سەرەکی » ئاراستە » حەمامی ناودارستان

هونەری ژیانی ژاپۆنی: شینرین _ یوکوو

حەمامی ناودارستان

جو پەتەرس
لە فارسییەوە: مەحمود شێرزاد

 

شینرین _ یوکوو چیە؟
شینیرین _ یوکوو ( shinrin – yoku) سەیران دەرمانییە کە لە خۆرئاوا زیاتر بە خۆشۆردن و حەمامی ناو دارستان بە ناوبانگە. ئەم شێوازە دوای ئەوەی حکومەتی ژاپۆن لەساڵی ١٩٨٠دا لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی لەشساغی لەسەرتاسەری وڵاتدا دەستی بە سەرمایەگوزاری کرد، هاتە ئاراوە. لەو کاتە بە دواوە لەناو خەڵکدا زیاتر خۆشەویست بوو، بە جۆرێک کە دواتر بەهەموو دنیادا بڵاوبوویەوە. حەمامی ناو دارستان بە پێچەوانەی ناوەکەی بە مانای مەلەکردن لە ناو ئاوی دارستاندا نیە، بەڵکو بەمانای چوونە ناو دارستان و وەرگرتنی کەش و هەوای و هەست و هێزی ناو دارستانە.

شینرین – یوکوو: حەمامی ناو دارستان
ئەو جۆرە چارەسەرە، دەرمانی مێشک و جەستەیە. ژیانی نوێ وادەخوازێ کە ئێمە بەشی هەرە زۆری ژیانمان لەناو شارەکاندا بەسەر بەرین، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە بۆ ئەو جۆرە ژیانە دروست نەکراوین. ژینگەی شاریی بەهۆی ئەو هەمووە جم و جۆڵ و ئەو هەمووە هۆکاری وەجوڵەخستنەی کە تێیدایە تووشی قەلەقی و نەخۆشی و ناخۆشی زەینی و جەستەیی زۆرمان دەکا. ئەوەی کە بە بەردەوامی دەبێ لەناو شار و لەگەڵ ئەوە هەموو تەکنەلۆژیادا بژین، تینمان زۆر بۆ دێ. دانانی کات بۆ چوونە ناو دارستان و بەسەربردنی کات لە ناو سروشتدا ئێمە بە سروشت وەسڵ دەکاتەوە، ئەوەش ئەو شتەیە کە بەراستی پێویستمان پێیەتی. چوونە ناو دارستان و لێڕەوارەکان ریگەچارەیەکی سروشتیی نەخۆشی و ناخۆشییەکانمانە و یارمەتی مێشک و جەستەمان دەدا پشوو بدەن و بەهێز ببنەوە.

هێزی سەرسوڕهێنەری شینرین – یوکوو
لە روانگەی زانستییەوە، حەمامی ناو دارستان کاریگەری لەسەر لەشساغی گشتی مرۆڤ هەیە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە دوای بەسەربردنی کاتێکی کەم لەناو دارستاندا ئاستی قەلەقی دادەبەزێ. پیاسەکردن بە ناو دارستاندا قەلەقی جەستە کەم دەکاتەوە، چونکە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی رێژەی رژێنەی کورتیزۆڵ لە جەستەدا. ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی زەختی خوێن و ترپەی دڵیش کەم دەکاتەوە. لە بەرەنجامدا، ئێوە هەست بە ئارامبوونەوە و لەشساغی زیاتر دەکەن. هەروەها دەرکەوتووە بینی دیمەنی جوان و کەش و هەوای خۆش کە لەناو دارستانەکاندا بە زۆری دەبیندرێن و هەست پێدەکرێن، کاریگەری زۆریان لەسەر لەشساغی هەیە.

حەمامی ناودارستان رێک وەک وەرگرتنی نۆرینگەیەکی بێ بەرامبەری بۆن دەرمانییە. چونکە لە رێگەی زەیتە سروشتییەکانەوە کە بە «فیتونسید»ەکان بەناوبانگن و لە دارەکانەوە بڵاو دەبنەوە خۆتان لە میکرۆب و ڤایرۆسەکان دەپارێزن، ئەوەش جگە لەوەی هێزی بەرگری جەستە بەرز دەکاتەوە، کاریگەری ئەرێنی زۆر لەسەر مرۆڤ دادەنێ.

شێوازی خۆشۆردنی ناودارستان
ناو دارستان شۆێنێکە بۆ ئارامی و ئۆقرەگرتن، شوێنێکە کە بەتەواوی لە فەوزای ناو شارەکانەوە دوورە. کەش و هەوایەکی ئارام و سروشتی کە دەتوانن بە تەواوی تێیدا خۆتان ئارام بکەنەوە و بەهێز ببنەوە و حاڵ و هەوای خۆتانی تێدا بگۆڕن. لە دنیایەکدا کە بەردەوام دەبێ کار بکەین، حەمامی ناو دارستان هونەری «هیچ نەکردن»ە.

بە پیاسەکردن بەناو دارستاندا دەست پێبکەن. کاتێک بۆ خۆتان دابنێن و بە ئارامی بە رێگەدا بڕۆن. ئاگاتان لە هەنگاوەکانتان بێ و بزانن پێتان لە کوی دادەنێن. لە ژێر پێتاندا هەست بە زەوی بکەن و دارەکان و دەشتی چوار دەورتان ببینن و سەیری بکەن.

