سەرەکی » راپۆرت » هەوڵێک بۆ تۆمارکردنیان لە ئارادایە

ناکرێت 20 هەزار ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا بگیرێت

هەوڵێک بۆ تۆمارکردنیان لە ئارادایە

راپۆڕت: رێزە حسێن

لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكومەتدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی دەركرد بۆ سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتا و جام رەش و بێ تابلۆن یان تابلۆی ساختەیان هەیە و بە نایاسایی لەسەر شەقامەكانی هەرێمی كوردستان دەسوڕێنەوە.

لەو بارەیەوە رۆژی 25 ی تەموز لە ناو شاری سلێمانی و دەڤەری گەرمیان و راپەڕین، هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، هاوكات بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانیش ئاماژە بەوە دەكات هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی بە تەواوەتی ئەو دیارەدەیە بنەبڕ دەبێت.

هەوڵێکی دڵخۆشکەر هەیە
عەمید ئەسعەد کەریم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە تایبەت بە كوردستانی نوێ زانیاری زیاتری خستەڕوو و ئاماژەی بەوەكرد كە لە ماوەی رابردوودا بە شێوەی رەسمی سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بێسەرەتان، كاروباری ئاماركردنیان بۆ كرا.

بە كۆی گشتی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان نزیکەی لە 20 هەزار ئۆتۆمبێلی نایاسایی هەیە و لای هاووڵاتیانە بەر لە هەڵمەتی دەستبەسەردا گرتنیان، لەسەر شەقامەكان بەكاردەهێنران كە ئەوەش بەپێی یاسا رێگەپێدراو نییە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: مامەڵە و ئاماركردنی ئەو ئۆتۆمبیلانە تا ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لە بارەیانەوە نەدراوە.
لە یاسای ژمارە 86 ی هەمواركراوی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان هاتووە، ناكرێت هیچ ئۆتۆمبێلێكی تۆمارنەكراو لەسەر شەقامەكان هاتوچۆ بكات، هەروەك لە یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2016 دا و هەمواری ژمارە 1ی ساڵی 2016 ی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە بەپێی یاسا ئۆتۆمبێلی جام رەشكراو بەبێ رەچاوكردنی یاسا و رێنماییەكان، تابلۆی ساختە دەستیان بەسەردا دەگیرێت سەرەڕای ئەو ماتۆڕسكیلانەی بێ تابلۆن.

عەقید سەعدوڵڵا عەزیز بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی تایبەت بە كوردستانی نوێی رایگەیاند: بە مەبەستی هاوكاریكردنی هاووڵاتیان و زیان نەگەیاندن بە گیرفانیان، رۆژی 25 ئەم مانگە بە نووسراوی رەسمی داوامان لە سەرو خۆمان كردووە كە ئەو ئۆتۆمبێلانە داوای رێكاری یاسایی، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ تۆمار بكرێن.

هەر بۆیە داوا لە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكەین كە لە ماوەی رابردوودا ئاماركراون كە نزیكی 20 هەزار ئۆتۆمبێلە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و لە ناو شاری سلێمانی زیاتر لە 3 هەزار ئۆتۆمبێلە، ئارام بگرن و ئۆتۆمبێلەكانیان هەرزانفرۆش نەكەن، لە شوێنێكی پارێزراودا رایبگرن و بەكارینەهێن لەسەر شەقامەكان، تا حكومەت بڕیارێكی تر دەدات لەوبارەیەوە كە بە سوودی ئەوان بێت.

ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەشكرد، راستە ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانە نایاسایین و نابێت لەسەر شەقام بەكاربهێنرین لە هەمان كاتدا ناكرێت نزیكی 20 هەزار ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا بگیرێت و زیان بە خاوەنەكانیان بگەیەنرێت، بۆیە لە هەوڵی ئەوەداین بڕیارێك بدرێت بۆ تۆماركردنیان.

قۆڵبڕین بۆ كڕینیان هاتووەتە ئاراوە
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، دوای بڕیاری دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و جام رەش و نایاسایی، خاوەنەكانیان كەوتنە دڵەڕاوكێ و ترسەوە، بەوەی رووبەڕووی زیانی ماڵی دەبنەوە، هەر بەو هۆكارەش بازاڕ گەرمی بۆ ژمارەیەك خەڵكی قۆڵبڕ هاتە پێشەوە كە بە نرخێكی هەرزان مامەڵەی كڕینیان لەگەڵ خاوەنەكانیان دەستپێكرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا هەندێك لە خاوەن ئۆتۆمبێلەكان بە هەرزان ئۆتۆمبێلەكانیان فرۆشت و هەندێكی تریش لە شوێنێكی پارێزراودا رایان گرتووە و لە چاوەڕوانی گۆڕانی دۆخەکە و بڕیارێكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانن.

خاوەنەكانیان دەستگیر دەكرێت
نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەو بارەیەوە تایبەت بە كوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەكرد، بڵاوكردنەوەی هێزەكانمان لەسەر راسپاردە و فەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەڵمەتەكە لە چوارچێوەی دەست بەسەراگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و جام رەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەیە كە تابلۆی ژمارەی سلێمانیان هەیە و هەستاون بە هەڵواسینی ژمارەی كاتی یان ژمارەی رەش تا لە كامێراكانی چاودێری قوتاربن، هاوكات هەڵگرتنی چەكی بێ موڵەتیش لایەنێكی تری چالاكییەكەیە.

نەقیب سەركەوت راشیگەیاند: جگە لەوەی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسیكڵی نایاسایی دەست بەسەر دەكەین هاوكات سەرپێچیكارانیش دەستگیر دەكرێن، هەروەك چالاكییەكانمان بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی ئەو دیاردەیە بنەبڕ دەبێت لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری.

بەپێی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، سزا بۆ سەرپێچیكردنی جام رەشكردنی ئۆتۆمبێل بڕی یەك ملیۆن دینارە، سزای تابلۆی ساختە یان دەستكاریكردن تابلۆ، بڕی یەك ملیۆن دینارە، سزای بێ تابلۆ یان بێ سەرەتا بۆ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل، بڕی یەك ملیۆن دینارە، هاوكات دوای جێبەجێكردنی سزاكەش، خاوەنەكەی بەڵێنامەی یاسایی پێ پڕ دەكرێتەوە تا لە ماوەی 24 سەعاتدا ئەو ئۆتۆمبێلە بەرێتە دەرەوەی عیراق.

 271 جار بینراوە