سەرەکی » کەلتوور » ماسیگرێک دەبێت بە تۆڕی خۆیەوە

فیلمی تۆڕ*

ماسیگرێک دەبێت بە تۆڕی خۆیەوە

فەرهاد چۆمانی

بەیانییەکی سارد، لەنێو کەشێکی تەماویدا، هەموو شتێک ئاماژەی ئەوەیە کە چارەنووسی «نام چول ووۆ» دیاری دەکرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت لە کۆریای باکور روو لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان وڵاتەکەی و کۆریای باشور دەکات.

ئاڕاستەی ئاو
«نام چوو ووۆ»، خەڵکی کۆریای باکورە، لەگەڵ ژن و کچەکەی ژیانێکی سادە دەژین، بژێویان لەسەر راوەماسییە. لە دیمەنە بەراییەکاندا یەکێک لە پاسەوانانی سنوور لێی دەپرسێت: «ئاو رێژگەیەکی بەهێزی هەیە، ئەگەر بەلەمەکەت لەگەڵ ئاڕاستەی ئاوەکە بەرەو باشور رۆیشت چی دەکەیت؟ دەچیتە کۆریای باشور؟» لە وەڵامدا پێی دەڵێت: «هەرگیز ناچمە کۆریای باشور!» بەڵام چارەنووس و ئاڕاستەی ئاوەکە پێچەوانەتر لە خواست و بڕیارەکەی خۆی بەسەری دەهێنن. ئەو تۆڕەی بۆ ماسییەکانی داناوە لە ماتۆڕی بەلەمەکەی دەئاڵێت و لە ئیش دەکەوێت، ئاڕاستەی هەوا و ئاوەکە ماسیگرەکە دەباتە سنووری کۆریای باشور و بە گومانی ئەوەی سیخوڕ بێت، دەستگیر دەکرێت.

داخستنی چاوەکان
ئەم فیلمە، فیلمەکە بەرهەمی کۆریای باشورە و لە ساڵی 2016 نمایشکراوە. پڕیەتی لە ئاماژە، کی دۆک کیم (1960-2020)، کە هەم سیناریست و هەم دەرهێنەری فیلمەکەیە وایکردووە فیلمەکە بە رێگەی ئاماژەوە رووی ناشیرینی دژبەری و دوژمنایەتی نێوان دوو وڵات نیشان بدات، کە هاوزمانانی خۆیان کردووەتە دووبەش و لە هەر لایەکی کۆریا بن وەک جاسووس و پیاوکوژ گومانیان لێ بکرێت. ترسی سیستمی سیاسیی و لێپێچینەوەی نامرۆڤانەی کۆریای باکور هێندە لە رۆحی نام چەسپیوە کاتێک لە سنووری کۆریای باشورەوە دەبرێتە سیئۆل بۆ لێپێچینەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا نایەوێ دیمەنی پێشکەوتنی کۆریای باشور ببینێت و چاوەکانی دادەخات. ئەوەی چاوەکانی دادەخات تەنیا ماسیگرەکە نییە، بەڵکو تەواوی کەلتورێکە کە بە زەبروزونگ سەپێنراو، هاوکات چاوداخستنی خودی سیستمی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتی کۆریای باکورە، کە نایەوێ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و وڵاتی تر ببینێت و لە رەفتاری تاکەکانیدا رەنگ دەداتەوە. بگرە لەو ژوورەی لەماوەی لێکۆڵینەوەدا تێیدا دەمێنێتەوە نایەوێ پەردەکانی هەڵبداتەوە و دەرەوە ببینێت.

