سەرەکی » ئاراستە » كاریگەریی پۆستەر لە شۆڕشی نوێدا

كاریگەریی پۆستەر لە شۆڕشی نوێدا

لە شۆڕشی نوێدا چاپخانەی شەهید ئیبراهیم عەزۆ، دەزگای رۆشنبیری كۆمەڵە، چاپخانەی
شەهید جەعفەر لەو چاپخانانە بوون كە رۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە پێشخستنی پۆستەری سیاسیدا

 

به‌ختیار سه‌عید

پۆستەر یەكێكە لەو جۆرە هونەرە خێرایانەی كە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر بینەر دادەنێت و دەبێتە بابەتێكی گرنگی پێدراو لەلایەن ئەو كەسانەی كە دەیبینن و لە زۆربەی كاتەكانیشدا بۆتە هۆكاری تێڕامانێكی قووڵ، ئەم هونەرە بۆ زۆرێك لە بوارە جیاوازەكانی ژیان بەكارهێنراوە و لە هەموو بوارەكانیشدا پێگە و قورسایی خۆی هەبووە.

تا ئێستاش ئەو كاریگەرییەی لەدەست نەداوە و لەسەر ماتریاڵی جیاوازی وەكو كاغەز و فلێكس و قوماش و فینیل بە ئەندازە جیاوازەكان چاپ و بڵاودەكرێتەوە كە دیارترینیان ئەندازەكانی (A4, A3 A2, A1, A0 )و مێژووی ئەم هونەرە لای هونەرمەندە ئەوروپییەكان بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە، بەدیاریكراوی لە ساڵی 1866دا هونەرمەندی فەرەنسی (جول شیریە) بە بەرهەمێنانی زیاتر لە هەزار پۆستەر كە بۆ ئەو كاتە هونەرێكی نوێ و بەرچاو بووە، لەو بارەیەوە هونەرمەندی فەرەنسی (هنری دو- تولوز لۆتریك) بووە خاوەنی چەندین پۆستەری جوان كە نەخشەسازی كردبوو بۆ شانۆ و هۆڵی سەماكان، دواتریش ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان پۆستەریان كۆكردۆتەوە و وەكو كارێكی هونەری ئەژمار كراوە. پۆستەرەكان لە نێوان نیگاركێشان و وشە و فۆتۆدا خۆی نواندووە كە تایبەتە بۆ نمایشی شانۆییەكان و فیلمە سینەماییەكان و گەیاندنی پەیامە سیاسییەكان بەكارهێنراوە.

جۆرەكانی پۆستەر
دیارە پۆستەر چەندین جۆری هەیە و هەریەك لەو بوارانە تایبەتمەندێتی بوارەكەی خۆیی هەیە كە پێكهاتوون لە (پۆستەری سیاسی، پۆستەری ریكلامی، بانگهێشتكردن، پۆستەری پەروەردەیی و پۆستەری زانستی ئەكادیمی).

كاریگەریی پۆستەر لەناو شۆڕشەكاندا

شۆڕی ئۆكتۆبەری ساڵی 1917
ئەو شۆڕشەی توانی شێوازەكانی بیركردنەوە و بنەماكانی لەسەر ئاستی جیهان بگۆڕێ، بەدوای خۆیدا چەندین هونەرمەند توانیان جوانترین و كاریگەرترین پۆستەریان بەرهەمبهێنن كە دیارترینیان پۆستەری هونەرمەند (ئەلكسەندەر ئیست 1880-1942) كە تیشکی خۆستۆتە سەر رۆحی بەرگری و رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی.

پۆستەری پۆڵەندی
پۆستەر لە ئەوروپای خۆرهەڵات پانتاییەكی گەورەی هەبووە لە هەموو بوارەكاندا و هۆكار بووە بۆ ئەوەی رێڕەوی ژیان بەرەو ئارامی ببات، هەر بۆیە پۆستەری پۆڵەندی بەتایبەتی مێژوویەكی دووروودرێژی هەیە لەگەڵ پۆستەری سیاسیدا. هەر لەسەرەتای جەنگی دووەمی جیهانی تا نەوەدەكانی سەدەی بیستەم ئەو كاریگەرییە درێژەی هەبووە، هەربۆیە ئەگەر بڕوانینە كارەكانی هونەرمەندی پۆڵندی (رومان لویس- 1930-1996) ئەوە خاڵی رووبەڕوبوونەوە دەبینینەوە.

