سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » یەكێتیی ئەوروپا چەند بڕیارێكی دەركردپەڕە 4

یەكێتیی ئەوروپا چەند بڕیارێكی دەركرد

لە چەند رۆژی رابردوودا، بە بەشداریی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی هەر 27 وڵاتە ئەندامەكەی، یەكێتیی ئەوروپا لە برۆكسل كۆڕبەندی ئاسایی خۆی بەست و تیایدا ژمارەیەك دۆسێی گرنگیان باسكرد. كێشە جیهانییەكان و پەیوەندییەكانی ئەوروپا لەگەڵ روسیا و كێشەی كۆچەران و جۆری هاوكارییەكان بۆ ئاوارەكانی ناو خاكی توركیا و چەندین مەسەلەی تری پەیوەندیدار بە ناوخۆ و جیهانی دەرەوەی یەكێتییەكە.، تەوەری سەرەكیی كۆڕبەندەكە بوون.

پێشنیازەكەی ئەڵمانیا و فەرەنسا
بەر لە كۆڕبەندەكە، هەریەك لە ئەڵمانیا و فەرەنسا پێشنیازێكیان پێشكەشكردبوو، كە یەكێتییەكە لەسەر ئاستێكی باڵا، كۆبوونەوەیەكی لوتكە لەگەڵ روسیا ببەستێ و كێشەكانی خۆی لەگەڵ تاوتوێ بكات، بەڵام جگە لە پشتیوانی سەرۆك وەزیرانی نەمسا، بە زۆرینەی دەنگ ئەو پێشنیازە رەتكرایەوە و زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەكە، پێیانوابوو كە هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستەكانی مۆسكۆ سەبارەت بە نیمچە دوورگەی کریم و كێشەی لەگەڵ ئۆكرانیا و وڵاتانی بەڵكان نەگۆڕاوە و كۆبوونەوەی لەوجۆرە و بەبێ مەرجی پیشوەختە، خزمەت بە یەكێتییەكەیان ناكات ‌و داوایانكرد سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنریت.

هەریەك لە پۆڵەندا و بەلجیكا و سوید و هۆڵەندا و وڵاتانی بەڵتیك، پێیانوابوو كە هەر كۆبوونەوەیەكی لەوجۆرە لەگەڵ سەرۆكی روسیا، نائارامی ناو یەكێتییەكەی لێدەكەوێتەوە، بەڵام پێیان باش بوو كۆبوونەوەكان بە مەرج بەردەوام بن ‌و بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەری كێشەكانیان لەگەڵ مۆسكۆ بكەن، بۆیە لە رۆژی دووەمدا ئەو پرسە تاوتوێكرایەوە ‌و سەركردەكانی یەكێتییەكە بڕیاریاندا تا شەش مانگی تر، سزاكانی سەر روسیا درێژ بكرێتەوە.

لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەی ئەوروپاشدا، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند: وڵاتەكەی بۆتە بارمتەی كەمایەتییەكی توندڕەوی ناو یەكێتیی ئەوروپا و روسیا ئەو دژایەتییە رەتدەكاتەوە.

پەنابەران
لە دۆسێی ئەو سێ ملیۆن پەنابەرەی لە كەمپەكانی توركیان ‌و دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ناو وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا، بڕیادرا هاوكاری مادی زیاتر بدرێتە توركیا، تا بیانگرێتەخۆی ‌و لە نیشتەجێكردنیاندا خەرجی بكات.

ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند: سەركردەكانی یەكێتیی ئەوروپا رێكەوتون كە سێ ملیار یۆرۆ ببەخشنە توركیا بۆ پرسی پەنابەران، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكانیانی پێ بكات، چونكە بەپێی رێكەوتنی پێنج ساڵ لەمەوبەری هەردوولادا، بڕیاردرابوو كە ئەوروپا بە بەخشینی شەش ملیار یۆرۆ هاوكاریی توركیا بكات، بۆ مەبەستی ئەو پەنابەر و كۆچەرانە و رێلێگرتنیان تا نەپەڕنەوە بەری ئەوروپا. وتیشی: لە ساڵی 2016 دا چوار ملیار یۆرۆیان بۆ خەرجكراوە و كۆتایی بەو رێكەوتنە هاتووە، ئێستا سەرلەنوێ تازەكرایەوە و بڕیاری درێژەدان بە هاوكارییەكان درا.

لای خۆشیەوە، ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند: بە مەبەستی هاوكاریكردنی پەنابەرەكانی سوریا، بودجەیەك بە بڕی سێ ملیار یۆرۆ بۆ توركیا دابین دەكەن.

پاڵپشتیكردنی توركیا ‌و ئوردن و لوبنان
ئاماژەی بەوەش دا: بەشێكی زۆری قورسایی دۆخەكە لەسەر ناوچەكەیە، پاراستنی پەنابەران و پاڵپشتیكردنی ئەو وڵاتانەی میواندارێتییان دەكەن، لە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی ئەوروپایە ‌و بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی پەنابەرەكانی سوریا، تا ساڵی 2024 بودجەیەك بە بڕی سێ ملیار یۆرۆ بۆ توركیا دابین دەكەن.

سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا روونیشیكردەوە: تەواوی ئەو پارەیە لە بودجەی یەكێتی ئەوروپاوە دێت و بۆ پاڵپشتیكردنی كۆمەڵایەتی و ئابووریی پەنابەران خەرج دەكرێت. وتیشی: بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیكردنی توركیا، ئوردن و لوبنان و هاوبەشەكانی دیكەی ناوچەكە، كە چەندین ملیۆن ئاوارەی سوریایان داڵدە داوە.

بابەتی تری وەك دەركردنی راسپاردە بۆ گەشتوگوزار و رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كوتانی هاووڵاتیان و دابینكردنی ڤاكسین و هاوكاریی وڵاتە هەژارەكان و كەشوهەوا و رێنماییەكان ‌و هەروەها پەیوەندیی یەكێتیی ئەوروپا لەگەڵ وڵاتان و دیدارەكەی جۆ بایدن ‌و چەند دۆسێیەكی تر، تەوەری كۆبوونەوەكان بوون ‌و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 246 جار بینراوە