سەرەکی » کەلتوور » مەنعەتەجەول

مەنعەتەجەول

د. ئاراس محەمەد ساڵح

لەگەڵ دەسپێکردنی‌ شۆڕشی‌ چەکداری‌ لە شەستەکانی‌ سەدەی‌ رابردوودا، توندوتیژی‌ و هێرش و پەلاماری‌ سوپای‌ عیراق بۆ سەر کوردستان توندتر بووە، دەسەڵاتدارانی‌ عیراق بۆ سەرکوتکردنی‌ ئازادیخوازانی‌ عیراق سڵیان لە هیچ رەشەکوژی‌ و هێرش و پەلامار و تاوانێک نەکردۆتەوە بەرامبەر هاووڵاتی‌ ئاسایی خۆیان، بەتایبەتی‌ لە دوای‌ روخانی‌ دەسەڵاتی‌ قاسم و دەستگرتنی‌ بەعسی‌ و نەتەوەییە توندڕەوە عەرەبەکان بەسەر دەسەڵاتی‌ عیراقدا، لەدوای‌ ئەوەی‌ بەعسییەکان کودەتای‌ سەربازی‌ بەسەر دەسەڵاتی‌ قاسمدا دەکەن، هەوڵی‌ زۆریانداوە لەڕیگەی‌ توندوتیژی‌ و ئاگر و ئاسنەوە دەسەڵاتی‌ خۆیان بسەپێنن لە ناوچە کوردیەکاندا.

بۆ چاوترساندن و سەرکوتکردنی‌ خەڵکی‌ لە سەرەتای‌ دەستپێکردنی‌ شۆڕشی‌ کوردەوە رژێمی‌ عیراق هەوڵیداوە دەسەڵاتی‌ سەربازی‌ خۆی‌ بەهێز بکات، بەتایبەتی‌ لە ناوچەی‌ سلێمانی‌ و دەوروبەریدا، بۆ ئەو مەبەستە فەرماندەیەکی‌ سەربازی‌ توندڕەوی‌ وەک زەعیم سدیقیان ناردووە بۆ سلێمانی‌، زەعیم سدیق لەو کاتەدا فەرماندەی‌ لیوای‌ (20)ی‌ فیرقەی‌ (5) سوپای‌ عیراق بووە، زەعیم سدیق مستەفا فەرماندەیەکی‌ سەربازی‌ توندەڕەوی‌ موسڵاوی‌ بووە لە سوپای‌ عیراقدا، لەگەڵ هەڵایسانی‌ شۆڕشدا حکومەتی‌ ئەوکاتی‌ عیراق رەوانەی‌ کوردستانی‌ کردووە و لەو ماوەیەدا دەیان تاوانی‌ دژە مرۆیی ئەنجامداوە.

لە ساڵی‌ (1962) زەعیم بۆ سلێمانی‌، سەرەتا لە ناوچەی‌ دەربەندیخان و لە گوندی‌ (سیارە) (18) هاووڵاتی‌ ئەو گوندەی‌ شەهید کردووە، وەک پەنا بردن و بۆ ترس و تۆقاندن و چاوترساندنی‌ خەڵکی‌ بە گشتی‌.

لەو ماوەیەدا کە زەعیم سدیق لە سلێمانی‌ بووە، لە رۆژی‌ (7/6/1963) لە چیای‌ ئەزمەڕ لەگەڵ هێزی‌ پێشمەرگەدا تووشی‌ شەڕ هاتووە و لەو شەڕەدا تێکشاوە، هەربۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ناوشار، بەپێی‌ پلانێکی‌ نەگریسی‌ خۆیان لە شەوی‌ (9/6/1963) چواردەوری‌ سلێمانی‌ تەوق دەکەن، بۆ بەیانیەکەی‌ (مەنعەتەجەول) رادەگەیەنن و ماڵ بە ماڵ شار دەپشکنن، لەو پەلامارەدا ژمارەیەکی‌ زۆر خەڵکی‌ دەستگیر دەکەن و لە حامیەی‌ سلێمانی‌ (شوێنی‌ ئێستای‌ پارکی‌ ئازادی‌) زیندانیان دەکەن.

