سەرەکی » دۆسێ » وڵاتانی دراوسێ‌ عیراق رووبەڕووی كەمئاوی دەكەنەوە

تەنگژەیەك بەڕێوەیە

وڵاتانی دراوسێ‌ عیراق رووبەڕووی كەمئاوی دەكەنەوە

ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە وڵاتانی دراوسێ‌ رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان ناگرن، هۆشداریش دەدات لە هاتنەبەری تەنگژەی ئاو لە وڵاتدا.

جەمال فاخر، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە 29ی ئایاری رابردوو رایگەیاند:»لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمان كۆبوونەوەیەك بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی خێرا بۆ تەنگژەی ئاو سازدەكات و گوشار دەخاتە سەر سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار، تا بكەونە خۆیان بۆ یەكلایی كردنەوەی دۆسێی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌«.

بە وتەی جەمال فاخر:»بەردانەوەی ئەو ئاوەی لەلایەن وەزارەتی داهاتە ئاوییەكانەوە رایگەیەندرا لە ئاوە عەمباركراوەكە بوو كە بۆتە مایەی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەكان، ئەمەش دەستەواژەیە بۆ دروستبوونی تەنگژەیەكی ئاو كە روو لە عیراق دەكات، لە حاڵەتی رێنەكەوتن و گوشارنەخستنە سەر توركیا بە هەموو شێوەیەك بۆ كۆتایی هێنان بە تەنگژەكە».

ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت:»ئەم وەرزە بەهۆی كەمی باران و كەمكردنەوەی توركیا و ئێران بۆ پشكی دادپەروەرانەی ئاوی عیراق لە هەردوو روباری دیجلە و فورات، حاڵتێكی وشكە ساڵی دروستبوو».

عیراق كارتەكانی بەكارنەهێناوە
فراكسیۆنی (بیارق الخیر) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رەخنەی لە سیاسەتەكانی حكومەت گرت، سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی ئاو، ئاماژەی بە بوونی ئەو كارتە بەهێزانەش كرد كە عیراق بەدەستییەوەیە بۆ وڵاتانی دراوسێ‌، بەڵام بەكاریی نەهێناون.

محەمەد خالیدی، سەرۆكی فراكسیۆنی (بیارق الخیر) لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»دەستەواژەكانی هاتنەبەری تەنگژەیەكی توندی كەم ئاوی لە عیراق، بۆ چەند مانگێكە دەركەوتوون، هەموو راپۆرتەكان تەئكید لە دروستبوونی رەوشێكی قورس و زۆر مەترسیدار دەكەن، بە تایبەت لە دیالە، بەڵام بەداخەوە هیچ جموجۆڵێكی راستەقینە لەلایەن حكومەتەوە بەدی نەكراوە بەرامبەر بەو تەنگژەیە كە زیانی گەورەی لێدەكەوێتەوە، بە تایبەت كە 60%ی ناوچە زیانلێكەوتووەكان پشت بە كشتوكاڵ دەبەستن بۆ دابینكردنی سەرچاوەی بژێوی كە لەئێستادا بەهۆی وشكە ساڵییەوە راوەستاوە».

بە وتەی خالیدی»عیراق سیاسەتێكی دروستی نییە بۆ ئیدارەدانی دۆسێی ئاو، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە، بەو پێیەی دەبێت ئاو لە ترۆپكی ئەولەویەتی حكومەتەكاندا بێت و نەخشەڕێگە بۆ دابینكردنی دابنرێت، تا خۆی لە تەنگژەكان بەدووربگرێت، وەك چۆن هەموو وڵاتێك هەوڵ دەدات لەڕێی قۆستنەوەی هەلەكانی بەردەستی، تا پارێزگاریی لە بەرژەوەندی گەلانی بكات».

خالیدی پێیوایە:»عیراق كارتی گوشاری بەهێزی بۆسەر ئێران و توركیا لەبەردەستدایە كە پەیوەندییان بە دۆسێی ئابورییەوە هەیە، بەوپێیەی عیراق بازاڕێكی گەورەیە بۆ بەرهەمەكانی ئەو دوو وڵاتە، بەجۆرێك بەهای فرۆشتنەكانیان لە ساڵێكدا دەگاتە زیاتر لە 40 ملیار دۆلار».