پرسی ئەخلاق لە فیلمی تۆڕدا
دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و دەردەکەوێت ماسیگرەکە سیخوڕ نییە، پێشنیازی نەگەڕانەوە بۆ کۆریای باکور و قبوڵکردنی مافی هاونیشتمانیبوونی پێ دەدەن، پێی دەڵێن دەتوانێت لێرە خێزانێکی تازە پێکەوە بنێت، ماسیگرەکە لەنێوان پێشنیازی کار، مووچە و ماڵێکی باش لە کۆریای باشور و خێزان و کچەکەی لە کۆریای باشور دەکەوێتە بەردەم بڕیارێکی ئەخلاقی. لە کاتێکدا ئەو بە خەونیش لە وڵاتەکەی خۆی بەو ئاسانییە ناتوانێت ژیانێکی ئامادەی وەک ئەو پێشنیازەی بۆی دەکەن دەستەبەر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا مانەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: «ئاژەڵەکانیش رەوی خۆیان جێناهێڵن، مرۆڤەکان بۆچی هێندە بێ ویژدانن.» دەکرا ئەو پێشنیازە کۆتایی بە چەرمەسەریی تەمەنێکی ماسیگرەکە بهێنێت، بەڵام ئەوەی دەیگەڕێنێتەوە پرسی ئەخلاق و وابەستەبوونیەتی بە دوو مرۆڤی تر کە چاوەڕێی دەکەن.

گەڕانەوە بۆ وڵات
بۆ هەر کەسێک لە وڵاتێکی تر دەستگیردەکرێت و دەگەڕێتەوە نێو ماڵەکەی خۆی، مانای کۆتاییهاتنی جەوری زیندان و مەترسییە لەسەر ژیانی، بەڵام بۆ ماسیگرەکە نەک هەر بە پێچەوانەیە، بەڵکو دەکەوێتە دۆخێکەوە خۆزگە بە لێپێچینەوەکانی کۆریای باشور بخوازێت. لە فیلمەکەدا ماسیگرەکە دەگەڕێتەوە کۆریای باکور و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەن، تەنانەت ئەو ورچە خوریەشیان قبووڵ نییە کە پیاوەکە بۆ منداڵەکەی هێناوەتەوە، کاتێکیش ئەو چەندە دۆلارەی لێ دەگرن کە لە فرۆشی دیارییەکانەوە هاوڕێ کۆریای باشورییەکەی دەیداتێ، ئەفسەری لێکۆڵەر دۆلارەکەی لێ وەردەگرێت و پێی دەڵێت پارەکە بۆ ئەو بە مەرجی رزگارکردنی لێی وەردەگرێت. دیمەنی دواتر دیمەنی بەشکردنی پارەکە و رزگاربوونی کابرای ماسیگرە.

دیمەنێکی تر، فڕێدانی ئەو ورچە خورینەیە لە لایەن منداڵی کابرای ماسیگرەوە کە باوکی بۆی هێناوە.

ئاوی رووبارەکە چارەنووس دیاری دەکات
«ئەوەی هی ئاوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاو» ئەمە تەواو لەگەڵ چارەنووسی ماسیگرەکە دەگونجێت. دوای گەڕانەوەی ناچارە درێژە بە راوکردنی ماسی بدات، بەڵام فەرمان دەرچووە بۆی نەبێت بچێتەوە سەر کارەکەی. ئەو لەدەست هەردوو بەری ئاوەکە هاوار دەکات وازی لێ بهێنن و ژیانی خۆی بژی، ئەوەی دەتەقێ گوللـەیەکە لەنێوان دوو وڵاتدا، کە هەمان ناویان هەیە، بەڵام دوو سیستمی جیاواز، ماسیگر بە فەرمانی سەربازی لەنێو یەختەکەیدا کە بە زۆر رێگەی خۆی کردەوە تا بچێتەوە ناو رووبارەکە دەکوژرێت و دیسان ئاڕاستەی ئاوەکە دەیباتەوە نێو چارەنووسی ئەبەدی کە مردنە.

* فیلمی تۆڕ (The Net)، دەرهێنانی کی دوک کیم، شوێن، کۆریای باشور، ساڵی بەرهەمهێنان 2016، کات 114 دەقە.

 374 جار بینراوە