سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » بایدن ‌و مێركل چەند پرسێکیان تاوتوێكرد

بایدن ‌و مێركل چەند پرسێکیان تاوتوێكرد

ئامادەكردنی: بورهان ئەمین

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەنگێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا، بە سەردانێك گەیشتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لە كۆشكی سپی، لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، جگە لە باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات، باسیان لە زۆربەی كێشە جیهانییەكانی وەك پەتای كۆرۆنا، گۆڕانی كەشوهەوا، هەڵوێست لە چین و پرسی ئاسایشی جیهانی كرد و لەسەریان هاوڕابوون.

روسیا و نۆرد ستریم
یەكێ لەو ئاڵنگارییانەی كە ماوەی رابردوو ببووە گرێكوێرەی پەیوەندییەكان، پڕۆژەی راكێشانی غازی سروشتی روسیایە بۆ ئەوروپا. ئەڵمانیا بە هەموو توانایەكییەوە داكۆكی لێ دەكات و قۆناغی یەكەمی تەواوبووە و كەوتۆتەكار، بەڵام ئەمریكا لێی نیگەرانە و نایەوێت سەربگرێت، چونكە پێیوایە كە لە رێی ئەم پڕۆژەیەوە، روسیا مەیلی كۆنترۆڵكردنی ناوچەكەی هەیە و دەیەوێت پێگە و هەژموونی خۆی قایم بكات. ئەم بابەتە لەم كۆبوونەیەدا باسیان لێكرد و بایدن جارێكی دیكە نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 دەربڕی، كە هێڵی گواستنەوەی غازی سروشتیی روسیایە بۆ هەموو ئەوروپا.

لە دوای كۆبوونەوەكە، بایدن ئاماژەی بەوە داوە كە لەسەر زۆر بابەت لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان تەبا و یەكهەڵوێستن، هەمان كات لە هەندێكیاندا كۆك و تەبا نین، یەكێك لەوانەش ئەو پڕۆژەیەیە كە مەترسی ئەوەی هەیە، روسیا لە دژی نەیارانی بەكاریبهێنێت. لەم بارەیەوە وتی: هەڵوێستەكانم وەك پێشتریش رامگەیاندبوو، روون و ئاشكران، بەڵام كاتێك بووم بە سەرۆك، پڕۆژەكە لەتەواوبووندابوو، باسی سزاكانیشمان كردبوو، بڕیاریش لەو بارەیەوە وەرگیرابوو، بۆیە وتوێژمان كرد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ بەرگرتن لە زیانگەیاندن بە ئۆكرانیا، ئێستاش لەم هەوڵانەمان بەردەوامین و خەریكی داڕشتنی پلانێكین. سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: نابێت وزە وەك چەكێكی سیاسی دژی وڵاتان بەكاربهێنرێت.

لە بەرامبەردا، مێركل سووربوو لەسەر ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لە ئەڵمانیا بڕیاری لەسەر دراوە و لە گەشەپێدانیدا بەردەوام دەبن، هەمان كات ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ دژایەتی هەر هەڵوێستێك كە لە دژی ئۆكرانیا بگیرێتەبەر، چونكە گومانی ئەوەی لێدەكرێت كە بەو پڕۆژەیە لە بایەخی غازی ئۆكرانیا كەم بكاتەوە و لەم بارەیەوە مێركل دڵنیایی بە سەرۆكی ئەمریكا دا.

چین
پەیوەندیی دۆستانەی چین لەلایەك و ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا هاوسەنگییەكەی لاوازكردووە و ئەم بابەتەش دۆسێی سەرەكی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوون، لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكە ‌و بۆ ئەو بابەتانەش باسیان لە گرنگیی هاوپەیمانێتیی ئەمریكا و ئەڵمانیا كرد.

پەیوەندییەكان
لە دوای هاتنی بایدن، ئەم سەردانەی مێركل یەكەمین سەردانی بەرپرسێكی باڵای ئەوروپایە بۆ ئەمریكا و گفتوگۆیە لەگەڵیان. ئەڵمانیا یەكێكە لە هاوپەیمانە هەرە نزیكەكانی ئەمریكا و مێركل ستایشی ئەو پەیوەندییانەی كردووە و وتی: ئێمە چاكەی دۆستەكانمان لە یاد ناكەین كە بۆ ئازادی و دیموكراسیی ئەڵمانیا هاوخەباتمان بوون و لە یەكگرتنەوەی هەردووبەری ئەڵمانیادا هاوكارمان بوون.

جێی باسە، لە ماوەی ئەو 16 ساڵەی حوكمیدا، مێركل چەند جارێك دیداری لەگەڵ سەرۆكەكانی رابردووی ئەمریكا كردووە ‌و تەنها لە سەردەمی خولەكەی دۆناڵد ترەمپ نەبێت، كە پەیوەندییەكانیان خراپترینی بەخۆوەبینی، ئێستاش سەرلەنوێ خەریكی داڕشتنەوە و راستكردنەوەی كەموكورتییەكانن. ئەو ژنە بەرلەوەی كە مانگی ئەیلولی داهاتوو خولی راوێژكارییەكەی تەواو دەبێت، ئەو سەردانەی كرد ‌و زۆرێك لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانیان تاوتێكرد و هەڵوێستی خۆیان لەبارەوە یەكخستووە. بۆ پتەوكردنی هاوپەیمانێتییەكەشیان بڕیاریاندا لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا كۆنگرەی ئاسۆی ئایندەی «ئەڵمانیا- ئەمریكا» ببەستن، لەسەر كەشوهەوا و وزە و ڤاكسینیش هەڵوێستیان یەكخست.

سەرچاوە: Zeit Online

 145 جار بینراوە