سەرەکی » زانست » گۆڕە نامۆكەی دبلن، شوێنەوارناسانی سەرسامكردووە

گۆڕە نامۆكەی دبلن، شوێنەوارناسانی سەرسامكردووە

تارا شێخ عوسمان

گۆڕستانی (نیوگرانگ) لە هەرێمی (میس)ی دبلنی پایتەختی ئێرلەندای باشوور كە لە شوێنەوارەكانی ستۆنهێنگ و هەرەمەكانی میسر كۆنترە، سەرنجی شوێنەوارناسانی راكێشاوە.

ماوەیەكی زۆرە ئەو گۆڕستانە لەو هەرێمە مێژووییەی سەربە دبلنی پایتەختی ئێرلەندا دۆزراوەتەوە، بەڵام هێشتا بەلای شوێنەوارناسانەوە شتێكی نامۆ و جێگەی سەرنجە، چونكە بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەو گۆڕستانە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 3200 ی پێش زایین، واتە شەش سەدە كۆنترە لە كۆنترین هەرەمی میسر و حەوت سەدەش كۆنترە لە شوێنەوارەكانی ستۆنهێنگ.

ئەو گۆڕستانە لە دوورەوە وەك گردێكی گەورە دەنوێنێت، بەڵام لە راستیدا تەنها گۆڕێكی كووڕە و لەیەك ژوور پێكهاتووە و بە خۆڵ و بەرد داپۆشراوە و راڕەوێكی تەنگی لە بەردی گەورە دروستكراوی هەیە كە دیوارەكانی زۆر بەوردی نەخشێنراوە و نەخشەكانیش مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ.

تائێستا هیچ زانیارییەك بەردەست نییە سەبارەت بەو كەسانەی لەو گۆڕەدا نێژراون، یان ئەو كەسانەی ئەو شوێنە ئاڵۆزەیان تەنها بەبەرد دروستكردووە.

شوێنەوارناسان مەزەندەی ئەوە دەكەن ئەو شوێنە بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیم و سروتێكی تایبەت دروستكرابێت یان شوێنێك بووە بۆ ستایشكردنی پێشینەكانیان.

تائێستا چەندین تیمی شوێنەوارناسیی هەوڵیانداوە نهێنییەكانی ئەو گۆڕستانە و شێوە نامۆكەی ئاشكرا بكەن كە لە گورچیلەی مرۆڤ دەچێت و ویستویانە بزانن مەبەستی سەرەكی دروستكردنی چی بووە؟ بەڵام هەوڵەكانیان بێ ئەنجام بووە.

ئەو تایبەتمەندییانەی بوونەتە هۆی سەرسامبوونی زانایانی شوێنەوارناس ئەوەیە كە چۆن گەلێكی چاخی بەردینی نوێ، شوێنێكی وایان بنیاتناوە كە لەكاتی هەڵگەڕانەوەی زستانەدا خۆر راڕەو و گۆڕەكە رووناك بكاتەوە و لە نیوەی زستانیشدا و دوای چوار خولەك و نیو لە هەڵهاتنی خۆر رووناكیی لە سندوقی جێگیرەکەوە دیتە ژوورەوە و هەموو راڕەوەكە كە بەرزییەكەی 18 مەترە و دەچێتە سەر ژوورەكەی كە گۆڕەكەی تێدایە و رووناكی دەكاتەوە.

سەرەتا زاناكان نەیاندەزانی ئەو كونە چییە لە جێگیرەکەدا، لە كۆتاییدا بۆیان دەركەوتووە بۆ ئەوە بووە تیشكی خۆر بچێتە ژوورەوە و لە كورتترین رۆژی ساڵدا بیدات لە گۆڕەكە.

هەروەها لە ژووری گۆڕەكەدا ئێسك و پروسكی چوار كەسی نەناسراوی تێدایە كە زاناكان بۆچونیان وایە هیی كەسانی فەرمانڕەوا یان كەسانی ئایینی پلە باڵا بێت.

هەروەها رووكاری ئەو شوێنەوارە دێرینە لە كوارتزی سپی دروستكراوە و لە ناوەوە چەندین بەردی هەڵكۆڵراوی تێدایە كە بە نیگاری نامۆ و سەرنجراكێش رازێنراونەتەوە.

زاناكان لەو بڕوایەدان دروستكردنی ئەو شوێنەوارە چەندین دەیەی خایاندووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تێكڕای تەمەن لەو سەردەمەدا بە بەراورد بە ئێستا كەمتر بووە، هەربۆیە چەندین نەوە بەشداربوون لە بنیاتنانی ئەو شوێنەوارە سەرنجڕاكێشەدا.

سەرچاوە: RT

 224 جار بینراوە