سەرەکی » ئاراستە » فیکر و فەلسەفەی ئەفلاتون

فیکر و فەلسەفەی ئەفلاتون

د. محەمەد تۆفیق زەکەریا

وەرگێرانی : ئەردەڵان عەبدوڵڵا

2 و کۆتایی

میتۆدی مەعریفە
میتۆدی مەعریفەی ئەفلاتون، پشت بە تیۆری « ئەنترۆپۆلۆژیا» دەبەستێت، ئەمەش پێی وایە کە نەفسی مرۆڤ بوونێکی سەربەخۆیی هەیە و لە جەستەی جیایە. بەستنەوەی « رۆح، جیهانی باڵا» بە جەستەوە دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ هەموو خراپە و رەزیلەیەک. وەهم و بەدگومانیی و نەزانینی مەعریفەی هەقیقی، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەستەکان لەلایەن رۆحەوە.
کرۆکی مرۆڤ بریتیە لەو رۆحە موجەردەی کە لەناو جیهانی « بەهای باڵا» دا دەژی، پێش ئەوەی بێتەوە خوارەوە بۆ ناو جیهانی هەستپێکرا و بەستنەوەی بە جەستەوە.
جەستە بریتییە لە دیوارێکی گەورە کە رێگە لە رۆح دەگرێت بۆئەوەی نەگاتە مەعریفەی راستەقینە، هەروەها رێگریشی لێدەکات کە فەزیلەت بەدەستبهێنێت.
ئەفلاتون رۆح بەسەر چەند ئاستێکی جیاوازدا دابەش دەکات کە ئەوانیش بریتین لە : رۆحی غەریزەیی، رۆحی شەڕەنگێزیی، رۆحی عەقڵانییەت. مرۆڤی چاکەخواز ئەو مرۆڤەیە کە دەتوانێت باڵانسێک لەنێوان رۆحە جیاوازەکاندا دروستبکات، بەشێوەیەک کە هیچ کامیان سنووری ئاستی ئەوی تریان نەبەزێنێت.

ئەخلاق
ئەفلاتون فەزیلەت بە مەعریفە دەبەستێتەوە، ئەو کەسەی کە کارێکی شەڕەنگێزی دەکات، ئەو کارە دەکات چونکە نازانێت، یان بە واتایەکی تر سەرچاوەی شەڕەنگێزی» جەهلە». ئەمەش مانای ئەوەیە کە تەنها عەقڵ سەرچاوەی ئەخلاقە. هەربۆیە تێڕامان» تأمل» و فەرامۆشکردنی جەستە، رێگایەکە بۆ گەیشتن بە مەعریفەی هەقیقەت و ئەخلاقی جوان.

سیستمی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینە
لەپاش شکستی ئەسیناییەکان لە جەنگیان لە دژی ئەسپارتە و سەرکوتکردنی ئەو شۆڕشەی کە سوکراتییەکان» هەوادارانی سوکرات» رابەرێتیان دەکرد، جارێکی تر سیستمی دیموکراسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەسینا، دواتریش سوکرات دەستگیردەکرێت و حوکمی ژەهرخواردنی دەردەکرێت.
لەپاش لە سێدارەدانی سوکرات ، ئەفلاتون لە ترسی دەستگیرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەسینا بەجێدەهێڵێت و رادەکات، لەو کاتەدا تەمەنی 28 ساڵ بووە. هەربۆیە لەوکاتەدا گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە سیستمی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینە، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ کوشتنی سوکرات، هەروەها هۆکاری هەموو ئەو کارەسات و بەڵایانە بوون، کە بەسەر ئەسینا هاتووە.پاش گەڕان بە وڵاتان و خوێندنەوەی فەلسەفەیان و چوونە ژێر کاریگەرییان، لە تەمەنی چل ساڵیدا گەڕایەوە بۆ ئەسینا.
ئەفلاتون پێی وایە زۆرینەی خەڵکی، ناتوانن درک بە بەرژەوەندیی باڵای دەوڵەت و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بکەن، ئەمەش لەبەرئەوەی کە زۆرینەی خەڵکی لە رووی مەشق و راهێنان و خوێندن و حیکمەتی باش بۆ گەیشتن بە مەعریفەی هەقیقەت و جیاکردنەوە لە نا هەقیقی « ناڕاستیی» لاوازن. زۆرینەی خەڵکی تەنها گرنگی بە بەرژوەندیی تایبەتی خۆیان و هەست و خواستە راستەوخۆکانیان دەدەن. تەنهاش سۆزە لاوازەکانیان دەیانجووڵێنێت، هەرئەمەش وا دەکات کە تاک ببێتە قوربانییەکی ئاسان بۆ دیماگۆگیەت.
لە سایەی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینەدا، خەڵکانی شەڕەنگێز، رابەرێتی خەڵکی کوێر دەکەن، هێزە زاڵم و خراپەکان، خۆیان دەبەستنەوە بە کاروانی جەهل و دەبەنگیی. زۆرینەی خەڵکی کاتێک گوێیان لە دەنگی دەهۆڵێک دەبێت، یەکسەر بە بێ عەقڵ و بیرکردنەوە دوای هەموو شتێک دەکەون کە روو دەدات. بەڵام ئایا هەمانشت لە وڵاتانی عەرەبی روونادات؟!

