سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » هەڵبژاردن و سەدرییەكان و كازمی

هەڵبژاردن و سەدرییەكان و كازمی

10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، وەك وادەیەكی كۆنكریتی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریی كراوە، رەوتی سەدر وەك كاریگەرترین هێزی نێو پرۆسەی سیاسی پاشەكشەكردنی خۆی لە پرۆسەكە راگەیاند، هەڵسوكەوتی سیاسی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش، بەپێچەوانەی شێوازیی قسەكردن و لێدوانەكانی، روو لە مانەوە و دواخستنی هەڵبژاردنە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عیراق، لەگەڵ ئەوەی لە بایەخ و گرنگی پاشەكشەكردنی هێزە سیاسییەكان كەمدەكاتەوە، بەو هۆیەی «لەڕووی یاساییەوە، بواری پاشەكشەكردن لە پرۆسەكەدا نەماوە»، سەدرییەكان سورن لەسەر بەشداریی نەكردن، وێڕای دانوستانی هێز و لایەنەكان بۆ پاشگەزكردنەوەیان لە بڕیارەكە.

لەدوای بڕیارەكەی موقتەدا سەدر بۆ بەشداریی نەكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، حزبی شیوعی عیراق و ئەیاد عەللاوی و ساڵح موتڵەگ و چەند لایەن و كەسێتییەكی تر، هەمان هەڵوێستییان نواند.

بایكۆتكردنی هەڵبژاردن، هەر تەنیا لەبەر زامننەبوونی ئازادیی و پێخەوشی پرۆسەكە نییە، بە هەمان شێوە بۆ نەگونجانی رەوشی ئەمنی و لایەنە لۆجستییەكان و فەراهەم نەبوونی پێداویستییەكانی هەڵبژاردن ناگەڕێتەوە، هێندەی ئەوەی خۆی لە تەوانەبوونی ئامادەكارییەكاندا دەبینێتەوە.

بەدەر لە هەڵوێستی بایكۆتكردن و راگەیاندنی پاشەكشەكردن لە هەڵبژاردن، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بەپێچەوانەی قسە و لێدوانەكانی، چاوی لە مانەوەی زیاترە لە پۆستەكەیدا و پێناچێت ئەم ماوەیەش هەر تەنیا خۆی لە ماوەی راگوزەریی و حكومەتی كاربەڕێكەردا ببینێتەوە.

كازمی لە سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ واشنتۆن، بەڵێنی پاشەكشەكردنی هێزە شەڕكەرەكانی لە ئیدارەكەی جۆ بایدن وەرگرت، وێڕای چەند بەڵێنێكی تر كە پەیوەندییان بە لایەنی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمریكاییەوە هەبوو لە عیراق، ئیدارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەو پرسە گرنگانەدا لەگەڵ پیاوێكدا مامەڵە ناكەن كە تەنیا چەند مانگێكی مابێت لە پۆستەكەیدا، بۆیە زۆرێك لە دەستەواژەكان روو لە دواخستنی هەڵبژاردنن، گەر لە دواساتی گەمەكەشدا بێت.

كە باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەكەین، رووی دەممان لەوە نییە دواخستنەكە هەر دەبێت رووبدات و پێشبینییەكانمان رەهان و «واجب الوقوع»ن، چونكە لە سیاسەتی عیراقیدا هەموو ئەگەر و گریمانەكان رێیان تێدەچێت و هەموو پێشبینییەكان كراوەن، بەڵام ئەو ئەگەرەی زیاتر عەقل دەیگرێت لۆجیكییە، ئەوەیە كە پرۆسەی سیاسی لە عیراق بەبێ‌ سەدرییەكان نابێت و مستەفا كازمیش تەنیا پیاوی قۆناغی راگوزەر نییە.

 149 جار بینراوە