سەرەکی » ئەدەب و هونەر » واقیع لە ئەدەب، مێژوو و وێنەدا

تەونی بریا

واقیع لە ئەدەب، مێژوو و وێنەدا

محەمەد نەبی

هەموو رۆمانێک هەڵگری بەشێک لە مێژووی سەردەمی خۆیەتی، نووسینەوەی ئەم مێژووە لە ئەدەبدا، چەندە بۆ ئێستا گرنگە، بۆ داهاتوو گرنگتر دەبێ. رۆمان جگە لە وێنەگرتنی واقیعێکی زەمەنیی، بۆ نەوەیەکی تر لە کاتێکی تردا، هاوکات بەشێک لە وێنە، رووداو و چیرۆکە ونەکان بەهۆی وردبینیی و هەستەوەریی ئەدیبەوە نیشان دەدات، وێنەیەک کە چاوی ئاسایی نایبینێت، ئەدیببوون، هاوبەند لەگەڵ ئەدەبییەت دەکارێ ئەمە مەیسەر بکات.

گەر مێژوو هێڵێکی گشتیی رووداوەکان بنووسێتەوە/ بگێڕێتەوە و وێنەش چرکەساتێک بگرێت و نیشان بدات، بەڵام هەندێ وردەکاریی هەن، تەنها چیرۆک و رۆمان دەتوانن نیشانیان بدەن/بیانگێڕنەوە، رۆمانی «تەونی بریا» ئەمەی سەرەوە دەسەلمێنێت، بۆیە من پێموایە ئەو رووداو ، وێنەو کارەکتەرسازییەی لەم رۆمانەدا دروستکراوە، مێژوو ناتوانێت وا هەستبزوێن و کاریگەر بیانگێرێتەوە، وێنەش بەبەریان تەسکە، ناتوانێت نیشانیان بداتەوە.

مێژوو ناتوانێت پێ بەپێ، گۆڕانی مرۆڤ بگوازێتەوە، وێنەش هەروا، بەڵام تەونی بریا نیشانمان دەدات چۆن کەمال لە عاشقێکی ناسک و دەستەپاچەی بەردەم مێینەەوە، سات بە سات دەگۆڕێت و دەبێتە جیهادییەک: مێژووێکی تاریک لە کارەکتەری وا، دێتە کایەوە.

هەڵبەت وێنە یەکێکە لە رەگەزە گرنگەکانی رۆمان، بەڵام وێنە لە رۆماندا یەکانگیر نییە/ وەستاو نییە، وەک ئەو وێنەیەی پێیدەڵێین «فۆتۆ». هی کامێرا «وێنەگرتنە/ وەستاندنە»، لە رۆمان دا «وێنەسازییە/ جوڵاندنە»: لە وێنەگرتندا وردیلە رووداوەکانی پشت وێنەکە نابینرێن، بەڵام لە وێنەسازیی ئەدەبی گێڕانەوەدا هەموو وردیلە رووداوەکان، شوێنەکان، کارەکتەرەکان، کۆی چیرۆکەکان پێکەوە پەیوەست و وێنەکان رەگەکانیان لەوێن چەشنی تەونێکی چنراو: تەونی بریا.

وێنەی رۆمان دەسازێنرێ، وردەکارییەکانی گێڕانەوە و بەرجەستەکردن بەرهەمی دێنێت. بۆ نموونە رووداوی مردنی «شیرین» لە تەونی بریادا، کە بەدڵنیاییەوە رووداوی مردنی دەیان کچ و کوڕی کوردە بەدەست تیرۆرستانی خەلافەتەوە، جگە لە ئەدەب، نە وێنەگرتن و نە مێژوو ناتوانن وا کاریگەر بەرجەستەی بکەن، با بڕوانین:

زنار سەیری شیرین دەکات، دوو شەڕڤانن لە هەموو چەپەرەکان بەیەکەوەن، دڵیان بەیەکداچووە، هەستیان بۆ یەک دەبزوێ، دوای چەندین شەڕو رووبەڕووبوونەوە، ئێستا شەڕ دامرکاوەتەوە، زنار دڵدارانە لە شیرین دەڕوانێت، « شیرین هەروا دەخەنییەوە، دەتگوت ئەو بزە هەروا لە ئەزەلەوە لەگەڵیدا هاتووەتە بوون. زنار لە دڵی خۆیدا دەیگوت هێندە بەسە هاوسەرم بیت و بەم بزەیەوە تەمەنێک بەگژ تاریکی.، هێشتا قسەی تەواونەکردبوو ئەو دیمەنە هێواشەی بەرچاوی بە راتەکانی شیرین شێوا. کەم کەم جەستەی شیرین شلبوو. سەیری سنگی کرد شێوەی گوڵێکی سووری لەسەر نەخشا. تەونی بریا: 319 » ئەم وێنەسازییە بەهۆی گێڕانەوە، تەنیا لە هێزی رۆمان/چیرۆک دێت. ئینجا لاوانەوەکانی زناریشی بەدوادادێت و باشتر ئەمە دەسەلمێنێت.

