سەرەکی » ئاراستە » هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ فکر و فەلسەفەی کارل مارکس

هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ فکر و فەلسەفەی کارل مارکس

کارل مارکس یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی ماوەی سەدە و نیوێک دەبێت جیهانی بەخۆیەوە خەریک کردووە، تارمایی ئەم فەیلەسوفە گەیشتۆتە کوردستانیش. بەداخەوە لای خۆمان دوو بۆچوون لەبارەی مارکسەوە هەیە، یەکێکیان وەکو شێخێکی تەریقەت سەیری مارکس دەکات و دەروێش ئاسا دوای کەوتووە. رەوتێکی تریش بەبێ ئەوەی یەک وشەی مارکسی خوێندبێتەوە، دژایەتی دەکات و بە شەیتان و کافر و مولحیدی دادەنێت. هەربۆیە پێم باشبوو وتاری ئەم پرۆفیسۆرە ئەڵمانییە بکەم بە کوردی، کە هەڵسەنگاندنێکی زانستیی و بێلایەنانەی بۆ فکر و فەلسەفەی مارکس کردووە. بەو هیوایەی خوێنەری کورد دیدگایەکی نوێی لەبارەی ئەم فەیلەسوفە ناسراوەی جیهانەوە هەبێت.

د. ئارمین پفاڵ ترواگبێر*

لە ئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

1-3

مارکسیزم لە نێوان ئایدیۆلۆژیا و زانستدا
لە راپرسییەکی کەناڵی BBC بەریتانیدا کە لە ساڵی 2005 دا کرا، لەبارەی گەورەترین فەیلەسوفی جیهان لە مێژوودا، کارل مارکس پلەی یەکەمی هێنابوو لە لیستی 100 فەیلەسوفی جیهان و رێژەی ٪28 ی دەنگی دەنگدەرانی ئەو راپرسییەی بردبۆوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دنیابینی و تێڕوانین و بنەمای سەرەکی بیرکردنەوەی مارکس، چ لە رووی فۆرم و چ لە رووی ناوەڕۆکەوە، گوزارشت لە سیستمێکی دیکتاتۆرییانە دەکات.

لە راپرسییەکی کەناڵی BBC بەریتانیادا کە لەسەر سایتەکەی خۆیان لە بینەرانی پرسیبوو، لەبارەی ئەوەی کە گەورەترین فەیلەسوفی جیهان لە مێژوودا کێیە؟ بۆ ئەم مەبەستەش لیستێکی 100 کەسییان ئامادەکردبوو.

کارل مارکس رێژەی ٪28ی دەنگەکانی بینەرانی کەناڵەکەی بەدەستهێنابوو، بەم شێوەیش پلەی یەکەمی لیستەکەی بەرکەوتبوو. ئەم راپرسییە لە ساڵی 2005 دا سازکرابوو.

هەر لەهەمان ساڵدا گۆڤاری Der Spiegel دێرشپیگلی ئەڵمانیاش لە ژمارەیەکی تایبەتیدا لەژێر ناونیشانی «دێوەزمەکە دەگەڕێتەوە، دەسەڵاتی نوێی چەپەکان» راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، ئەو راپۆرتە لەو ساڵەدا زۆرترین فرۆشی هەبوو. بەواتایەکی تر مارکس جارێکی تر دێتەوە مەیدان، ئەمەش بەهەرحاڵ تەنها لە رێگەی رەوتە سیاسییە چەپەکانەوە دەبێت. ئەمەش دوو وێنەی دژبەیەکمان لەیەک کاتدا پێ پیشان دەدات:

لەلایەکەوە فەلەسەفەی مارکسیزم وەکو زانستێکی کۆمەڵناسی کلاسیک دەردەکەوێت، کە بنەما سەرەکییەکان و تێڕوانییەنەکانی خۆی بە شیکردنەوە‌ و پێشکەوتنی مێژوو، هەروەها بنەما سەرەکییەکانی سیستمی کەپیتاڵیزم خەریک دەکات.

