەوە و جۆرێک لە ونیان پێوەدیارە، ئەمەش وایکردووە تاکەکانی خێزان جۆرێک لە گۆشەگیری و دابڕان لە پەیوەندییەکانیان دروستبێت و لێک تێگەیشتن و پڕیاری دەستەگشتی لەخێزاندا کەم بێتەوە بەرەو بڕیاری تاک لایەنە بچێت. بۆ ئەوەی خێزان ئەم دژواریانەو زۆرێکی تر تێپەڕینێت و رۆڵی پۆزەتیڤی خۆی ببینێت، زۆر گرنگە جارێکی دی پەروەردەی خێزانی دابڕێژرێتەوە بەهۆشیارییەوە بۆ ئەو یەکە بنچیینەییەی کۆمەڵگە بڕوانرێت و حکومەت و رێکخراوەکانیش گرنگی تایبەتی پێبدەن و رۆژێک بکرێتە دەرفەتی گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی پێگەی خێزان لەبونیادی کۆمەڵگەیەکی دروستدا.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

گۆشەیەکی هەفتانەیە لەسەر کێشە هەنوکەییەکانی پەروەردە

 357 جار بینراوە