ئەفلاتون و سیستمی حوکمڕانیی
ئەفلاتون متمانەی بە سیستمی دیموکراسی نەما بوو. هەربۆیە دواتر تیۆری « پادشای فەیلەسوف» یان فەیلەسوفی پادشای داهێنا، یان دیکتاتۆرێکی عادل هەروەکو ئیمام محەمەد عەبدە ناوی لێناوە.
پادشای فەیلەسوف، مەعریفەی هەقیقەتی بە دادوەری هەیە و دەشتوانێت چاکسازیی لە شێوازی حوکمڕانی بکات. هەتا وەکو پادشایەکی فەیلەسوف یان فەیلەسوفێک نەبێتە پادشاو حاکم، کۆمەڵگەی دادوەر دروست نابێت، ئەفلاتونیش تەواوی ژیانی بۆ ئەم مەسەلەیە تەرخان کردووەو کاری بۆ کردووە. ئەفلاتون دەوڵەت لە کۆمارەکەیدا، وەکو « تاک» دادەنێت و سەیری دەکات، هەروەک چۆن تاک « مرۆڤ» لە سێ بەش پێکهاتووە کە ئەوانیش: جەستە، سۆزەکان،عەقڵ. دەوڵەتیش لە سێ بەش» چین» پێکهاتووە، کە ئەوانیش بریتین لە :
چینی بەرهەمهێن، کە ئەوانیش زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن. چینی سەربازەکان، چینی حوکمڕان یان پاسەوانەکان، کە لەمانیشەوە فەیلەسوف یان حاکم بەرهەم دێت. پاشان لە کتێبەکەیدا باسی چۆنێتی هەڵبژاردنی چینی حوکمڕان لەناو چینەکانی تردا دەکات، هەروەها چۆن دەبێت ئەو چینە بۆ ماوەی چەندین ساڵ مەشق و راهێنانیان پێبکرێت، هەتاوەکو لە رووی رۆحیی و نەفسییەوە بگاتە ئاستی « کامڵبوونی تەواوەتیی».
کاتێک ئەو کەسانە دەگەنە تەمەنی پەنچا ساڵی، پاشئەوەی کە هەموو مەشق و راهێنانەکان بە سەرکەوتوویی تەواو دەکەن، ئەوا دواتر بۆیان هەیە کە ببنە ئەندامی چینی حوکمڕان یان پاسەوان.
ئەم چینە بۆیان نییە کە خاوەنی هیچ جۆرە سامانێک بن، هەروەها بۆیان نییە کە ژن بهێنن و خێزان دروست بکەن، هەروەها نابێت ئاڵتون و زیو و سامانیان هەبێت. بە کۆمەڵ دەژین و وەکو سەربازەکانیش پێکەوە نان دەخۆن، ژیانی سێکیش تەنها بۆ باشترینیان دەبێت کە لە رووی جەستەیی و عەقڵییەوە لە هەموویان باشترن، ئەمەش تەنها بە ئامانجی لەدایکبوونی باشترین جۆری منداڵی زیرەک و ژیر.» واتە تەنها ئامانج لە کردەی سێكسیی و جووتبوون، لەدایکبوونی باشترین و زیرەکترین منداڵە،و.ک».
ئەو منداڵانەش دەبێت لە خێزانەکانیان جیابکرێنەوە و بەپێی سیستمێکی تایبەتی پەروەردە بکرێن، کە ئامانج لێی ئامادەکردنیانە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاتێک گەورە دەبن، ببنە فەیلەسوف و حاکمی وڵات. لەبەرامبەردا چینەکانی تری کۆمەڵگە، بۆیان هەیە ژیانی ئاسایی بژین و ژنبهێنن و خێزان دروستبکەن و مافی موڵکداریی و میراتگیریان هەبێت.