بە هەموو هەستەکانتانەوە کەش و هەوای دەرورووبەرتان بەرەو قووڵای خۆتان راکێشن. تێشکی هەتاو و گەڵا سەوز و پرتەقاڵی و قاوەییەکان بە وردی سەیر بکەن. وەردەکارییەکانی دەورووبەرتان ببینن و هەستیان پێبکەن. سەرجەمی گیاوگوڵەکان، دەماری ئەو دارانەی لە بەردەکانەوە گەشەیان کردووە و لەبەردەکان ئاڵاون ببینن و تێیانڕابمێنن. هەروەها ئەو هەستەش کە کەش و هەوای ناودارستان لە ئێوەدا دروستی کردووە هەست پێبکەن، بزانن چ هەستێکی تێدا دروست کردوون و چی بەسەر بیرکردنەوەکاندا هێناوە.

پێستی دار و دەماری گەڵاکان هەست پێبکەن. گوێ لە ئاوازی چۆلەکەکان و ئاوازی شنەی ناودارستان و خشپەی گەڵاکان و ئەگەر باران دەبارێ، گوێ لە دەنگی کەوتنی دڵۆپەکانی باران بگرن و بۆنی خاك و خۆڵی کاتی باران و پاش باران هەڵمژن.

هەوای خاوێن هەڵمژن. لە کاتی پیاسەکردندا بە ئارامی هەناسە هەڵمژن. هەوڵبدەن بە ئارامی بە رێگەدا بڕۆن و ئەگەر حەزتان کرد لە ژێر دارێکدا دابنیشن. هەناسەتان قووڵ بکەنەوە، تا چوار بژمێرن و لە رێگەی لووتەوە هەناسە هەڵبمژن و چەند چرکەیەک هەناسەتان رابگرن و تا حەوت بژمێرن و دواتر بە ئارامی هەناسەتان بدەنە دەرەوە و ئەو راهێنانە دووبارە بکەنەوە.

لە کاتی حەمامی ناودارستاندا بێدەنگ بن. پێویست ناکا پێکەوە یان لەگەڵ خۆتان گەنگەشە بکەن یان خۆتان بخەنە دۆخێکی قورسەوە. ئەو کاتە هی ئەوەیە کە بەتەواوی لە ئێستادا بن.

یوگن
لەو کاتەدا کە سەیری گەڵای دارەکان دەکەن و لە کەش و هەوای ناودارستاندا نغرۆ بوون، واتە لەوکاتەدا کە خەریکی حەمامی ناودارستانن، لەوانەیە لە ئێوەدا «یوگن» روو بدا، ئەو وشەیە ئاماژە بە هەستێک دەکا کە باسکردن و شرۆڤەکردن و روونکردنەوەی زۆر قورسە.

هەروەک سوپاسگوزاری لە «وابی – سابی»دا «یوگن»یش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم ساتە و کەش و هەوای دەورووبەرتان بە تەواوی ئەزموون بکەن. لە ژێر کاریگەری «یوگن»دا هەستێکی سەرسوڕهێنەر ئەزموون دەکەن، هەستێک کە پەیوەندی بە قووڵایی شاراوەی بوونەوە هەیە و دەریدەخا کە ئێوە بەشێکن لە شتێکی زۆر گەورەتر لە خۆتان.

حەمامی ناودارستان لەناو شاردادا
تەنانەت ئەگەر لە نزیک ماڵەکەتانەوە هیچ دارستانێکی لێ نیە، دیسانیش هەندێ رێگە هەیە کە دەتوانن لەگەڵ سروشت پەیوەندی دروست بکەن و لەرێگەی حەمامی ناو سروشتەوە هەست بە خۆشی و ئارامی بکەن. ئێوە لە هەر کوێ بن دەتوانن کەش و هەوایەکی تارادەیەک سروشتی بۆ خۆتان دروست بکەن و ئاگاتان لە لەشساغی زەینی و جەستەیی خۆتان بێ.

بۆ نمونە لە ناوشاردا سەردانی پارک و باخچەکانی گەڕەک و دەوروبەری خۆتان بکەن. گرنگ نیە ئەو پارک و باخچانە چەند گەورەن یان چەند بچووکن، ئەوان کاریگەری خۆیان لەم بوارەدا هەیە. لە ژێر دارێکی ناو پارک و باخچەکە دابنیشن و لێگەڕێن نووکی چیمەنەکە ختووکەی ژێر پێ و لەپی دەستەکانتان بدا. وا هەست بکەن سییەکانتان پڕە لە هەوای تازە و پێستان تەژییە لە رووناکی سروشتی.

شێوازێکیتر بۆ بەرزکردنەوەی هەستی لەشساغی پیاسەکردنە. هەوڵبدەن رۆژانە یان بەیانیان یان ئێواران ٢٠ خولەک پێاسە بکەن. لە کاتی پیاسەکردندا ئاگاتان لە خەڵک و بیناو و سەیارە و هەموو جموجۆڵەکان بێ و گوێ لە دەنگەدەنگی دەورووبەرتان بگرن. خۆتان لەگەڵ هەستەکانی خۆتان هاوسەنگ بکەنەوە. بزانن ئەو شوێنەی تێیدان چ هەستێکتان تێدا دروست دەکا. لەبیرتان بێ ئاگاداری ژیانی کێوی جۆلەکەکان، سمۆرەکان و مێروەکانی ناوشار بێ و رۆژانە کاتێک بۆ سەیر کردنی ژیانی ئەوان تەرخان بکەن.

جان مویەر دەڵێ: رووناکترین رێگە بۆ چوونە ناو جیهانەوە بە دارستاندا تێدەپەڕێ.

سەرچاوە:
https://nebesht.com/the-art-of-japanese-living-shinrin-yoku/

 97 جار بینراوە