سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار: هاریكاریی عیراق و میسر و ئوردن وەرچەرخانێكی گرنگە لە ناوچەكەدا

سەرۆك كۆمار: هاریكاریی عیراق و میسر و ئوردن وەرچەرخانێكی گرنگە لە ناوچەكەدا

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، دوێنێ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لە رێوڕەسمێكدا پێشوازیكرد لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر.

سەرۆك كۆمار و هاوتا میسرییەكەی كۆبوونەوە ‌و تیایدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەماهەنگی سێقۆڵی نێوان عیراق و میسر و ئوردن و جەختكرایەوە لە گرنگی بەهێزكردنی هاریكاری بۆ ئاستێكی باڵاتر و سوودوەرگرتن لە پەیوەندیی جوگرافی لە پتەوكردنی هەماهەنگی فراوانتر لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و گەشەپێدان.

ئاماژەشكرا بە گرنگیی هاوئاهەنگیی هاوبەشی سێقۆڵی بۆ هێوركردنەوەی بارگرژییەكان و بەرزكردنەوەی سەقامگیریی هەرێمایەتی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قەیرانەكانی سوریا و یەمەن و لیبیا.

لەلای خۆیەوە، سەرۆكی میسر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بەغدا دەربڕی ‌و هەوڵەكانی عیراقی لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەكان، بەرزنرخاند. هەروەها پشتیوانی میسری بۆ عیراق و گرنگیی كاركردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و بەهێزكردنی هەماهەنگی سێقۆڵی لە نێوان میسر و عیراق و ئوردن دووپاتكردەوە.

كۆبوونەوە لەگەڵ شای ئوردن
هەر دوێنێ، سەرۆك كۆمار لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لە رێوڕەسمێكدا پێشوازیكرد لە شا عەبدوڵڵای دووەم، پادشای ئوردن.

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆك كۆمار بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی ئوردن كرد لە پشتیوانیكردنی عیراق، هاوكات جەختیكردەوە لە گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو گەل و وڵاتی دراوسێ.

لای خۆیەوە، شا عەبدوڵڵا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیكردنی بەغدا و پشتیوانیی ئوردنی بۆ عیراق دووپاتكردەوە لە پارێزگاریكردن لە ئاسایش و ئارامی. هەروەها جەختیكردەوە لە گرنگی جێبەجێكردنی رێكەوتننامە واژۆكراوەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و پێویستی بەهێزكردنی هاریكاریی سێقۆڵی هاوبەشی نێوان ئوردن و عیراق و میسر، بەجۆرێك بەرژەوەندیی هاوبەش بهێنێتەدی.

بەهێزكردنی ئاستی هاوئاهەنگیی نێوان هەر سێ وڵات
هەر دوێنێ، سەرۆك كۆمار لە كۆشكی بەغدا، لەمیانی سازكردنی نێوەڕۆخوانێك بۆ سەرۆكی میسر و شای ئوردن، رایگەیاند: ئەم سەردانە پشتیوانییەكی گەورەیە لە گەل ‌و دەوڵەتی عیراق.

لە نیوەڕۆخوانەكەدا كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، دادوەر فایەق زیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئامادەیبوون، سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە لە گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەر سێ وڵات، لەپێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەر سێ گەل و تەواوی ناوچەكە.

 971 جار بینراوە