لە لایەکی ترەوە مارکسیزم وەکو بەرهەمێک دەردەکەوێت کە بریتییە لە ئایدیۆلۆژیایەکی بەرز، ئەم ئایدیۆلۆژییەی دەبێتە بەرنامەییەکی رۆحی بۆ بزووتنەوە چەپە رادیکاڵەکان و سیستمە کۆمۆنیستییە دیکتاتۆرییەکان.
ئەم وتارەی بەردەستان، هەوڵ دەدات شیکردنەوەیییەکی ورد بۆ بنەما سەرەکییەکانی ئەم فکرە بکات، لە هەمانکاتیشدا ئەو رەخنانە بخاتەڕوو کە لە توانا رادیکاڵییە سیاسییەکانی ئەم فکرە دەگیرێت.

کێشە میتۆدییەکانی تێڕوانین و شیکردنەوەکانی مارکس
لێرەدا لە رووی میتۆدەوە، رووبەڕووی چەند کێشەیەک دەبینەوە، کە ئەمەش وامان لێدەکات دوو کارەکتەری دژ بەیەک و جیاواز لە کارو بەرهەمەکانی کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس ببینین و هەستی پێ بکەین.

لەو چل بەرگەی کە بە ناوی «کۆبەرهەمی مارکس و ئەنگڵس» هەن، لەو دەستنووسانەدا بەهیچ شێوەیەک یەک رێچکەی پێشکەوتن و تیۆرییەکی سیاسی تۆکمە و بەرنامە بۆ داڕێژراو نابینین. هەروەها لەو بەرهەمانەدا هیچ رێگەیەکی رێک و دروست دیار نییە، کە مرۆڤایەتی بەرەو سیستمی سۆشیالیستی بەرێت یان بەرەو کۆمەڵگەیەکی بێ چینی کۆمەڵایەتیی و یەکسانمان بەرێت. بگرە ئەوان ئەمەیان بە شێوەیەکی لابەلاو لە چوارچێوەیەکی گشتیدا باسی ئەو بابەتانەیان کردووە. هەرئەمەش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات، کە بۆچی بۆچوونە سیاسییەکانی مارکس و ئەنگڵس دوو وێنەی دژبەیەکی تێدا بەدیدەکرێت.

هەربۆیە دەبینین فەیلەسوفێکی هومانیستی وەکو ئەریک فرۆم پشت بە دەستنووسەکانی ئەوان دەبەستێت، لەهەمان کاتیشدا دیکتاتۆرێکی وەکو جۆزێف ستالین-یش، بەهەمان شێوە پشت بە دەستنووسەکانی مارکس و ئەنگڵس دەبەستێت. هەروەها لەیەک کاتدا رەوتە سۆسیال دیموکراتخوازەکان و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکانیش، پشت بە دەستنووسەکانی ئەو دووانە دەبەستن.

رەخنە لە فەلسەفەی ئایدیالیزم و پیشاندانی وەکو دنیابینییەکی ناواقعی
خاڵی بنەڕەتی بۆ گۆڕانکاری فکری بۆ سۆشیالیزم لەلای ئەنگڵس دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ژیانی چینی کرێکاران لە بەریتانیا، ئەگەرچی بۆ مارکس دەگەڕێتەوە بۆ رەخنەگرتن لە دنیابینی و فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەوکاتە، کە لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانیا «جۆرج ڤیلیەم هیگڵ، داڕێژرابوو.

ئەمان پێیان وابوو کە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی‌ و مێژووی مرۆڤایەتی، بەم فکرەیەوە بەستراوەتەوە.

لەمبارەیەوە مارکس و ئەنگڵس دەڵێن:
«رێک بە پێچەوانەی فەلسەفەی ئەڵمانییەوە، کە لە ئاسمانەوە بۆسەر زەوی دەکەوێتە خوارەوە، ئەوا لێرە بەپێچەوانەوە لە سەر زەوییەوە بۆ ئاسمان بەرز دەبێتەوە. ئیتر چیتر خۆمان بەوەوە خەریک ناکەین، کە خەڵکی دەبێت چی بڵێن، یان چۆن خەیاڵ بکەن، یان لەبارەی جۆری قسەکردن و خەیاڵکردن و تێفکرین و خۆنیشاندانی خەڵكییەوە قسە ناکەین، بەڵکو هەوڵ دەدەین بەرەو مرۆڤێکی راستەقینە و کامڵ بڕۆیین، لێرە بەدواوە لەبارەی توانا و چالاکییە راستەقینەکانی مرۆڤ دەدوێین و هەروەها لەبارەی پرۆسەی ژیانی راستەقینە و گەشەسەندنی ئایدیۆلۆژیا و کاردانەوەی ئەم پرۆسەی ژیانە راستەقینەیە، قسە دەکەین.(MEW Bd. 3, S. 26f.).

