سەرەکی » کەلتوور » چیرۆکە کێوییەکان و تووڕەیی

چیرۆکە کێوییەکان و تووڕەیی

فەرهاد چۆمانی 

لە دیمەنی سەرەتادا دەرهێنەر بینەرەکانی لەخشتە دەبات، کاتێک دوو سەرنشینی نێو گەشتێکی فڕۆکە لە کەشێکی تاڕاددەیەک سەرسامانە پرسیار لەبارەی ژیان و کار و گوزەرانی تایبەتی یەکتری دەکەن بە رێکەوت بۆیان دەردەکەوێت هەردووکیان کەسێک دەناسن بە ناوی گابریێل پاستێرناک. پیاوەکە رەخنەگری میوزیک بووە و جارێکیان پاستێرناک پارچەیەک لە کارە میوزیکییەکەی خۆی بۆ بردووە و ئەویش رەتی کردۆتەوە و گاڵتەی پێ دەکات، دەڵێ چەندین مانگ بەم کارەی ئەو پێکەنیوین، دەڵێ مرۆڤ مەگەر شێت بێت ئەگەرنا کارێکی هێندە خراپ نانێرێتە پێشبڕکێ، خۆشەویستی پێشووی دەڵێ: دوای رەتکردنەوەی هەفتەیەک لەسەر جێ کەوت، لەگەڵ ئەوەشدا پاستێرناک مرۆڤێکی خراپ نییە. ژنە خۆشەویستەکەی پێشووی پاستێرناک بووە و ناپاکی لەگەڵدا کردووە. لە درێژەی قسەکانیان یەک یەک و دوو دوو سەرنشینانی نێو فڕۆکەکە دێنە نێو باسەکەیان و هەر یەکەیان بە جۆرێک پەیوەست دەبنەوە بە پاستێرناک و لە رێکەوت و هەڵکەوتێکدا ناسیوویانە. پەیوەندی هەمووشیان لەگەڵ پاستێرناک بە نەرێنی کۆتایی هاتووە. مامۆستایەک دێت و دەڵێ ئەرکی ئەوە بە من سپێردرا بە پاستێرناک رابگەیەنم کەوتووە و لە پۆل دەمێنێتەوە. لەنێو ئەو کەشە شانۆئامێزەدا کەسێک هەڵدەستێتەوە و دەڵێ لای من کاریکردووە و لەبەر مامەڵەی خراپی پاستێرناکم لەسەر کار دەکرد. تا پیاوی یەکەم لە سەرجەم سەرنشینان دەپرسێ، کەسی تر هەیە پاستێرناک بناسێت؟ هەموویان دەیناسن!

تۆڵەسەندەوە
پاستێرناکی نێو فیلمی «چیرۆکە کێوییەکان» یەک یەک بە دوای ئەوانەدا گەڕاوە کە لە ژیانی خۆیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئازاریان داوە و بلیتی گەشتێکی ئاسمانی بۆ ناردوون و لەنێو فڕۆکەیەکدا کۆی کردوونەتەوە و خۆی کاپتنی گەشتەکەیە. دەرگەی لەسەر خۆی داخستووە و دەیەوێت بە یەک جار تۆڵەی خۆی لە هەموویان بکاتەوە. فڕۆکەکە بەردەداتەوە و لە زەوییەوە بەر دایک و باوکی دەکەوێت کە لە حەوشەی ماڵەکەیان دانیشتوون.

دیمەنەکانی ئەم بەشەی فیلمەکە لەنێو فڕۆکەدا لە سەکۆی شانۆیەک دەچێت، هەموو شتێک خێرا روو دەدات، دیمەنەکان زوو تێپەڕن و بەسەر هیچ وردەکارییەکەوە ناگیرسێتەوە، وەک ئەوەی کات بەشی ئەوە نەکات و فرۆکەکە بکەوێتە خوارەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سیناریست ژیرانە و چەندین چیرۆکی لە پێنج دەقیقەدا کورت کردۆتەوە و بینەر بەتەواوی لەوە تێدەگات چی گوزەراوە و هۆکاری تووڕەبوونی پاستێرناک چییە.

توڕەیی و ناکۆکی
تووڕەیی، ناوکۆ و کڕۆکی ئەم فیلمەیە کە لە ساڵی 2014 بەرهەمهێنراوە و دامیان زیفرۆن دەرهێنەریەتی و هەر ئەویش سیناریۆکەی نووسیوە. بەرهەمی هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئەرجەنتینە. زمانی ئۆرژیناڵی فیلمەکە ئیسپانییە و یەکێکە لەو فیلمانەی زیاتر لە34 خەڵاتی بردووەتەوە.

