سەرەکی » وتار » گەندەڵیی یاسایی

گەندەڵیی یاسایی

لوقمان مستەفا

گەندەڵیی یاسایی جۆرێکی ترە لە گەندەڵی، زیاتر لەوەی بەکارهێنانی پێگە و دەسەڵاتی گشتی بێت بە پێچەوانەی یاسا، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی، دۆخێکە کە گەندەڵی بە یاسا رێکخراوە.

گەندەڵی یاسایی ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەك کە سەرتاپای گەندەڵە و ئیتر گەندەڵکاران بە گوێرەی یاسا، بێ سڵەمینەوە لە لێپێچینەوەی یاسایی، پێگە و دەسەڵات بەکاردێنن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کەسێتی.

نموونەی دەسەڵاتی رەهای، دەسەڵاتی وەزیرەکانی دەوڵەت، یاخود سەرۆکی رێکخراو و هەر دامودەزگایەک بێت، پاڵپشت بەو یاسایەی کە رێی پێداوە بە زیادەڕەویەوە هەڵسوکەوت دەکات، تەخشان و پەخشانی داهاتی وڵات دەکات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و کەسێتی، هەر خودی یاساکە وەک دەق بەکاردێنێت بۆ وەڵام دانەوە و دەم کوتکردنی سەرجەم نەیارەکانی، لێرەدا رۆڵی یاسا دەبێتە مەقاشێک کە دەست و پەنجەی گەندەڵەکان لەسووتان دەپارێزێت.

بۆیە ئەوە ئەرکی پەرلەمانتاری چالاکە، کە چاودێریی تەواوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات، زانیاری تەواو و دروست کۆبکاتەوە و پاشان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکات بۆ لێپێچینەوە.

لەلایەکی تریشەوە دەبێت داواکاری گشتی بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و سکاڵا تۆمار بکات لەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە لەژێر پەردەی یاسادا و لەکاتی دەوامی رەسمیدا مادە یاساییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردێنن، بەپێی یاسا حەسانەی یاسایی نابێتە رێگر لەبەردەم لێپێچینەوەی بەرپرسی گەندەڵکار.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەو مادە یاساییانە هەموار بکرێتەوە کە(مرن)ە و دەست وپەنجەی نەرم کردووە لەگەڵ خاوەن دەسەڵاتدا و بەرژەوەندی گشتی دەکات بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی.

هەرچەندە لە ئێستادا پێویست ناکات لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوون یان نەبوونی گەندەڵی بکرێ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە لێپرسراوان لە سەر ئاستی باڵای حزبی و حکومی دان بەوەدا دەنێن کە گەندەڵی هەیە و بۆتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ساڵانە عیراق لە لایەن رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتییەوە لە ریزی10 دەوڵەتە گەندەڵەکەی دونیا ریزبەند دەکرێ، بێگومان کوردستانیش تا هەنووکە بەشێکی دانەبڕاوە لە وڵاتی عێراق، هەر بۆیە گرنگە کە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەکی تۆکمە گەڵاڵە بکەن، بەمەبەستی بە گژداچوونەوەی گەندەڵی بەگشتی و گەندەڵی یاسایی بەتایبەتی، بۆ ئەوەی دادگاکان بتوانن بێ سڵەمینەوە و ترس و دوودڵی، پاڵپشت بە دەقە یاساییە کارپێکراوەکان بتوانن بەرپرسە باڵاکانی ئەم وڵاتە کە تێوەگلاون لەگەندەڵی راپێچی دادگا بکەن و رێکاری یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتە بەر.

*پارێزەر

 262 جار بینراوە