فکری دیالەکتیک وەکو پڕەنسیپ و میتۆدێکی فەلسەفی
خاڵێکی رۆحی تر کە لە میتۆدی فەلسەفەی هیگڵی لەلایەن مارکس و ئەنگڵسەوە بۆ تیۆرییەکانیان بەکارهێنرا، پڕەنسیپی دیالەکتیکییە. لێ ئەمیش وەکو زۆرێک لە تێڕوانییەکانی تریان، تەفسیری جیاواز لە خۆدەگرێت.
بە پێچەوانەی تەواوی ئەو هزرانەی کە بەربڵاون، جیهان لای ئەوان لە کۆمەڵێک شتی تەواوکراو و ئامادەکراو دروست نەبووە، هەروەها قۆناغەکانی گەشەسەندنی مێژوو، یەک لایەن و هێڵێکی راست و تەریب نییە، بگرە جیهان زیاتر لە پرۆسەیەکی ورد و ئاڵۆز و تێکەڵاو دروست بووە.

دیالەکتیک لەم تێڕوانییە تایبەتییەوە» مەبەستی تێڕوانی مارکسییە.و.ک» دەبێتە زانستێکی گشتی بۆ شیکردنەوەی جووڵە، هەروەها دەشبێتە یاسایەکی بنەڕەتی بۆ گەشەسەندنی سروشت و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی و فکر. لێرە بەدواوە دژەکان بە بەردەوامی بەریەک دەکەون، کە دەبێت لە کۆتاییدا لەیەک ئاوێتەی بەرزدا تێکەڵ ببنەوە.

بەپێی تێڕوانینی هیگڵ بێت، هەر تێزێک بەدوای خۆیدا ئەنتی ـ تێزیک دەهێنێت، ئاوێتەبوونی ئەم دووانەش سەنتێزێک پێکدێنێت، هەربۆیە سەرلەنوێ تێزێک و ئەنتی تێزێک ئەنجامەکەی دیسانەوە سەنتێزێکی نوێیە، ئەمەش پرۆسەیەکی(پێشڤەچوون) و خۆنوێکردنەوەی بەردەوامە.

ناونانی ماتریالیزم وەکو فەلسەفەیەکی ئەڵتەرناتیڤ
رەخنەکانی مارکس و ئەنگڵس لە ئایدیالیزم، ماتریالیزمیش دەگرێتەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە، هزرەکان «تێفکرین» دیاردەیەکی سەربەخۆ نین لە عەقڵ «ئاوەز»، بگرە گوزارشت لە رەنگدانەوەی هەلومەرجە مادییەکانی دەووروبەری مرۆڤ دەکات.

بەلای ئەوانەوە ئایدیاڵ هیچ نییە جگە لەو شتانەی کە پێشتر لە مێشکی مرۆڤ دانراون، لە هەمانکاتیشدا بریتییە لە وەرگێڕانی هەلومەرجە مادییەکانی دەوروپشتی مرۆڤ»

پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
لەلایەکی ترەوە مارکس و ئەنگڵس پێیان وایە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان چ لە مێژوودا و چ لە ئێستا و داهاتووشدا، بە پلەی یەکەم گوزارشت لە گەشەسەندنی ئابووریی و تەکنۆلۆژی دەکەن، بەم شێوەیەش هێزە بەرهەمهێنەرەکان «لێرەدا مەبەستیان چینی کرێکارە.و.ک» و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە بواری بەرهەمهێناندا، بە «پەیوەندییەکی بەرهەمهێنانی نوێ» دەبەسترێنەوە.