ئەم فیلمە لە شەش بەشی سینەماتیک پێکهاتووە. هەر بەشەی وێڕای سیناریۆی تایبەت، تایبەتمەندی دیمەن، لۆکەیشن و زۆر تایبەتمەندی تری سینەمایی وەردەگرێت و جیای دەکاتەوە لە بەشەکانی تر، بەشی دووهەمی فیلمەکە دیمەنێکی تەواو جیاوازترە لە بەشی یەکەم. لە پشت رووداوەکانی ئەم بەشەدا تۆڵە خەوتووە. کچە خزمەتکارەکەی رێستۆرانتێکی سەر شەقامی دەرەکی شەوێک میوانێکی دێت، دەیناسێتەوە، هەمان پیاوە کە خێزانەکەی ئەوانی پەرتەوازە کردووە و باوکیشی لە داخی ئەو مردووە. پێدانی ژەهری مشک بیرۆکەی ژنە چێشتلێنەرەکەی رێستۆرانتەکە، کچەکە قەبوڵی ناکات، دواتر ئەمە روودەدات، بەڵام بە ئاراستەیەکی هێندە شۆکهێنەر و ترسناک کە بینەر ویستی ئەوەی تێدا دەجوڵێت خۆی بتوانێت بەشداری بکات و رێگە بەو رووداوە تراژیدییە نەدات.

دەرهێنەر و سیناریستی فیلمی «چیرۆکە کێوییەکان» دەستی بۆ سەرەگرێکانی تووڕەیی بردوە لەنێو کۆمەڵگەدا، لەو ژیانەی دەژین چۆن مرۆڤەکان دەبنە دۆزەخی ئەویتر بە مانا سارتەرییەکەی و دەبنە پاڵنەری بوونە بکوژ. ئەوەی لە بەشی سێهەمدا دەبینین بە رەمزکردنی ئامرازە، کاتێک ئۆتۆمبێل دەبێتە جیاوازی چینایەتی، دوو چینی کۆمەڵگە کە لە یەک حاڵی نین و دوو دنیای جیاوازیان هەیە و رێبواری هەمان رێگەن، بەریەککەوتنیان تراژیدیای لەنێوچوونی هەردووکیانە. لەنێو چوونێک کە وێنەیەکی راستەقینەش لە هۆکارەکە دەرناخات. لە کۆتایی ئەم بەشەی فیلمەکەدا کاتێک هەردوو شۆفێرەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا دوای شەڕێکی دەستەویەخە و بە نیازی کوشتن سووتاون و ئێسکەپەیکەریان بەتەنیشت یەکەوە وا دەنوێنێت لە باوەشی یەکتریدا بن، یەکێک لە پۆلیسەکان لە ئەفسەری پۆلیس دەپرسێت: «تۆ بڵێی هۆکارەکەی چی بێت، عەشقە؟»

رووتاندنەوەی هاووڵاتیان
لە بەشی چوارەمیدا رۆتینی ئیداری، کۆمپانیا و رووتاندنەوەی خەڵک بە ناوی جێبەجێکردنی یاسا. کە بەلای سیمۆن فیشەری ئەکتەری سەرەکی ئەم بەشە: «دزیکردنێکی رووتە، ئەوەی خزمەتی دزەکانیش دەکات هەبووێکی ریسوایە.» فیشەر کاری تەقاندنەوەی بینای کۆن دەکات و ئەندازیاری بۆمبڕێژییە. کاتێک کاری لەپێناو دانی باج و قەرزەکانی حکومەت دەبێت چۆن تووڕە نەبێت؟ ئەودەمەی رۆتینی ژیان و پێکهاتەی پڕ کێشمەکێشمی شار و ئاستەنگ و بەربەستە دەرخواستەکان وادەکەن خێزان لەبەر یەک هەڵبوەشێتەوە و ژنەکەیشی لە بینینی کچەکەی بێبەشی دەکات و پارێزەرەکەی هیچ رۆڵێک نانوێنێت و بەرگری ناکات، ئەودەمەی کۆمپانیا چاوچنۆکەکان تەڵەکانیان لەسەر هەموو سووچ و کۆڵانێکی شارن و بەمیشەوە نەبێت، بەو تەڵەوە دەبێت و دیسان ناچارە باجێکی بە ناهەق بدات، چۆن نابێتە «دینامیت».

«چیرۆکە کێوییەکان» هەڵگەڕانەوەی مرۆڤە لەو شارستانیەتەی دروستکردووە. شێتگیربوونە لە دەستی یاسا و نیاز و نیەتی چاوچنۆکانەی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەری ئەوی تردا. گوازرشتێکی راستەقینەیە لەو دنیایە کە مرۆڤ لە شێوەی زیندان دروستی کردووە و ناوی ناوەشوێنگەی نیشتەجێبوون و شار.

 95 جار بینراوە