هەر لەو رۆژەدا لە یاریگای‌ سلێمانی‌ (مامۆستا یاسین و مامۆستا حەمەبۆر و مامۆستا كامیلی حەمە سەعید دارتاش و مامۆستا ئیسماعیل ئیبراهیم بەلوعەچی) گولەباران کراون. لەو رۆژەدا سەدان کەسیان لەو ناو حامیەدا زیندانی‌ کردووەو ژمارەیەکیان گولەباران کردووەو هەندێکیان زیندەبەچاڵ کراون و پاش ماوەیەکی‌ زۆر تەرمەکانیان دۆزاوەتەوە، لەو رۆژەوە وشەی‌ (مەنعەتەجەول) لەناو زیهن و قسەی‌ رۆژانەی‌ خەڵکیدا وەک کارەساتێکی‌ رەش جێگەی‌ خۆی‌ گرتووە.

هەر لەو رۆژگارەدا زەعیم سدیق و دەستەکەی‌ لە گوندی‌ (کەندەکەوە) لە نزیک تاسڵوجە ژمارەیەک خەڵکی‌ ئەو گوندەیان گولەباران کردووەو لەدوای‌ ئەو رووداوەو ئەو گوندە بە (کەندەکەوەی‌ شەهیدان) ناسراوە، لە گوندی‌ (تەپەشوانکارە کۆن)ی‌ بازیانیش (کوێخا مەجیدی‌ مارف) کە کەسایەتیەکی‌ ناوچەکە بووە گولەبارانیان کردووە.

هەر لەو ماوەیەدا و لە هێرشێکیاندا بۆ ناوچەی‌ هەڵەبجە و دەوروبەری‌ رەشەکوژیان کردووە، لەناو شاری‌ هەڵەبجەدا مەلا عابیدی‌ عەبابەیلێی گولەباران دەکەن، لەو کاتەدا برایەکی‌ مەلا عابید بەگژ جەلادەکاندا چووەتەوە، زۆر بە شێوەیەکی‌ دڕندانە ئەویش شەهید دەکەن، جگە لەم دوو شەهید چەند کەسێکی‌ تریشیان شەهید کردووە، هاتنی‌ زەعیم سدیق بۆ سلێمانی‌ و دەوروبەری‌ سەرەتایەکی‌ ترسناکی‌ ئیرهاب و کۆمەڵکوژی‌ حکومەتی‌ عیراقە لە دژی‌ خەڵکی‌ کوردستان.

یەکێکی تر لەو کارەساتانەی‌ لەو رۆژەدا روبەڕووی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بۆتەوە سووتاندنی‌ هەزاران کتێب و دەستنووس و بەڵگەنامە بووە، لەبەرئەوەی‌ ئەو هێزەی‌ ئەو رۆژە ناوشاریان پشکنیوە زۆر چاویان لەسەر ئەو ماڵانە بووە کە کتێب و کتێخانەیان هەبووە، چونکە زانیویانە ئەوانەی‌ کتێبیان هەبێت کادری‌ حیزبە سیاسیەکانی‌ ئەو رۆژگارە بوون و خاوەن بیر و ئایدیای سیاسی بوون.

لەو رۆژەدا لەترسی پەلامار و دۆزینەوەی‌ کتێب و وێنە و بڵاوکراوەو بەڵگەنامەی‌ یاساغ لەلای‌ دەسەڵاتدارانی‌ ئەو رۆژگارە، هەر بۆیە زۆرێک لەوانەی‌ ئەو شتانەی‌ هەبووە یان سوتاندوویانن یان لە ژێر زەویدا شاردوویانەتەوەو بەو هۆیەو لەناوچوون، زۆرێک لەو ماڵانەی‌ خاوەنی‌ دەستنووس و نووسراوی‌ بەنرخ بوون لە شاری‌ سلێمانیدا، باس لەوە دەکەن بەهۆی‌ ئەو کارەساتەوە دەیان بەڵگەنامەو نووسراوی‌ بەپێزی‌ مێژوویان سوتاوەو لەناوچووە.

 

شەهید ئەنوەر سەعید دارتاش
شەهید مامۆستا محەمەد حاجی ساڵح
شەهید مامۆستا ئیسماعیل ئیبراهیم

 79 جار بینراوە