سەرەکی » وەرزش » دوو ده‌یه‌ شانازی وه‌رزشكاره‌ كورده‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عیراق

دوو ده‌یه‌ شانازی وه‌رزشكاره‌ كورده‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عیراق

سه‌نگه‌ر خۆشه‌وی

فۆتۆ: ڤینۆس تۆفیق

له‌ باخچه‌ی رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌ت ( CDO) له‌ شاری سلێمانی ، له‌ مه‌راسیمێكدا كتێبی دوو ده‌یه‌ شانازی وه‌رزشكاره‌ كورده‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق 2000-2020 بڵاوكرایه‌وه‌ .

هه‌روه‌كو ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌ ، نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی هه‌رێز جه‌مال رایگه‌یاند، كتێبه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ته‌واوی ژیانی ئه‌و وه‌رزشكاره‌ كوردانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ 20 ساڵی رابردوو له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌ره‌كییه‌ ره‌سمیه‌كانی وه‌ك ئۆلۆمپیادو جامه‌ جیهانیه‌كان و پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئاسیاو عه‌ره‌ب و رۆژئاوای ئاسیاو وڵاتانی ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی وه‌ك كوردێك به‌شدار بوون له‌ ریزه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ ته‌واوی یارییه‌كان.

هه‌رێز ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كاره‌كه‌ به‌رهه‌می زیاتر له‌ دوو ساڵ گه‌ڕان و لێكۆلینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی یاریزانان و داوه‌ران و راهێنه‌ران و زیاتر له‌ 300 وه‌رزشكاری له‌ خۆ گرتووه‌.

كتێبه‌كه‌ به‌ سپۆنسه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان چاپكراوه‌و به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ كتێبێكی رۆژنامه‌وانی وه‌رزشی به‌ به‌رزترین كوالیتی ره‌نگاو ره‌نگ دێته‌ به‌رهه‌م.

سه‌باره‌ت به‌ كتێبه‌كه‌شی هه‌رێز جه‌ماڵ تایبه‌ت به‌ كوردستانی نوێ وتی: له‌م كتێبه‌ كۆی ئه‌و یاریزان و راهێنه‌ر و داوه‌رانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌یه‌ كه‌ به‌شداربوون له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ ره‌سمیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان ناویان هاتووه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌وه‌كو كوردێك له‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌كانی عێراق یارییان كردوه‌ له‌ ته‌واوی یارییه‌ جیاوازیه‌كان، ئه‌م كتێبه‌ به‌رهه‌می دوو ساڵ كاركردن و بنكۆڵكردن و به‌راوركردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م یاریزانانه‌ چوونه‌ته‌ كام پاڵه‌وانێتی و ئه‌نجامه‌كانیان چی بووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامیشیان نه‌بووبێت دواجار ئامانه‌ له‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق بوون.

وتیشی: ئه‌م وه‌رزشكارانه‌ كۆمه‌ڵێك وه‌رزشكاری مه‌زنن كه‌ پێویست بوو مێژووه‌كه‌یان بنووسرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ بزانێت ئه‌مانه‌ كێ بوون و ئه‌نجامیان چی بووه‌، وه‌كو پاداشتێكیش بێت بۆ ئه‌و وه‌رزشكارانه‌ تا شانازی به‌ رابردووی خۆیان بكه‌ن و دڵخۆش بن به‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن رابردوویان له‌بیر نه‌كراوه‌، به‌هیوام كار و به‌رهه‌می زیاتر له‌ داهاتوو بۆ وه‌رزشكاره‌ كورده‌كان بكرێت.

هه‌رێز جه‌مال ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ مه‌به‌ستێكی تری هه‌بووه‌ له‌و كتێبه‌دا ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و وه‌رزشكارانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌رزشكارانه‌ی‌ كه‌ زۆر ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌شداری له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ نا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ پاڵه‌وانێتی كراوه‌ن و ناڕه‌سمین، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان كردوه‌ به‌ پاڵه‌وانی راسته‌قینه‌، بۆیه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌م كتێبه‌وه‌ جیاكاری له‌نێوان پاڵه‌وانێتییه‌ ره‌سمیه‌كان و كراوه‌كان كراوه‌ و ناوی 300 وه‌رزشكار له‌ ناوه‌وه‌ی‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ش باسیان لێوه‌كراوه‌ كه‌ له‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق به‌شداری پاڵه‌وانێتی ره‌سمیان كردوه‌.

هه‌رێز جه‌مال زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ سه‌رقاڵی كاری رۆژنامه‌وانیه‌و پێشتریش دوو كتێبی چاپكراوی بڵاوكراوه‌ته‌ كه‌ ئه‌وانیش رێبه‌ری رۆژنامه‌وانی رۆژنامه‌نووسی و له‌ پشت هێڵه‌كانی یاریگاوه‌یه‌و به‌ شێوه‌ی مه‌یدانی وه‌ك رۆژنامه‌نووس رووماڵی چه‌ندین پاڵه‌وانێتی جیاوازی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كردووه‌.

 121 جار بینراوە