بۆچی گرنگە ئەم واقیعە مێژووییە، بەتایبەتی دزێوی و وەحشەتناکی خەلافەتی داعش بگێڕدرێتەوە؟ ئایا (ئەم مادە بۆرە ناشیعرییە: داعش) دەکرێ ببێتە کەرەستەی ئەدەب و ئەدەبییەتی لێ بخولقێنرێ؟

مێژووی خەلافەتی داعش مێژوویەکی تراژیدی بوو، هەرچەندە پێشینانی داعش بە ناوی فەتح، لە سەردەمانی تر هەمان کاریان کردووە، بەڵام کەمتر کراونەتە بەرهەمی ئەدەبی، بەڵام پێویستە ئەم مێژووەی خۆی دووبارەکردەوە، بۆ ئەدیبی ئێستا ببێتە کەرەستە و نەهێڵن بەئاسانی بنیشێتەوەو ون ببێ، هەموو نەوەیەکی مرۆڤایەتی، بەتایبەتی کورد، کە قوربانیی یەکەمی هەموو خەلافەتەکان بووە، پێویستە لە یادگەی دا، ئەم مێژووە بنەخشێنێت.

میلان کۆندێرا لە کتێبی ( هونەری رۆمان) دا سەبارەت بە کەرەستە/بابەت-ی رۆمانەکانی کافکا: دەڵێ ( چۆن کافکا توانیی لەو مادە بۆرە ناشیعرییە: کە فەرمانگە و جیهانی میکانیکییە رۆمانی سەرسوڕهێنەر بخولقێنێت!) (کۆندێرا: 179). ئەمە لەسەر لێهاتوویی ئەدیببونی کافکا وەستا.

مادەو کەرەستەی «تەونی بریا»ش هەندێکیان مادە و کەرەستەی بۆرو ناشیعرین: بەتایبەتی داعش، بەڵام رۆماننووس سەرکەوتوانە توانیویەتی بیانکاتە بابەتی رۆمان و وێنەی ئەدەبیی کاریگەرو ناخهەژێنیان لێ دروست بکات.

رۆمانی تەونی بریا، رۆمانێک چیرۆکە غەمگینەکانی چەند کەسایەتییەکی کورد لە باکوور/باشوور/ رۆژئاڤا دەگێڕێتەوە، بەڵام رۆمانەکە دەکارێت شوێنکات ببڕێت و ببێتە رۆمانێکی جیهانی؛ تراژیدیای مرۆڤایەتی لەهەر شوێنێک ئەدیبان بە سەرکەوتوویی بیگێڕنەوە دەبێتە جێی سەرنجی خوێنەران.

بەگشتی رۆمانێکی غەمگینە، بە تراژیدیاکانی زیندان دەستپێدەکات و لە زیندانێکی تری وڵاتێکی تر، کۆتایی پێ دێت، لە ناوەڕاستەکانیشی چیرۆکە غەمگینەکانی مرۆڤ بەدەست مرۆڤ، بەدەست تۆڕەکانی ئایدۆلۆژیا، دەگێڕێتەوە؛ ئەوەی مرۆڤ لەپێناویدا(خەبات دەکات/ دەجەنگێت) لەسەر کوشتنی مرۆڤ بینا دەکرێت، بەڵام ئایدیۆلۆژیاکان ئەم کوشتنە پیرۆز دەکەن، هەندێکیان لەپێناوی بەهەشتی ئاین و خودا، هەندێکیان بە ناوی ئازادییەوە.

تەونی بریا، تەون و تۆڕی ئایدۆلۆژیاکانە لە دەست/ پێ و هزری مرۆڤ ئاڵاون.

