سەرەکی » ئاراستە » قاجر، یه‌كه‌م شه‌ڕی ناو گوند له‌ شاره‌زوور

شۆڕش بەم گوندەدا تێپەڕی

قاجر، یه‌كه‌م شه‌ڕی ناو گوند له‌ شاره‌زوور

م. عەلی

52

هه‌میشه‌ گوندەکان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دیوه‌خانی پێشمه‌رگه‌ بوون، بۆیه‌ لادێ‌ و شۆڕش جمكانه‌ی یه‌كتری بوون و لێك جیانه‌كراونه‌ته‌وه‌

قاجر گوندێکی شاره‌زووره‌، سه‌ربه‌ یه‌كه‌ی كارگێڕیی خورماڵه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، دراوسێی گونده‌كانی گردی شه‌ریف، كشه‌ده‌ری، ته‌په‌سه‌رقووڵه‌، ته‌په‌ڕێزینه‌، گرده‌نازێ‌، ته‌په‌تۆڵه‌كه‌، گردی گۆ، قه‌ده‌فه‌رییه‌، دانیشتووانه‌كه‌ی به‌زۆری له‌ تیره‌ی هاروونی ئێلی جافن.
له‌ فه‌رهه‌نگه‌ كوردییه‌كاندا ئاماژه‌ به‌ وشه‌ی قاجر نه‌كراوه‌ پێده‌چێت وشه‌یه‌كی توركی بێت، یه‌كێك له‌و توركانه‌ی له‌ جاده‌ نوێیه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ – سلێمانی كارده‌كات وتوویه‌تی: وشه‌ی قاجر به‌ توركی واته‌ ئاوی روون، هه‌روه‌كو كشه‌ده‌ری كه‌ دێیه‌كی نزیكی قاجره‌ واته‌ ئاوی خوڕ، كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی قاجر چه‌می ریشێنه‌ و ئێستا وه‌كو شوێنێكی سه‌یرانگای لێهاتووه‌ خه‌ڵكی سه‌ردانی ده‌كه‌ن، جگه ‌له‌مه‌ كانیی كه‌مۆڵه‌، كانی باوه‌شێخ، كانی زه‌نگیانه‌ی تیایه‌.
له‌ گه‌رمیانیش زنجیره‌ شاخێك له‌نێوان بناری گل و ناوچه‌ی داوده‌دا هه‌یه‌ پێیده‌وترێت قاجر، كه‌ به‌ هه‌ردوو دیوی بناری گل و ده‌شتی داوده‌دا ده‌ڕوانێ، حه‌مه‌خورشیدی داوده‌ له‌ پارچه‌ شیعرێكیدا ده‌ڵێ‌:
یاران چه‌ند خۆشه‌ ئه‌م موڵك و ماوا
زه‌رده‌ی پای قاجر وه‌ر چه‌ خۆراوا
مازووخ وه‌ ره‌شی هه‌رده‌ بی وه‌ته‌م
دڵ بی وه‌ بولبول نیشت وه‌ جاگه‌ی خه‌م.
قاجر له‌ ساڵانی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌ و دواتر به‌شێكی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ره‌و گونده‌كانی گه‌رمیان رۆیشتوون و له‌وێ‌ نیشته‌جێبوون، تاکو پێش چۆڵكردنی له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسی دژی كورده‌وه‌ نزیكه‌ی 28 ماڵ بوون، به‌ كاروباری ئاژه‌ڵداری و وڵاخداری و كشتوكاڵی دانه‌وێڵه‌ و شووتی و كاڵه‌ك و ته‌ماته‌وه‌ خه‌رێكبوون. ئه‌م گونده‌ مزگه‌ت و قوتابخانه‌یه‌كی قوڕ و كاره‌بایان هه‌بوو. له‌ گردی قاجردا له‌ته‌ گۆزه‌ و شتی شوێنه‌واری تیادۆزراوه‌ته‌وه‌.
له‌ئه‌نجامی سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی حیزبی به‌عسه‌وه‌ له‌ ساڵی 1987 قاجریش وه‌كو هه‌موو گونده‌كانی تری شاره‌زوور چۆڵكرا و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ره‌و نه‌سر و باریكه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌ ئاواره‌كران.
خه‌ڵكه‌كه‌ی گیانێكی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌یان هه‌بووه‌، له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا پێشمه‌رگه‌یان هه‌بووه‌، له‌ شۆڕشی نوێشدا رێكخستن و پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كانی شۆڕشی هه‌بووه‌، زیندانی سیاسی و دوو شه‌هیدی پارتیی و شه‌هیدێكی سۆسیالیستی هه‌بووه‌، قوربانیی مین و كه‌مئه‌ندامی سه‌نگه‌ری هه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕی لایه‌نه‌كانی شۆڕشی تێدانه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكیی لایەنە‌كانه‌وه‌ ئازاری رێكخستنی یه‌كترییان داوه.
قاجر له‌ په‌لاماری سه‌ربازیی رژێم ده‌رباز نه‌بووه‌، مانگی 10ی ساڵی 1981 هێزێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ پێشمه‌رگه‌كانی هه‌رێمی یه‌ك و كه‌رتێكی هه‌رێمی 3و كه‌رتێكی هه‌رێمی پێنج به‌ سه‌رپه‌رشتیی شه‌هید شه‌وكه‌تی حاجی مشیر له ‌شارباژێڕه‌وه‌ به‌ره‌و شاره‌زوور داده‌به‌زن و به ‌ئاشكرا به‌دێهاته‌كاندا ده‌سووڕێنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی دوژمن ده‌ربچێ‌ و ده‌ستێكی لێبوه‌شێنن. ئه‌و هێزه‌ ده‌چنه‌ گونده‌كانی قاجر و گردی شه‌ریف.. حكومه‌ت كه‌ به‌مه‌ ده‌زانێ‌ به‌ هێزێكی سه‌رباز و جاش به‌ پاڵپشتیی تانك و تۆپخانه‌ و كۆپته‌ره‌وه‌ له‌ چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ په‌لاماری قاجر ده‌دات. پێش خۆركه‌وتن جاشه‌كانی سنوورەکە هێرشیان ده‌ستپێكرد، هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ستڕێژدا 16 جاش كوژران، لاشه‌كانیان و چه‌ك و جیهازێكی كۆڵه‌پشتی پێوه‌ندیكردن به ‌كۆپته‌ره‌كانه‌وه‌ كه‌وته ‌ده‌ست پێشمه‌رگه‌، دوژمن بۆ ده‌ربازكردنی لاشه‌ی جاشه‌كان چه‌ندین جار هێرشیكرد‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوونه‌بوو، كۆپته‌ره‌كان له‌ئاسمانه‌وه‌ بۆمبه‌كانی به‌رده‌دایه‌وه‌ ناو گونده‌كه‌ و ده‌وروپشتی، تۆپخانه‌ش له‌ قه‌ده‌فه‌ری و ده‌لێن و شانه‌ده‌ری و وشقوبه‌وه‌ به‌چڕیی تۆپبارانیان ده‌كرد. ناودێ‌ نوقمی دووكه‌ڵ و پارچه‌ی تۆپه‌كان ببوو، دوای سەعات سێ- ی پاشنیوه‌ڕۆ، پێشمه‌رگه‌كان به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی شه‌هید بده‌ن له‌ دێیه‌كه‌ ده‌كشێنه‌وه‌، دوژمنیش لاشه‌ی كوژراوه‌كانی كۆكردبوه‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ی به‌جێهێشتبوو، له‌م شه‌ڕه‌دا هونه‌رمه‌ند كاوه‌ حه‌مه ‌ساڵح پێنجوێنی زۆر به ‌سه‌ختیی برینداربوو، خه‌ڵكی دێیه‌كه‌ رۆڵی باشیان له‌ پشتیوانیكردنی پێشمه‌رگه‌كان بینیبوو، ئه‌گه‌رچی زیانی گیانیی نه‌بوو، زیان له‌ ماڵیات و كه‌لوپه‌لی ناو ماڵه‌کەیان كه‌وتبوو، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو رژێم چه‌ندین جار به‌هۆی هاوكاریكردنی شۆڕشه‌وه‌ خه‌ڵكی دیاری ئه‌م گوندەی گرتووه‌ و ئازاریداون. ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین شه‌ڕی ناودێ‌ بوو له ‌شاره‌زووردا كرا، ئه‌زموونێكی نوێی شه‌ڕكردن بوو له‌ شۆڕشی نوێدا. ئه‌مه‌ داهێنانێكی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی بوو له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی دوژمندا. ئیتر دوژمن به ‌ئاسانیی نه‌یده‌توانی بچێته ‌ناو گونده‌كانه‌وه‌، ئەگه‌رچی ئه‌مجۆره‌ شه‌ڕه‌ زیانی مادی و گیانی به‌دواوه‌بوو له‌هه‌مان كاتدا لووتشكاندنی دوژمنی داگیركه‌ری تیابوو، كه‌ به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی قورس و كۆپته‌ر و هێزی سه‌رباز و جاشی زۆره‌وه‌ ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و هێزه‌ كه‌مه‌ی پێشمه‌رگه‌ و چه‌كه‌ ساده‌كانی ده‌ستیان نه‌ده‌هات، هه‌رچه‌نده‌ جیاوازیی له‌ دیاریكردنی رۆژی شه‌ڕه‌كه‌دا هه‌یه‌، كتێبی (ده‌نگی خاك) لاپه‌ڕه‌ 391 ده‌نووسێ‌: پایزی 1982، كتێبی (سه‌روه‌رییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان) لاپه‌ڕه‌ 143 ده‌نووسێ‌: 15/10/1981، كتێبی (له‌شاره‌زووره‌وه‌ بۆ ناسرییه‌) لاپه‌ڕه‌ 165، هه‌روه‌ها مه‌لا ئه‌حمه‌دی سه‌ید خه‌لیلی به‌شداربووی شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ڵێت: رۆژی 19/10/1981 بووه‌، عه‌زیز كوڵكنی به‌شداربووی شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ڵێت‌: رۆژی 10/10/1981..
له‌ ساڵی 1987 حكومه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له ‌قاجردا پشوو ده‌ده‌ن، 9 كه‌س له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ستگیرده‌كات و بڕیاری له‌سێداره‌دانیان ده‌درێ‌، به‌ واسیته‌ی گه‌وره‌ رزگاریان ده‌بێت‌.
له‌ ده‌می رزگاركردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا قاجر ده‌بێته‌ هێلی به‌ریه‌ك كه‌وتنی نێوان ئێران – عیراق، لاشه‌ی هه‌زاران سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری عیراقی له ‌زه‌وییه‌كانیدا كه‌وتبوو، زۆرێكیشیان له‌ ئاوی ریشێندا خنكان.
قاجر دوای راپه‌ڕین خانووی تیادا دروستكرایه‌وه‌، وه‌كو بنه‌ ئاوه‌دانكرایه‌وه‌، كاره‌بای هه‌یه‌، به‌ڵام ماڵی تێدا نییه‌، به‌زۆریی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ سه‌ید ساد‌ق، هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌، سلێمانی نیشتەجێن، بۆ كاروباری كشتوكاڵیی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئێستا جاده‌ نوێیەکەی هه‌ڵه‌بجه‌ – سلێمانی به‌ پاڵیدا تێده‌په‌ڕێ‌.

 346 جار بینراوە