خودی مرۆڤ
دواتر خاڵێکی گرنگی تر کە دەبێتە بنەمای سەرەکی بیرکردنەوە و دونیابینی هەردووکیان بریتییە لەمەی خوارەوە :
ئەوە هۆشیاری مرۆڤەکان نییە، کە بوونیان دیاری دەکات، بگرە ئەوە بوونە کۆمەڵایەتییەکەیانە، کە هۆشیارییان دیاری دەکات. پاشتر ئەمەش کاریگەریی گەورەی دەبێت بۆ شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، شوێن و پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دیاری دەکات، لە کۆتایشدا رۆڵی سەرەکی دەبێت بۆ دیاریکردنی ئینتمای مرۆڤەکان کە سەر بە کام چینی کۆمەڵایەتیین.

جەنگی چینایەتی وەکو خاڵێکی رۆحی و دونیابینی ماتریالیزمی مێژوویی
بەم شێوەیەی سەرەوە مارکس و ئەنگڵس شیکردنەوەی خۆیان بۆ جووڵەی ئابووریی و سیاسیی لە مێژوودا دەکەن، کە لە دەرئەنجامی کۆتاییدا هەمووی لەسەر جەنگی نێوان چینەکان پێکدێت بۆ دیارییکردنی شوێنی خۆیان لە پرۆسەی بەرهەمهێنان.
مارکس و ئەنگڵس دەڵێن:
مێژووی هەموو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی، بریتییە لە مێژووی جەنگی چینایەتی، ئەو جەنگەی کە لە نێوان چینە جیاوازەکان دروستبووە، لەنێوان ئازاد و کۆیلە، دەرەبەگ و جووتیار، ئەرستۆکرات و خەڵكی ئاسایی، چەوساوە و چەوسێنەر، ئەمانە هەموو کاتێک لەدژی یەکتری وەستاونەتەوە و جەنگێکی بەردەوامییان هەبووە، هەموو کاتێکیش بە شۆڕشێک کۆتایی هاتووە، کە تەواوی کۆمەڵگەکەی گۆڕیووە و لە قۆناغێکەوە بردووێتی بۆ قۆناغێکی نوێ تر.
MEW, Bd. 4, S. 46.
پەیوەندیی نێوان ژێرخان و سەرخانی ئابووری لە کۆمەڵگەدا
لای مارکس و ئەنگڵس کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەو شێوەیەیە، کە «ژێرخانی ئابووری» واتە پەیوەندییە ئابوورییەکان و ستراکچەرەکانی ئابووریی، دەبنە هۆی دروستبوونی «سەرخانێکی ئابووری»، کە ئەوەش بریتییە لە « کەلتور، مۆڕاڵ، سیاسەت و ئایین».
جیهان لای ئەوان بەمشێوەیە ئاسان دەکرێتەوە و پێیان وایە، کە مرۆڤ لەپێش هەموو شتێکدا دەبێت بیر لە خواردن و خواردنەوە و خانو و جلوبەرگ بکاتەوە، ئینجا دواتر بیر لە سیاسەت و هونەر و ئایین بکەنەوە.
بەمشێوەیە مارکس و ئەنگڵس پێیانوایە کە «بەرهەمهێنان» ماتریاڵییەکی سەرەکیی و کرۆکییە بۆ ژیانی مرۆڤەکان، هەر لە رێگەی ئەمیشەوە قۆناغی گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەک دیاری دەکات، کە ئەمیش شێوازو جۆری دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی و هونەر و ئایینی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی دیاری دەکات یان دروست دەکات. ئەمەش تێزی « ژێرخانی ئابووری، سەرخانی ئابووری» دیاری دەکات». ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی، کە هەر گۆڕانکارییەکی ئابووری، گۆڕانکارییەکی سیاسی دەخوڵقێنێت.
بە واتایەکی تر : هەر گۆڕانکارییەک کە لە بنەما سەرەکییەکانی» ستراکچەر» ئابووری دروست ببێت،ئەوا بەتەواوەتی سەرخانی ئابووریی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتیش دەگۆڕێت و هەلومەرجێکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە.

*Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber، پرۆڤیسۆر.دکتۆر. ئارمین پفاڵ ترواگبێر. کۆمەڵناس و پسپۆرێکی سیاسییە، وەکو مامۆستا لەزانکۆکانی کۆڵن و بۆن،وانە دەڵێتەوە.

سەرچاوە:
Der Marxismus zwischen Ideologie und Wissenschaft.www.bpb.de. Prof. Dr. Armin Pfahl-Traughber

 437 جار بینراوە