رۆمانەکە لە رووی تەکنیکەوە هونەرمەندانە چنراوە، وشەی «تەون» چەندە بۆ تۆڕو تەونی ئایدۆلۆژیاکان دەگونجێت، هێندەش دەکرێ وەک جوانی و ئەرێنی بۆ تەکنیکی چنینی رۆمانەکە بەکاری بهێنین، چ لە رووی کارەکتەرو گرێچن و چ وێنەسازی و رەوتی گێرانەوە هونەرمەندانە چنراوە، یەکێک لە جوانییەکانی رۆمانەکە «هێزی قەناعەتپێکردن»ە بە خوێنەر، چونکە هیچ زۆری لەخۆکردنێک نابینرێت لە خولقاندنی کارەکتەر، رووداو، زمان، وێنە؛ ئەم رۆمانە خۆی لە واقیعی دەرەکی رزگاردەکات، واقیعی خۆی دەژییت، خوێنەر دەچێتە ناو واقیعی رۆمانەکە، تا ئەو رادە تێکەڵی دەبێت کاتێ لە «کۆتایی رۆمانەکە» خوێنەر چیرۆکەکانی کەمالی جیهادی دەخوێنێتەوە لەبیری دەچێتەوە رۆژگارێک «سەرەتاکانی رۆمانەکە» کەمال عاشقێکی دوورەدین و هەڵوەدای سێکس بووە.

ماریۆ بارگاس یۆسا سەبارەت بە گرنگیی هێزی قەناعەتپێکردن دەنووسێت: « کاتێ هەست دەکەین ئەوەی لەناو رۆمانێک روودەدات بەپێی میکانیزمێکی ناوەکی ئەو خەیاڵکراوەی ناو رۆمانەکە چنراوە نەک بەزۆر سەپاندنێک کە ئیرادەیەکی دەرەکی بییسەپێنێت، کاتێ رۆمانێک ئەو هەستەمان دەداتێ کە خۆی خۆی بژیێنێ، ئەوا رۆمانێکە لە واقیعی راستەقینە رزگاری بووە، لەناو خودی خۆی دا هەموو شتێکی هەیە پێی بژیت، بەمە ئەم رۆمانە گەیشتۆتە ئەوپەڕی توانای قەناعەتپێکردن، ئەمە شتێکە رۆمانە باشەکان، مەزنەکان نەک هەر بۆمان دەگێڕنەوە، بەڵکو وامان لێ دەکەن تیا بژین و ببینە هاوبەشیان» ( یۆسا:39-40).

ئەم رۆمانە شیاوی خوێندنەوەیە، رۆماننووس وەک ئەدیبێکی بە ئەزموون تیایدا دەردەکەوێت، هیچ زۆر لەخۆکردنێک بەدی ناکرێت، زمانێکی شیرین و خۆش، پڕ چێژ، لە پشت رستەکانەوە سەبارەت بە ژیان، عەشق، مرۆڤ و سەفەر هەست بە ئەزمووندیدەیی دەکرێت، خوێنەر بە تامەزرۆییەوە دوای چیرۆکەکانی کەمال و زنار دەکەوێت، بێزارنابێت، ئاشنای زۆر شت دەبێت، فێردەبێت، دەهەژێت، زیاتر رۆدەچێتە مێژوو( مێژوو مەبەستم زیاتر بەمانای واقیعێکی دیار) واقیعی تاک/ گروپ.
-تەونی بریا، فەرهاد چۆمانی، چاپی یەکەم، دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، 2021 .

-هونەری رۆمان، میلان کۆندێرا، وەرگێرانی: کەریم پەڕەنگ، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، 2008.

-دوازدە نامە بۆ ڕۆماننوسێکی لاو، ماریۆ ڤارگاس یۆسا، وەرگێڕانی: شیرین. ک، چاپی یەکەم، لە بڵاوکراوەکانی پاشکۆی رەخنەی چاودێر، 2008.

تێبینی: بەگشتی هەوڵم داوە خۆم لە گێڕانەوە«کورتکردنەوە»ی رۆمانەکە بپارێزم لەوەی باسی چی دەکات، چونکە بە ڕای من کورتکردنەوە نەک خزمەت بە دەق ناکات، بەڵکو غەدرێکە و هەندێ کەس بەمەوە دەگیرسێنەوە و دەقەکە ناخوێننەوە. دواجار دەقەکە خۆی دواوە، بۆچی دەبێ بیگێڕینەوە.

 

فەرهاد چۆمانی

 110 جار بینراوە