کۆمارەکەی ئەفلاتون، کۆمارێکی دیموکراسی نییە، تاک لە سایەی دەوڵەتێکی دیکتاتۆریدا دەژیی و ئەو دەوڵەتەش بە شێوەیەکی شمولی مافی پەروەردەکردن و چاودێریکردنی هاووڵاتیانی هەیە ، ئەفلاتون پێی وابوو کە ئەم جۆرە حوکمڕانییە و کۆمارەکەی لەسەر بنەمای مەعریفەی راستەقینە بنیاتنناوە. لەسەر بنەمای دادوەریی رەها» مطلق» دروست بووە. ئەفلاتون کۆمارەکەی لەسەر بنەمای رەگەزپەرستیی یان هێز یان سامان بۆ چینێکی دیاریکراو دروست نەکردبوو، هەروەک چۆن لە سیستمی کۆمۆنیستیدا هەیە، هەروەها لەسەر بنەمای تاکیش دروستی نەکردبوو، هەورەکو چۆن فاشیزم باوەڕی پێیەتی. ئەفلاتون کۆمارەکەی لەسەر بنەمای مەعریفەی هەقیقی دروستکردبوو. پاشتریش ئەو دەوڵەتە مافی دەسەڵاتی رەهای هەیە، چونکە ئەمە لەبەرژەوەندیی تاکە» هاووڵاتییە».
بەڵام با لێرەدا ئیستێک بکەین و بپرسین، ئایا هەموو حاکمێکی ملهوڕ و دیکتاتۆرێک کە خاوەنی دەسەڵاتی رەهایە، ئەویش پێیوانییە کە تەنها ئەو دەزانێت مەعریفەی راستیی چییە، هەرئەمەش دەبێتە بیانوو بۆ دەسەڵاتە دیکاتۆرییەکەی بەسەر گەلەکەیەوە؟
ئایا هەقیقەتێکی رەها بوونی هەیە وەکو ئەفلاتون دەڵێت؟ لەکاتێکدا هیچ هێڵێکی راستەوخۆ لەنێوان دوو خاڵدا نییە، چونکە تیۆری رێژەیی گشتی پێیوایە هیچ هێڵێکی راستەوخۆ نییە بەهۆی چەمانەوەی بۆشایی، ئەوەی کە تەنها هەیە، بوونی دوو کەوانەیە. لەلایەکی ترەوە چ گرەنتییەک هەیە کە چینی حوکمڕان یان چینی پاسەوانەکان کە وەکو ئەفلاتون ناوی لێناون، تووشی گەندەڵیی و خراپی بەکارهێنانی دەسەڵات نابن.
پاشان ئەی کێ چاودێریی پاسەوانەکان بکات؟ کێش بۆی هەیە لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ پاسەوانەکاندا بکات، کاتێک گەندەڵیی یان رێگەیان هەڵە کرد؟ پاشان ئەی چۆن دەتوانین لایبەرین، کاتێک کە دەستیان کرد بە دزین و تاڵانیی و چەوساندنەوە و زوڵمکردن لە خەڵکیی؟
بەڵام ئاخۆ ئەمە خەوشێک نییە لە فیکری ئەفلاتون؟ هەربۆیە فەیلەسوفی مەزنی بەریتانی « ئەلفرید نۆرس وایهید دەڵێت: مێژووی فەلسەفە تەنها بریتییە لە قسەکردن و شرۆڤەکردن و سەرنجدان لە کتێبی کۆماری ئەفلاتون.

سەرچاوە:
محمد زكريا توفيق. افلاطون. سایتی الحوار المتمدن. www.ahewar.org

 124 جار بینراوە