سەرەکی » دۆسێ » كێشەی نیشتەجێبوون بەرۆكی عیراقییەكان بەرنادات

بە 5 ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون چارەسەردەبێت

كێشەی نیشتەجێبوون بەرۆكی عیراقییەكان بەرنادات

لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە، وڵات پێویستی بە نزیكەی 5 ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوونە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئێستای نیشتەجێبوون، ئەمەش لەكاتێكدایە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن باس لە پرۆژەی شارە نوێیەكان دەكات كە وەزارەتەكە كارییان تێدا دەكات سێ‌ ملیۆن و 550 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون فەراهەم دەكات، بەڵام گومان هەیە بتوانرێت بەهۆی گەندەڵییەوە ئەو پرۆژە راگەیەندراوە جێبەجێ‌ بكرێت.

كێشەی نیشتەجێبوون بە یەكێك لە گەورەترین ئەو كێشانە دادەنرێت كە لە ساڵی 2003وە وڵات بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

بە وتەی عەباس عەتا، بەرپرسی لیژنەی خزمەتگوزارییەكانی پەرلەمان، كە قسەی بۆ رۆژنامەی (الصباح)ی رەسمی كردووە»ئەو ستراتیژانەی كارییان لەسەر دەكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون لە وڵات و دابەشكردنی زەوی یان یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرن، هەموویان بێ‌ سودن، بەو پێیەی ئەو زەویانەی بە تەواوەتی ئامادە دەكرێن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان، زۆربەیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خاوەنداریی دەركرێن، بەو واتای كێشە و گیروفتی یاساییان تێدایە، بەو هۆیەی فەرمانگەی خانووبەرەكانی دەوڵەت دەستی لەو زەویانەی بەرنابێت، تا بخرێنە سەر فەرمانگەی شارەوانییەكان، بۆ مەبەستی دەركردنی سەنەد بۆ ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت یەكەی نیشتەجێبوون دەستەبەر بكەن»، ئاماژەی بە پێویستی دروستكردنی 5 ملیۆن یەكەی نیشتەجێكردنیش كرد، لەپێناو تێپەڕاندنی كێشەی نیشتەجێبوون لە وڵات.

لای خۆیەوە، حەیدەر مەیالی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نیشتەجێبوون لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانییە گشتییەكان، رایگەیاندووە»پلان بۆ چارەسەكردنی كێشەی نیشتەجێبوون دانراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی و هاتنەناوەوەی داعش بۆ نێو وڵات لە ساڵی 2014، پلانەكەیان لەگەڕخست».

میدیاكانی عیراق لە زاری مەیالییەوە بڵاویانكردەوە»ئەو ستراتیژەی ئێستا وەزارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كاریی لەسەر دەكات، لەسەر دوو تەوەر بەندە، یەكەمییان دابەشكردنی زەوییە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەسەر هاووڵاتیان، دوومیان دروستكردنی شاری نوێییە بۆ نیشتەجێبوون».

گەندەڵی بە مەترسیدارترین ئەو ئاستەنگانە دادەنرێت كە دێنە رێگەی دۆسێی نیشتەجێبوون لە وڵات، لەكاتێكدا حكومەت ناتوانێت دۆسێكە دەربهێنێت و بەشێوەیەكی پیشەوەریی مامەڵەی لەگەڵ بكات.

عەلی بدێری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەوبارەیەوە دەڵێت»پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، گەندەڵییەكی گەورەیان تێدایە، رەنگە لە پلەی یەكەمدابن لەنێوان كەرتەكانی تری وڵات، زۆریی زێدەڕۆییەكانیش بەڵگەن لەسەر ئەمە، گەر رێكاریی یاسایی كارپێكراو هەبوایە، سەبارەت بە یاساكانی نیشتەجێكردن، ئەو زێددەڕۆییانە بەم ئەندازە زۆرەی ئێستا لە پارێزگاكاندا بڵاوەیان نەدەكرد».

بە وتەی بدێری»پەرلەمان ناتوانێت كێشەكە لەم پاشماوە كەمەی تەمەنیدا چارەسەر بكات كە ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن دەكرێت، ناتوانێت چارەسەری بكات، چونكە پێویستی بە كات و یاسا و چاودێری رۆژانەیە»، بەرپرسیارێتی جێبەجێكردنیشی خستە ئەستۆی حكومەت، بەو پێیەی «یاساكان داڕێژراون و پێویستییان بە جێبەجێكردنە».

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەو بارەیەوە، جەختی لەسەر پێویستی دەركردنی بڕیاری بوێرانە كردەوە لەلایەن دەستەی دەستپاكی و دادوەریی عیراق.

پێشتر بەرپرسان تەئكیدیان لەسەر بوونی دەیان پرۆژەی نیشتەجێبوونی سەر بە وەزارەتی نیشتەجێكردن كردبۆوە كە زۆریان لەگەڕكەوتوون، بەو پێیەی لەلایەن وەزارەتەكەوە بەشێوەیەكی نایاسایی و بەدوور لە رێكارەكانی بەڵێندەری رەسمی و وەبەرهێنان رادەستكراون، ئاماژە بە تێوەگلانی چەند لایەنێكیش دەكرێت لە دۆسێكەدا.

 88 جار بینراوە