شۆڕشی خوێندكاران
ساڵی 1966 كاتێك شۆڕشی خوێندكاران لە ئەوروپا دەستیپێكرد و ناڕەزاییەكان رۆژانە لە فەرەنسا رووی لە باڵابوون دەكرد پۆستەرە سیاسییەكانیش فراوانتر و ئەندازەی جیاواز و رەنگا و رەنگەكان هەموو وڵاتی گرتبۆوە، فراوانترین پۆستەر كە لەو دەمەدا بڵاوببۆوە پۆستەری هونەرمەندی ئیرلەندی (جیم باتریك)ە كە پۆستەری (جیڤارا)ی نەخشاندبوو بەشێوەیەكی فراوان بڵاوببۆوە بە هەردوو رەنگی رەش و سور نەخشێنرابوو.

پۆستەر لە كوردستان
پۆستەر لە باشوری كوردستان بۆ بوارە جیاوازەكان هەبووە و كاریگەریی خۆشی هەبووە، تەنانەت لەلای هونەرمەندان گرنگی پێدراوە هەر لە پۆستەری بارزگانییەوە بیگرە تا دەگاتە پۆستەری هونەری و وەرزشی و زۆر بواری تر، بەڵام ئەوەی كە لێرەدا دەمانەوێت باسی بكەین پۆستەری سیاسییە و ئەم هونەرە لە سەردەمە جیاوازەكاندا كاریگەری خۆی هەبووە لەسەر رەوڕەوەی شۆڕشەكان و ورە بەخشین لەلایەك بە هێزی پێشمەرگە و لەلایەكی تر بە هاووڵاتیان و دەبووە هۆكار بۆ جۆشدان بۆ شۆڕش و رووبەڕوبوونەوەی دەسەڵاتە جیاوازەكان لە كوردستان و عیراقدا، هەر لەو نێوەندەدا ئەم هونەرە بە ئەندازەی جیاواز چاپ و بڵاودەكرایەوە و هەموو بڵاوكراوەكان لەسەر كاغەز بووە بە ئەندازەكانی (A4-A3) زۆرترین ئەو ئەندازانە بووە، هونەرمەندان لەناو شۆڕش و ناو شارەكاندا كاریان لەسەركردووەو زۆرترین رەنگەكان رەنگی رەش و سوور بووەو هەندێكجار بە جیا هەندێكجاریش بە تێكەڵاوی چاپ و بڵاو بۆتەوە.

دیارە زۆرترین پۆستەرەكان لەکاتی شۆڕشدا بۆ هاندانی هاووڵاتیان بووە بۆ رووبەڕوبوونەوەی دەسەڵات و چاپكردنی وێنەی شەهیدان و پیرۆزباییكردنی شۆڕش لە بۆنە نەتەوەییەكانی وەكو نەورۆز و پۆستەری تایبەت چاپكراوە و بڵاوكراوەتەوە، رێكخستنەكانیش لەناو شارەكاندا بۆخۆیان دروستكەری چەندین پۆستەری جیاواز بوون، هەموویان پێكەوە رۆحێكی شۆڕشگێڕانەیان خوڵقاندووە كە ئەنجام تێكشكاندنی دوژمن و هەڵگیرسانی راپەرین و دروستبوونی دەسەڵاتێكی كوردی لە باشووری كوردستان بووە.

لەناو شۆڕشەكاندا چەندین شێوەكاری جیاواز هەبووە بۆ خوڵقاندنی ئەو پۆستەرانەی كە دواتر هەزار دانەیان لەبەر دەگیرایەوە، ئەگەر شۆڕشی نوێ نموونەی بابەتەكەمان بێت ئەوە لەناو ئەم شۆڕشەدا چاپخانەی (شەهید ئیبراهیم عەزۆ- دەزگای رۆشنبیری كۆمەڵە- چاپخانەی شەهید جەعفەر) یەكێك بوو لەو چاپخانانەی رۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە پێشخستنی پۆستەری سیاسی و ئەو هونەرمەندانەی لەناو راگەیاندندا كاریان كردووە وەک (رەمزی قوتبەدین، رێبوار سەعید، ئاکۆ غەریب، عوسمان قادر) بەرهەمەكانیان هۆكار بوون بۆ دروستبوونی مێژوویەكی تر لە هونەری بەرگری و هێنانە ئارای پۆستەری سیاسی لە باشوری كوردستاندا.

 

 379 جار بینراوە