سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » گەڕانەوە بۆ مەتەڵی مریشک و هێلکەکە

گەڕانەوە بۆ مەتەڵی مریشک و هێلکەکە

جەمال ئارێز 

بەدەر لەو گوڵبژێر و هەڵبژاردنە ئینتیقائیانەیەی میدیاکان لە سایت و پەیج و کەناڵەکان سەبارەت بە لێدوانی ئەم یان ئەو بەرپرسی حکومی لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە کاروباری رۆژانەی هاووڵاتیان و بژێوییانەوە بڵاوی دەکەنەوە، کە بێگومان هەر دامەزراوەیەکی میدیایی بە ویست و ئارەزووی خۆی و بەپێی مەیل و هێڵی سیاسی تایبەت بەخۆی قسە و لێدوانەکان گوڵبژێر دەکات، بەڵام هەندێک لێدوان دەهێنێت هەڵوێستەیان لەسەر بکرێت و لە هەردوو دیوەکەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت نەک تەنها دیوێکی بە مەبەست وەربگیرێت و دیوەکەی دیکەی فەرامۆش بکرێت.

لە دیدارێکی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستاندا و لە وەڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکەدا سەبارەت بە دۆخی کارەبا و ئاستی بەرهەمهێنان و تۆڕەکانی دابەشکردن و تێچووەکەی و قەرزی لای هاووڵاتیان بەگشتی و هاوبەشەکانی کارەبا لە رشتی ئاسایی و بازرگانی، ئەو وەزیرە بەڕێزە چەند وەڵامێکی داوەتەوە کە ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمەش لەو پێگەیەدا بین رەنگە هەمان وەڵاممان بۆ ئەو پرسیارانە هەبێت، بەڵام هەموو یەکێک لەو وەڵامانە پرسیاری تر لای هاووڵاتی و بەتایبەتی چینی مووچەخۆران بەشوێن خۆیدا دەهێنێت کە دەشێت هەندێک لەو پرسیار و کۆمێنتانە هەڵەت و پەڵەتی تێدا بێت، بەڵام بەشی زۆری مایەی لەسەر وەستان و وەڵامدانەوەی جدین.

لێرەدا نە وەک هەندێک کەسی بێ ئاگا لە داتا و زانیارییەکان و بە مەبەستی جیاجیا رەخنەی بێ سەروبەر لە سێکتەری کارەبا دەگرم و نە وەک هەندێکیش بەهار دەهێنمە سەر چۆکان، بۆیە وەک هەندێک ناڵێم 30 ساڵە هیچ پێشکەوتنێک لە سێکتەری کارەبادا نەهاتۆتەدی، چونکە من ئەو راستییە دەزانم لە ساڵی 1991 تا 1993 پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ وزەی کارەبا نزیکەی 210 مێگا بوو، ئەگەر 24 سەعات کارەبا بدرایە بە هاوبەشەکانی کارەبا، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی 70-75 مێگا بوو سەرچاوەکانی بەرهەم هێنانیش یان بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بوو لەگەڵ بڕێک کارەبا لە فائیدەوە بۆ زاخۆ و دهۆک. ئەوە لەکاتێکدا هێشتا زیاتر لە ٪40 ی شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان وێرانە بوون و ژیانیان تێدا نەبوو، بەڵام وەک داتاکان ئاماژەی پێ دەکەن پێویستی ئێستای هاووڵاتیان و هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمدا لە شەش هەزار و 500 مێگا زیاترە، بەڵام بڕی بەرهەمهێنان نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار مێگایە ئەوە ئەگەر هەموو سەرچاوە و وێستگەکانی بەرهەمهێنان بە تەواوەتی کاربکەن و بێ کێشە بن، هەروەها تۆڕی گواستنەوە و دابەشکردن بێ کێشە بێت کە بەگوێرەی قسە و لێدوانی زۆرێک لە بەرپرسانی کارەبا گرفتی زۆر لە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردندا هەیە.

گومانی تێدا نییە کە نەک بە وتەی ئێمە مانان، بەڵکو بە وتەی زۆرێک لە بەرپرسانی باڵاش یەکێک لە کێشە هەرە زەقەکانی کەموکووڕی لە هەرێمدا نەبوونی پلان بووە کە ئێستاش تارادەیەک وەک پێویست نییە، بۆیە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان لەگەڵ ئاستی خواست لەسەر ئەو پێداویستییانە هەرگیز تەریب نەڕۆیشتووە.

چونکە دەبینین لەو رێژەی وێرانکارییانەی رابردوو کە بە ٪40 ئاماژەمان پێکرد، ئێستا زیاتر لە ٪100 ی ئەو رێژەیە ئاوەدان بۆتەوە و سەرەڕای ئەوەش ئامێر و پێداویستیی کارەبایی زیاتریش لە گۆڕێیە، ئەوە جگە لە فراوانبوونی شارەکان و پارێزگاکان بەهەردوو ئاراستەی ئاسۆیی و ستوونی، بۆیە هەرگیز دەستەبەرکردنی کارەبا بەگوێرەی پلانی پێشوەختە تەریب لەگەڵ خواستی هاووڵاتی لەسەر کارەبا نەڕۆیشتووە.

یەکێک لەو لێدوانانەی جەنابی وەزیر کە زەقکراوەتەوە مەسەلەی کرێی کارەبایە کە تەواو دروستە، کە قەرزی لای هاووڵاتییان و هاوبەشان ئەگەر کۆبکرێتەوە بڕێکی زۆرە و سەدان ملیار دینارە کە دەتوانرێت وێستگەی بەرهەمهێنان و سیانەی زۆر بەشی لەکارکەوتووشی پێ بکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە من بۆخۆم باسی ئەوانە ناکەم و بەرگریی لەوانە ناکەم کە تا ساڵی 2014 کرێی کارەبایان نەداوە، بەڵام ئاخۆ جەنابی وەزیر و هەموو بەرپرسانی حکومەت باسیان لەوە کردووە کە لە 2014 بەدواوە دۆخی مووچە و بژێویی هاووڵاتیان و بەتایبەتی مووچەخۆران لە چ رەزالەتێکدا بووە؟ ئایا ئەو پرسیار و کۆمێنتانە راست نین کە داوا دەکەن لە پاشەکەوتی مووچەکانیان ببڕدرێت؟ چونکە ئەوە هەمان ئەو پرسیارە و ئەو مەتەڵە دەهێنێتەوە بەری مەیدان کە مریشک لە هێلکەیە یان هێلکە لە مریشک؟ بەڵێ حکومەت مافی خۆیەتی داوای کرێی ئەو خزمەتگوزارییانە لە هاووڵاتیان بکات کە پێشکەشیان دەکات لانیکەم هێندەی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکە، بەڵام هاووڵاتیش مافی خۆیەتی لەو پارەیە بپێچێتەوە کە لێی بڕراوە و لە شەش حەوت ساڵی رابردوودا هەموو بەرنامەی ژیانی لێ تێکداوە، بۆیە هەردوولایان لەسەر هەقن، بەڵام تایبەت بە مووچەخۆران دەیان هێندەی قەرزی کارەبا و ئاو و باج و رسوماتەکەیان بەناوی پاشەکەوتەوە لێ بڕراوە، کەوابێ ئەو داوایە رەوایە بەتایبەتی بۆ مووچەخۆران کە با ئەو قەرزانە لەو قەرزانە پاکتاو بکرێت و مەتەڵەکە کۆتایی پێ بێت.

 173 جار بینراوە