ئاوی بەنداوەكان دابەزیون
هەر لەو چوارچێوەیەدا مەهدی حەمدانی وەزیری داهاتە ئاوییەكان لە 28ی ئاداری 2021، باسی لە دەركەوتووترین ئاستەنگەكان كردبوو لە دۆسێی ئاو، ئاماژەی بە شروشتی تەنگژەی ئێستا و كەمی ئاوی رووبارەكانیش كردبوو لە وڵاتدا.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزارەتەكەوە بڵاوكرایەوە»وەزیری داهاتە ئاوییەكان، بە یاوەری ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت، بەنداوی دوكانی بەسەركردەوە، تا لە نزیكەوە ئاگاداریی عەمباری ئاو و داهاتە ئاوییە بەدەستهاتووەكان بێت، و بەدواداچوون بۆ كارەكانی نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوە بكات لە بەنداوەكە».

هەر لەو بارەیەوە حەمدانی رایگەیاندووە»سەردانەكەی بۆ بەنداوی دوكان كە رۆژێك بەر لە سەردانەكەی بوو بۆ بەنداوی دەربەندیخان، هاوكاتە لەگەڵ رێنماییەكانی مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لەو كێشە و ئاستەنگانەی رووبەڕووی پرۆژەكان بونەتەوە لە تێكڕای پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان، لە سەردانەكەشدا چاوی بە ئیدارەی بەنداوەكان و كارمەندان كەوتووە و گوێی بۆ گرنگترین كێشە و ئاستەنگان گرتووە لە كارەكانیان، و زانیاریی لەبارەی بڕی ئاوی بەدەستهاتوو و سیاسەتی كارپێكراوی كاركردنی ئێستا، وەرگرتووە».

وەزیری داهاتە ئاوییەكان، وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە»فەرمانی كردووە چارەسەری بەپەلە بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە و وەزەتەكەشیان مامەڵە لەگەڵ دۆسێیەكی گرنگدا دەكات كە پەیوەندی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە كە ئەویش ئاوە، لەگەڵ ئەمەشدا هەموان دڵنیادەكاتەوە كە ئاوی پێویست دابینكراوە بۆ هاویین و زستانی داهاتوو».

مەهدی حەمدانی دەڵێت»كەمی ئاوی باران لەمساڵ و كەمی بارینی بەفر، بەشێوەیەكی گەورە كاریگەریی لەسەر داهاتی ئاوی بەدەستهاتوو كردووە لە وڵاتانی دراوسێ‌ كە سەرچاوەن، بە تایبەتیش لەلایەن ئێرانەوە كە بۆتە مایەی دابەزینی ئاوی بەنداوی دوكان بە رێژەی نزیكەی 70%، بەراورد بە ساڵی پێشوو»، ئاماژەی بە جموجۆڵی وەزارەتەكەش كرد لەگەڵ ئێران، «لەڕێی سازدانی كۆبوونەوەی تەكنیكی لەسەر ئاستی باڵا، بۆ گفتووگۆ لەبارەی كەمبوونەوەی داهاتەكانی ئاو لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و رووباری كارون، كاروباری تەكنیكی زۆر هەن لە خشتەی وتوێژەكانی نێوان هەردوولا، وێڕای جموجۆڵی هاوشێوە لەگەڵ دەوڵەتی توركیا، وەزارەتی داهاتە ئاوییەكانیش كار لەگەڵ هەموو لایەنەكان دەكات لەپێناو دابەشكردنی زیانەكان».

وەزارەتی داهاتە ئاوییەكان دەڵێت»وەزیر بەشێوەیەكی مەیدانی دامەزراەوەكانی بەنداوەكە و ناوچەكانی بەرزایی دەریاچەی دوكانی لە قەزای رانیە و قەڵادزێ‌ بەسەركردۆتەوە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو ئاوانەی دەڕژێنە دەریاچەكە، بەسەركردنەوەكەشی بەشێوەی راستەوخۆ و مەیدانی بوو».

بەنداوی دوكان یەكێكە لە بەنداوە گرنگەكان كە پێویستە بەشێوەیەكی بەردەوام بەدواداچوونی بۆ بكرێت و نۆژەنبكرێتەوە، تا سەلامەتی بەنداوەكە لە هەموو بارودۆخەكاندا بپارێزرێت و سەلامەتی بەنداوەكان بكرێتە دەستپێكی كاریی وەزارەتی داهاتە ئاوییەكان لە قۆناغەكانی داهاتووە، ئەمەش لە بەیاننامەكەی وەزارەتی داهاتە ئاوییەكانی حكومەتی فیدراڵدا ئاماژەی پێكروە.

 80 جار بینراوە