سەرەکی » راپۆرت » لە مانگێکدا 530 کەس لە خورماڵ تووشی سکچوون و رشانەوەبوون

لە مانگێکدا 530 کەس لە خورماڵ تووشی سکچوون و رشانەوەبوون

راپۆرتی: هەورامان جەلال

لە وەرزی هاویندا هەندێک نەخۆشی جۆراوجۆر سەر هەڵدەدەن، یەکێک لەونەخۆشیانەش سکچوون و رشانەوەیە کە دووچاری مرۆڤ دەبێت، بەتایبەت منداڵ، بەپێی راپۆرتێکی تەندروستی جیهانی(who) رۆژانە (2195)منداڵ لەجیهاندا بەهۆی سکچوونەوە گیان لەدەستدەدەن، سکچوون بە دووەم هۆکاری مردنی منداڵان دادەنرێت بەتایبەت منداڵانی خوار تەمەن 5 ساڵ، چونکە هۆکارە بۆ وشکبوونەوەی جەستە بەگشتی بەهۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆرلە ئاو و شلەکانی جەستە، نەخۆشیەکی گواستراوەیەو بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆس و ئاو و خۆراکی پیسەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر.

لەماوەی مانگێکدا 530 کەس توشبوون
عەزیز کەریم بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی شەهید عەلی شیعە لە خورماڵ بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەمساڵ بەهۆی کاریگەری وشکەساڵی، کەمی بڕی بارانی پێویست و هەروەها زوتر هاتنی شەپۆلەکانی گەرما، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە سنووری ناحیەی خورماڵ تووشی سکچوون و رشانەوە بوون، وتیشی بەپێی ئامارێک کە لە مەڵبەندەکەی خۆمان کردوومانە لە 1/ 6 تا 27/6 بەپێی داتاکان 530 کەس لەسنووری ناحیەی خورماڵ تووشی سکچوون و رشانەوە بوون کە بەشێکی زۆریان بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرماوە بووە، لەو ژمارەیەش منداڵ و ژن و پیاوی تێدابووە.

مایەی ترس نین
ئەکرەم حەمە ئاغا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی هەڵەبجە بەکوردستانی نوێ- ی راگەیاند: وەک کاروباری پاراستنی هەڵەبجە چاودێری بازاڕوشوێنە گشتیەکان دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا چاودێری سەرچاوە ئاوییەکان دەکەین و پشکنینی هەفتانەیان بۆدەکەین، وتیشی ئێستا بەهۆی هاتنی گەرماوە رێژەی سکچوون و رشانەوە لەتەواوی عێراقدا لەبەرزبونەوەدایە، هۆکارەکەی گۆڕانی وەرزە و خواردن و خواردنەوەی دەرەوە، هەندێک جاریش کێشە لە پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە هەیە، هەروەها وتیشی ئەم وەرزە ئەوە دەخوازێت ئێمە بە تەواوەتی تەرکیز بخەینە سەر ئەوخواردن وخواردنەوانەی کە لەدەرەوە دەفرۆشێن و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەش، سەبارەت بە ڕێژەی تووشبووانی پارێزگای هەڵەبجەش وتی ئامارەکانی ئێمە هەفتانەن و لەسەنتەری هەڵەبجە و ناحیەکانی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە لە کۆتا هەفتەی ئەم مانگەدا214 کەس تووشی سکچوون و رشانەوەبوون، وتیشی ئامارەکان کەمن و ناکاتە ستاندارد و مایەی ترس نین، وتیشی لە رێگەی بەشی هۆشیاریمانەوە بەردەوام هاووڵاتیانمان هۆشیارکردۆتەوە و پێویستە لەم کاتەدا خوردنەکانی سەرجادەکان نەخۆن و ئێمەش ئیجرائاتی یاسای توند بەرامبەر هەر سەرپێچیەک دەگرینەبەر.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشیە
دکتۆر جیهاد ئیبراهیم حەمە پزیشکی پسپۆڕی هەناوی بۆ کوردستانی نوێ وتی: گۆڕانکارییەکانی کەشووهەوا کاریگەریان لەسەر ئەم نەخۆشیە هەیە، لەوانە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما یەکێکە لەو هۆکارانە، بەهۆی زۆر چوونە بەرخۆر بەتایبەت ئێستا کە پلەکانی گەرما بەرزن، هەروەها ئاماژەشی بەوەشکرد پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو یەکێکی ترە لەو هۆکارانە بەتایبەت ئەوسەرچاوانەی کە ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتیان دابین دەکەن، هەروەها وتیشی یەکێکی تر لە هۆکارەکان گرنگی نەدانە بەپاک وخاوێنی بەتایبەت لەکاتی دروستکردنی خواردن و نەشۆردنی دەستەکان بەتایبەت ئەو کەسانەی کە هەڵگری بەکتیریای ئەم نەخۆشیەن کە بەهۆی بەریەککەوتنەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەسی تر، هەندێک هۆکاری تر وەک ناهاوسەنگی دەروونی، خواردنەوەی ئەومادانەی کە کافایینیان تێدایە، بەکار‌هێنانی دەرمان، تێکچوونی ناوپۆشی ڕیخۆڵە، هەوکردنی ڕیخۆڵە کوێرە.

هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن
ئەو پزیشکە وتیشی: پێویستە هاووڵاتیان لەم وەرزی گەرمایەدا کەمتر بچنە بەرخۆر بەتایبەت منداڵان، دووربکەونەوە لەخواردنی نا تەندروست و پیس، هەروەها راگرتنی پاک وخاوێنی و شۆردنی دەستەکان بە بەردەوامی و ئەو کەرەستانەی کە بۆلێنانی خواردن بەکاریان دە‌هێنن جوان بشۆرێنەوە، وتیشی پێویستە کلۆری پێویست بەکاربهێنرێت بۆ پاکردنەوەی ئاوی ماڵان و پاکردنەوەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، هەوەها دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەوزەومیوەی نەشۆراو.

ئاوی زەڵم و گەنجان بەکەڵکی خواردنەوە نایەن
پێشتریش سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵ نزیکەی 100هاووڵاتی خورماڵ توشی سکچوون و رشانەوە بوون کە تا ئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە، ئێستاش ناحیەی خورماڵ لە هەردوو سەرچاوەی ئاوی زەڵم و گەنجان ئاوی خواردنەوە بۆناحیەکە دابیندەکەن بەپێی زانیاریەکان لەم هەفتەیەدا پشکنین بۆئاوی گەنجان کراوە و دەرکەوتووە ئەو ئاوە بەبێ بەکار هێنانی کلۆر بە کەڵکی خواردنەوە نایەت، ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژانە چەندین هاووڵاتی و گەشتیار لەو ئاوە دەخۆنەوە.

عەزیز کەریم

 285 جار بینراوە